زووم..
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
تاران بۆ سەرکەوتنى لە دانوستانەکان لەگەڵ واشنتن پەنا بۆ پەکین دەبات
بڕیارە رۆژی شەممەى داهاتوو گەڕی سێیەمی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە عومان بەڕێوەبچێت، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەى ئێرانیش پەیامى تارانى گەیاندووەتە پەکین بەو هیواى پشتیوانیی جدیی ئەو وڵاتە بەدەستبهێنێت.
“وانگ یی” وەزیری دەرەوەى چینیش جەختىکردەوە، وڵاتەکەی لەگەڵ چارەسەری سیاسی و دبلۆماسى کێشەکاندایە و ئامادەى هەموو هەماهەنگییەکیشە لەنێوان ئێران و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتیدا و پێشوازیی لە بڕیاری ئێرانیش دەکات ئەگەر پەرە بە بەرنامەی ئەتۆمەکەى نەدات و بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە گفتوگۆ لەگەڵ هەموو لایەکدا بکەن بە ئەمریکاشەوە.
عێراقچى بە میدیاى فەرمى وڵاتەکەى راگەیاندووە، لە سەردانەکەیدا بۆ چین گەیاندنى وردەکاریی گفتوگۆکان بووە بە چینییەکان و وەرگرتنی بۆچوونى ئەوان لە نزیکەوە.
رۆژنامەى شەرقلئەوسەت ئاماژەى بەوەشکردووە، پەیوەندییەکانى ئێران و چین پەیوەندییەکى 25 ساڵەی گشتگیرە ولەبارەى بەرنامە ئەتۆمییەکەوە هاورکایی زۆری ئێرانیان کردووە.
سەباح
عێراق لەڕێى 20 کۆمپانیاوە ئاسایشى ئەلیکترۆنی خۆی دەپارێزێت
ئەندازیار عەلى موحسین بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاى پیشەسازیی سەربازیی عێراق رایگەیاند، لە مانگی ئایاری داهاتوودا دەستەکەیان چەند گرێبەستێکى گەورە بەمەبەستى پاراستنى عێراق لە هەر هێرشێک لە بوارى جەنگی و تەشویش و هێرشى ئەلیکترۆنی جۆراوجۆردا واژۆ دەکەن.
ئاماژەى بەوەشکرد، لەئێستادا 20 کۆمپانیا لە هەمان بواردا لە عێراقدا کاردەکەن و پشتگیریی پرۆژەکە دەکەن و دەیانەوێت ئاستى خۆپارێزیی عێراق زیاتر ببەنە پێشەوە.
راشیگەیاند، کۆمپانیاى پیشەسازیی سەربازیی توانیوویەتى پەرە بە دروستکردنى فیشەک و گولـلەتۆپ و هاوشێوەکانى بدات و لە ناوخۆدا ساڵانە 100 ملیۆن دانە دروستبکات و بیخاتە بەردەستى هێزە ئەمنییەکان و کارگەى بەرهەمێنانەکەیان لەسەر ئاستى جیهان لە ریزبەندى یازدەهەمیندایە و لەئێستادا کار لە سەر رادارێکى تایبەت دەکەن کە تواناى ئاشکراکردنى درۆن و فڕۆکەى بێفرۆکەوانى هەبێت.
بەگوێرەى گوتەکانى عەلى موحسین، گرێبەستەکانى مانگی داهاتوو بەبەهاى 650 ملیار دینارى عێراقى واژۆ دەکرێن، بەوەش عێراق پێدەنێتە نێو سیستمى خۆپارێزیی ئەلیکترۆنی.
عەرەب
ئیسرائیل داوا لە دانیشتووانى غەزە دەکات وڵاتى سێیەم هەڵبژێرن
ماوەى دوو رۆژە ژمارەیەک لە دانیشتووانى غەزە بەدەم ئەو بانگەوازەى ئیسرائیلەوە دەڕۆن کە دەڵێ لەڕێى ئیسرائیلەوە بچنە وڵاتى سێیەم و ئازادن لەوەى چ وڵاتێک هەڵدەبژێرن کە عەرەبی و ئیسلامی بێت یان ئەوروپی.
بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە، چەند رۆژێکە دەسەڵاتدارانى ئیسرائیل بانگەوازێکیان لەوبارەیەوە بڵاوکردووەتەوە و دەرگاى سنوورەکانیان بۆ ئەو مەبەستە کردووەتەوە، شرۆڤەکارانیش پێیانوایە ئەوە رێگەیەکى دیکەیە بۆ چۆڵکردنى غەزە بەشێوەیەکى نەرم و رەزامەندى دانیشتوانەکەى.
