زووم..
دوای ئەوەی تەندروستیی سلێمانی نەشتەرگەریی بڕینی گەدە و دەرهێنانی چەوری راگرت، د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی بە زوومی رایگەیاند، بەشێوەیەکی کاتی ئەنجامدانی ئەو دوو نەشتەرگەرییە راگیراوە، هەر پزیشکێک سەرپێچی بکات، رێکاری توندی بەرامبەر دەگیرێتە بەر.
د. سەباح هەورامی گوتیشی، لەبەرئەوەی نەشتەرگەرییەکە تازەیە، تێکەڵاوییەک لە پسپۆڕی هەیە، بەڵام ناکرێت هەموو پزیشکێک لە هەر شوێنێک بیەوێت نەشتەرگەری لابردنی چەوری و بڕینی گەدە بکات.
شەوی رابردوو تەندروستی سلێمانی نووسراوێکی بە واژۆی د. سەباح هەورامی بڵاوکردەوە و تێیدا قەدەغەکردنی نەشتەرگەریی بڕینی گەدە و لابردنی چەوری ورگی راگەیاند.
لە نووسراوەکەدا ئاگاداری هەموو نەخۆشخانەكانی كەرتی تایبەت كراوە، ئەو جۆرە نەشتەرگەرییانە بوەستێنن، لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی، بەپێچەوانەوە رێكاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیكار دەگیرێتەبەر.
نووسراوەکەی تەندروستیی سلێمانی دوای ئەوە دێت، شەوی سێشەممەی رابردوو ژنێک بەهۆى نەشتەرگەریى لابردنى چەوریى ورگ گیانى لەدەستدا، سەرەتاى ئەمساڵیش ژنێکی دیکە بە هەمان جۆری نەشتەرگەری گیانی لەدەستدا.