زوومی کلتووری
لە دوای مردنی پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان، ژمارەی بینەرانی فیلمی CONCLAVE واتە فیلمی ‘کۆبوونەوەی کاردیناڵەکان’ بەڕێژەی ٢٨٣ لە سەد زیادیکردووە، کە ئەمەش بەرامبەر بە حەوت ملیۆن خولەک بینینە.
فیلمەکە لەلایەن ‘ئێدوارد بێرگر’ـوە دەرهێنانی بۆ کراوە و بەرهەمی ٢٠٢٤ـە.
چیرۆکی فیلمەکە لەو شوێنەوە دەستپێدەکات، کە پاپا کۆچی دوایدەکات و کاردیناڵەکانی کڵێسای کاثۆلیک لە رۆم کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی پاپایەکی نوێ هەڵبژێرن، لەوێوە دەچێتە نیو قوڵایی ئەو کۆبوونەوە نهێنییەوە کە دوای مردنی هەر پاپایەک ئەنجامدەدرێت و بۆ هەمیشەش رووداوەکانی ئەو کۆبوونەوەیە بە نهێنی دەمێنێتەوە.
فیلمەکە لە ساتی بڵاو بوونەوەی هەرایەکی زۆری درووستکرد و سەرنجی زۆری هەموانی بۆ خۆی راکێشا.
هەر لەگەڵ راگەیاندنی مردنی پاپادا، بەشێوەیەکی بەرچاو بینەران روویان لە بینینی ئەم فیلمە کردوو لە هەمان رۆژدا بە تێکڕایی یەک ملیۆن و ٨٠٠ هەزار خولەک بینرا و تا دوو رۆژپێش ئێستا گەیشتە شەش ملیۆن و ٩٠٠ هەزار خولەک.
فیلمی CONCLAVE لە ئۆسکاری ئەمساڵدا کاندیدی هەشت خەڵات بوو، هاوکات چوار خەڵاتی بافتا و خەڵاتێکی گۆڵدن گڵۆپ و خەڵاتی ئەنجومەنی ئەکتەرانی ئەمریکای بردەوە.