حەماسیش دوێنێ لە بەیاننامەیەکدا لەوبارەیەوە هۆشدارییدا کە ئەوە پلانە بۆ چۆڵکردنى شارەکە و رادەستکردنى بە ئیسرائیل و شێواندنى هەستى نەتەوەیی و نیشتمانى و ئاینییانە.
حەماس ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو زانیارییانەى کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەوبارەیەوە بڵاودەکرێنەوە بۆ شێواندنی دۆخی ناوخۆیی غەزەیە و هیچ بنەمایەکى راستییان تێدانییە و ئیسرائیل ئەوەى بەهێز نەیتوانى بیکات دەیەوێت بە نەرمی بیکات و دەستەکەیان کەشفە، هۆشداریشیداوە هەرکەس بچێتە ژێر باری وەها بڕیارێک خزمەت بە پرۆژەى دوورمەوداى ئیسرائیل دەکات کە دروستکردنى دەوڵەتەکەیانە و دەرکردنى هاووڵاتیانەکەیەتى بەشێوەیەکى نەرم و لەسەرخۆ.
دەستور
لە موسڵ گەورەترین نەخۆشخانەى چارەسەری شێرپەنجە دەکرێتەوە
عەبدولقادر دەخیل پارێزگاری نەینەوا رایگەیاند، دەستیانکردووە بە دروستکردنى گەورەترین نەخۆشخانەى شێرپەنجە و چارەسەرکردنى تیشکی و بڕیارە لە سەرەتاى ساڵی 2026ـدا تەواوبکرێت.
دەخیل راشیگەیاند، لە نەخۆشخانەکەدا جێگەى شەش هەزار نەخۆش دەبێتەوە جگە لە ستافى ئیداری و خزمەتگوزارییەکان، سێ ناوەندى چارەسەرى خێرا و 33 ژووری تایبەت و دابڕاوى تێدایە کە هەموو پێداویستییەکی سەردەمیانە لەخۆدەگرێت.
هەروەها پارێزگاری نەینەوا ئاماژەی بەوەشکردووە، نەخۆشخانەکە لەسەر ئاستى عێراق بێوێنەیە و توانایەکى گەورەى هەیە لە چارەسەرکردنى نەخۆشییەکانى شێرپەنجە و چارەسەرە تیشکییەکان.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی مەیل
ترەمپ لەبارەی پڕۆژەکەی بۆ ئاشتی لە ئۆکراین هۆشداری دەداتە زێلینسکی
ترەمپ هۆشداری بە زێلینسکی دەدات و داوای لێدەکات، بەڵێ بۆ پرۆژەکەی ئەو بۆ ئاشتی بکات، ئەگەرنا تەواوی خاکی ئۆکراین لەدەستدەدات.
سەرۆکی ئەمریکا دوایین هۆشداریی بە ڤۆڵۆدیمێر زێلینسکی سەرۆکی ئۆکراین داوە، جەی دی ڤانس جێگری ترەمپیش داوا لە کیێڤ دەکات دەست لە خاکی خۆیان هەڵبگرن و بدرێت بە روسیا.
پاش ئەوەی کە زێلینسکی پرۆژەیەکی رێککەوتنی ئاشتیی رەتکردەوە، شەوی رابردوو دۆناڵد ترەمپ هۆشدارییەکی توندی دیکەی دایەوە بە زێلینسکی و گوتی، ئەو کەسە درێژە بە کوشتنی خەڵک دەدات و ئامادە نەبووە دەست لەچەند ناوچەیەکی خاکەکەی هەڵبگرێت.
تایمز
بەریتانیا پلان بۆ کەمکردنەوەی باجی سەر کاڵا هاوردەکراوەکانی ئەمریکا دادەنێت
وەزیرانی بەریتانیا بیر لەوەدەکەنەوە باجی سەر کاڵا هاوردەکراوەکانی ئەمریکا کەمبکەنەوە، بۆ ئەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوانیان درێژەی هەبێت.
بەریتانیا ئامادەیی خۆیی پیشانداوە باجە گومرگییەکانی سەر ئەمریکا کەمبکەنەوە، بە تایبەتییش لە بواری ئۆتۆمبێل و بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ئەمریکا.
مەبەستی بەریتانیا لەو هەنگاوە ئەوەیە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوانیان نەوەستێت و درێژەی هەبێت.
دوێنێ رەیچڵ ریڤز وەزیری دارایی بەریتانیا باسی لەم نیازەی وڵاتەکەی کرد و گوتی، وەک هەوڵێک بۆ بەردەوامیدان بە دانوستاندن لەگەڵ ترەمپدا دەیانەوێت هەندێک لە رێگرییەکانی سەر پرۆسەی بازرگانی نێوانی هەردوو وڵاتەکە لاببەن.
