زووم:
شاری پزیشکیی فاروق هەوڵەکانی دەستپێکردووە بۆ بەدەستهێنانی دانپیانانی نێودەوڵەتی، لەو رووەوە گرێبەستێکی ئیمزاکردووە و لەمەودوا بۆ بەدەستهێنانی ئەو “دانپیانانە نێودەوڵەتییە” راوێژ بە گروپی ئەستەر دی ئێم دەکات، کە گروپێکی نێودەوڵەتییە بۆ چاودێریی تەندروستی.
پزیشكەكانی گروپی ئەستەر دی ئێم ئەو جۆرە نەشتەرگەرییانە ئەنجامدەدەن، کە تاوەکو ئێستا لە ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا ئەنجامنەدراوە
گرێبەستەکەی نێوان شاری پزیشکیی فاروق و گروپی ئەستەر دی ئێم، دوێنێ چوارشەممە 7ی کانونی یەکەمی 2022 لە دوبەی ئیمزاکرا.
گروپی ئەستەر دی ئێم بۆ چاودێریی تەندروستی، یەكێكە لە گەورەترین دابینكەرانی خزمەتگوزاری تەندروستی لە هیند و وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو (سعودیە، ئیمارات، قەتەر، عومان، بەحرەین و کوەیت). شاری پزیشكیی فاروقیش، کە بەشێكە له گروپی فاروق بۆ وەبەرهێنان، پێشەنگە لە دابینكردنی خزمەتگوزاری چاودێری تەندروستی لە كوردستان و عێراق.
بەگوێرەی گرێبەستەکەی نێوانیان، پزیشكەكانی گروپی ئەستەر دی ئێم سەردانی شاری پزیشكیی فاروق دەكەن، جگە لە بەکارهێنانی توانا پێشکەوتووەکانی خۆیان، راوێژی تەندروستییش پێشکەشدەکەن، هاوکات “لەناو شاری پزیشکیی فاروقدا ئەو جۆرە نەشتەرگەرییانە ئەنجامدەدەن، کە تاوەکو ئێستا لە ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا بوونیان نییە و پێشتر نەخۆشەکان ناچاربوون بچنە دەرەوەی وڵات”.
لەمەودوا، هەردوولا راهێنان و پاڵپشتی ئەكادیمی پێشکەشی كارمەندانی پزیشكی و فریاگوزارەكان دەکەن لە شاری پزیشكیی فاروق.
گروپی فاروق بۆ وەبەرهێنان و گروپی ئەستەر دی ئێم یاداشتێکی لێكتێگەیشتنیان ئیمزا كردووە
هەمان رۆژ، ، تاوەکو گروپی ئەستەر بازنەی خزمەتگوزارییەكانی لە بواری دەرمانخانەدا فراوانتربکات، بۆنمونە دابەشكردن و فرۆشتنی بەرهەمە دەرمانی و تەندروستییەكان بەشێوەی پارچە.
د. ئازاد موبین، دامەزرێنەر و سەرۆك و بەڕێوەبەری جێبەجێكاری گروپی ئەستەر، خۆشحاڵیی خۆی نیشاندا بە هاوبەشیکردنەکەیان لەگەڵ شاری پزیشكیی فاروق لە هەرێمی كوردستان “ئەم هەنگاوە، جەختکردنەوەیە لەسەر هاوکاریی زیاتر لەبواری چاودێریی تەندروستیدا”.
فاروق موستەفا رەسوڵ، دامەزرێنەر و سەرۆكی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی گروپی فاروق، پاش رێوڕەسمی ئیمزاکردنەکە روویکردە گروپی ئەستەر و گوتی “چاومان لەوەیە پێكەوەکاربکەین بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان لەسەرتاسەری كوردستان و عێراق”.
گروپی ئەستەر دی ئێم “Aster DM Healthcare Limited ” بۆ چاودێریی تەندروستی، یەكێكە لەو دامەزراوانەی لەسەر ئاستی جیهان ئامادەیی هەیە لە بوارەكانی چاودێریی تەندروستی لەرێگەی 30 نەخۆشخانە و 121 كلینیك و 459 دەرمانخانە و 19 تاقیگە و 140 سەنتەر لە حەوت وڵاتدا، لەوانە هیند کە زیاتر لە (2400) فەرمانبەری پسپۆڕی هەیە لەگەڵ (3622) پزیشك و (8095) پەرستار.
گروپی فاروق بۆ وەبەرهێنان، لەلایەن (فاروق مەلا موستەفاوە)ەوە دامەزرێندراوە، لە 10 کەرتی جیاوازدا کاردەکەن: پیشەسازیی چیمەنتۆ، پەیوەندییەكان و تەكنەلۆژیا، خزمەتگوزاری پزیشكیی، میوانداری، چارەسەری پاشماوە، بیناسازی و بەڵێندەرایەتی، خانوبەرە، خزمەتگوزاریی دارایی، بیمە و پیشەسازی.
گروپی كۆمپانیاكانی فاروق بۆ وەبەرهێنان، 20 گروپی كاركەر لە بوارە جیاوازەكان لەخۆدەگرێت و ئێستا زیاتر لە (7000) فەرمانبەری هەیە.
شاری پزیشكیی فاروق، دەكەوێتە شاری سلێمانییەوە، لەسەر رووبەری (70000) مەتر چوارگۆشە دروستكراوە.
نەخۆشخانەکە لە ( 210 قەرەوێڵە و زیاتر لە 190 پزیشك و خاوەن بڕوانامەی بەرز و 120 ژووری تاكەكەسی و 21 هۆڵ و 11 ژووری نەشتەرگەریی و 25 كلینیكی نەشتەرگەری) پێکهاتووە.