دەیلی تەلەگراف
بەریتانیا تاوتوێی پێشنیازێک دەکات بۆ ئەوەی دەروازەکانی هاتوچۆ بۆ گەنجانی ئەوروپا بکاتەوە
پرۆژەیەک بۆ رێگەدان بە هاتوچۆی گەنجانی ئەوروپا خراوەتە بەر باس و خواست، کە رێگەیان پێبدرێت بتوانن بچنە ناو بەریتانیاوە، لەوێ بژین و کاریش بکەن، ئەم پێشنیازە دراوە بە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپاش.
رەیچڵ ریڤز وەزیری دارایی بەریتانیا گوتی، مەبەستیان ئەوەنییە رێگای هاتوچۆی ئازاد بکەنەوە، بەڵکو پرۆژەکە کە باسکراوە، بەوشێوەیەیە کە ڤیزای کاتی بدرێت بە گەنجانی تازەپێگەشتووی ئەوروپا، تا بتوانن بچنە ناو بەریتانیاوە، لەوێ بمێننەوە و کاریش بکەن.
فاینەنشیەڵ تایمز
کشمیر خەمبارە و هیندستانیش هەڕەشەی وەڵامدانەوە دەکات
عادل حسێن شا یەکێکبوو لەو کەسانەی کە لەناو گرووپێکی گەشتیاریی هیندیدابووە، دوێنێ لەلایەن ژمارەیەک چەکداری نەناسراو تەقەیان لێکرا و بەهۆیەوە 26 کەسیان لێ کوژرا.
ئەم کەسانە پێکەوە چووبوون بۆ گەشتێکی بەکۆمەڵ لەناوچەی پاهڵگامی سەر بە کشمیری هیندستان، بەڵام کەوتنەبەر دەستڕێژی گولـلە.
لەپاش ئەو هێرشەوە هیندستانیش هەڕەشە دەکات، کە وەڵامێکی توندی بۆ ئەو هێرشە هەبێت، کە 17 کەسی دیکەشی تێدا بریندارکراوە.
ئەوکاتەی هێرشەکە روویداوە، نارێندرا مودیی سەرۆکوەزیرانی هیندستان لە سعودییە بوو، بەڵام گەشتەکەیی بە خێرایی کۆتایی پێهێنا و گەڕایەوە وڵاتەکەی بۆ ئەوەی بتوانێت لە نزیکەوە مامەڵە لەگەڵ رەوشەکەدا بکات.

جمهوریەت
ئیستەنبوڵ لە پارکەکاندا رۆژی کردەوە
هەرچەندە بەردەوام پسپۆران هۆشداریان دەدا لە دۆخی لەناکاو بەهۆی بومەلەرزەوە، دواجار، بە گوڕی 6.2 ئیستەنبوڵی هەژاندلانی کەم 151 هاووڵاتی بەهۆی ترس و دڵەراوکێوە برینداربوون. پرۆفیسۆر دکتۆر ناجی گۆرور دەڵێت لەدوای ئەمە بومەلەرزەیەک بە گوڕی 7 پلە چاوەڕوان کراوە، گوڕی بومەلەرزەکە بەهێندەی بۆمبی هێرۆشیما وزەی نائارامیەکانی زەوی دەرکردووە.
تورکیا: هاوین کۆچی سورییەکان بەرەو وڵاتەکەیان دەستپێدەکات
ژمارەی ئەو سورییانەی لە تورکیاوە گەڕاونەتەوە بۆ وڵآتەکەیان 180 هەزاری تێپەڕاندووە، لەکاتێکدا هەندێکیان چاوەڕێی تەواوبوونی خوێندنگاکان دەکەن، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت لە هاویندا ژمارەیەکی زۆری ئاوارەی سووری بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان.
قەرار
داودئۆغڵو پرسیار دەکات ئەم دۆخە بەرەو کوێمان دەبات
ئەحمەد داودئۆغڵوو سەرۆکی پارتی داهاتوو، لەبارەی بڵاوبوونەوەی ئەو کاسێتانەی کە بەرزترین ئاستی دەوڵەتی کردووەتە ئامانج قسەی کرد و کارەکەی بە قێزەون ناوبرد.
ئەو دەڵێت پەلاماردانی مەحرەم بۆ لێدان لە رکابەر و پیاوانی دەوڵەت، کارێکی قێزەونە.
هەروەها عەلی باباجان سەرۆکی پارتی دەڤا دەڵێت، دەوڵەت لەرێگەی قومارکردنەوە چەندین شوێنی تایبەتی کردووەتەوە، هانی قومار دەدات کە ئەمەش قەیرانی ئابووری و کۆمەڵایەتی لێ دەکەوێتەوە.