زووم…
رۆژنامە فارسییەکان

ئەسکەناس
کێشەی زبڵ و خاشاک هەڕەشەیە لەسەر ژینگە و پێویستی بە رێکاری نوێ هەیە
کەڵەکەبوونی پاشماوەکان وەک برینێکی کۆن بەردەوام هەڕەشە لە ژینگە دەکات، یەکێکە لە ئاڵنگارییە گەورەکانی سەردەم.
لەگەڵ بەرزبوونەوەی ژمارەی دانیشتووان و فراوانبوونی شارنشینی، بەرهەمهێنانی پاشماوەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
بەڕێوەبەری نووسینگەی بەڕێوەبردنی پاشماوە لە رێکخراوی پاراستنی ژینگە رایگەیاند، کە ساڵانە نزیکەی 21 ملیۆن تۆن پاشماوەی ئاسایی لە ئێراندا بەرهەم دێت کە دەکرێت هەڕەشەکە بکرێتە دەرفەت بۆ بەرهەمهێنانی وزە.
کلیل بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە جیاکردنەوەی پاشماوەکانە لە سەرچاوەوە، کە یارمەتی ریسایکلین و ئابووریی بازنەیی دەدات.
زیانی ساڵانەی پاشماوەکان بە ژینگەی ئێران بە زیاتر لە یەک ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت و یاسای ئێستا پێویستی بە رێکاری توندتر و سزای گونجاوتر هەیە بۆ کەمکردنەوەی ئەم زیانانە و گەیشتن بە ئامانجی پاشماوەی سفر.
باختەر
مامۆستایەک لە کرماشان بەهۆی لێدان لە خوێندکارانەوە رووبەڕووی لێپرسینەوە دەبێتەوە
دوای بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، تێیدا مامۆستایەکی یەکێک لە قوتابخانەکانی کرماشان بە شێوەیەکی نەشیاو رەفتار لەگەڵ منداڵێکی خوێندکار دەکات و لێی دەدات، بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی ناوچەکە رایگەیاند، کە مامۆستا سەرپێچیکارەکە رەوانەی لیژنەی سەرەتایی لێکۆڵینەوە لە سەرپێچییەکان کراوە.
پەیوەندییە گشتییەکانی پەروەردەی ناحیەی یەکی کرماشان، بە دەربڕینی نیگەرانی و داوای لێبوردن لە رووداوەکە، جەختی کردەوە کە بابەتەکە دەستبەجێ دوای ئاگاداربوونەوە خراوەتە بواری لێکۆڵینەوە و کەسی سەرپێچیکار ناسراوەتەوە.
دۆسیەکەی بۆ لێکۆڵینەوە و رێکاری یاسایی رەوانەی لیژنەی تایبەتمەند کراوە.
لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا دەردەکەوێت مامۆستاکە لە پۆلدا و لەبەرچاوی قوتابییەکانی تر، قوتابییەکە دەداتە بەر لێدان.
ئارمانی ئیمروز
نرخی کارەبا بەرزدەبێتەوە و کاریگەری لەسەر بژێوی خەڵک دادەنێت
بەگوێرەی رەشنووسی وەزارەتی وزەی ئێران، نرخی نوێی کارەبا لە ئەمڕۆوە جێبەجێ دەکرێت.
ئەم گۆڕانکاریانە بە ئامانجی بەڕێوەبردنی بەکارهێنانی وزە و کەمکردنەوەی یارمەتییەکانی حکومەتە.
نرخی کارەبای ماڵان لە مانگە گەرمەکاندا بە تێکڕا 38٪ بەرز بووەتەوە، بەڵام بۆ هەندێک گرووپی بەکاربەر، بەرزبوونەوەکە زیاتر بووە و گەیشتووەتە 83٪.
سیستەمی نوێی نرخاندن بە شێوەی پلەبەندییە و سزای بەکاربەرانی پڕخەرج زیاتر دەکات.
ئەم بەرزبوونەوەیە دەتوانێت فشارێکی زیاتر بخاتە سەر خێزانەکان، بەتایبەت ئەوانەی داهاتیان مامناوەند و کەمە.

ئەبرار
کانی زێڕی “زەرەشۆرانی تیکاب” ریکۆردی بەرهەمهێنانی لە ئێران شکاند
کانی زێڕی زەرەشۆرانی تیکاب لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، کە بە گەورەترین کانگای زێڕی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێران دادەنرێت، توانیویەتی بگاتە بەرزترین رێژەی بەرهەمهێنانی ساڵانەی زێڕ لە مێژووی ئێراندا.
بەڕێوەبەری پەرەپێدانی کانزاکان و پیشەسازییەکانی کانزای زێڕی زەرەشۆران رایگەیاند کە بەرهەمی ساڵانەیان گەیشتووەتە هەزار و چل و سێ کیلۆ و 751 گرام زێڕ.
ئەم دەستکەوتە بەرهەمی هەوڵ و ماندووبوونی شەو و رۆژی کرێکارانی کانگاکە بووە.
سەرەڕای کێشەکانی کەمیی کارەبا، گاز و گازوایل لە ساڵی رابردوودا، کانگاکە بەرزترین خاڵی زۆر باش ی لە رێکخراوی نیشتمانیی کارایی ئێران بەدەستهێناوە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
جۆرێک پشکنینی خوێن 12 جۆری شێرپەنجە دیاریدەکات
وەزارەتی تەندروستی دەڵێ، دەیەوێت جۆرێک لە پشکنینی خوێن تاقیبکاتەوە، کە لە توانایدا هەیە 12 جۆری جیاوازی نەخۆشیی شێرپەنجە دیاریبکات.
هەشت هەزار کەس سەرەیان گرتووە، کە پشکنینەکەیان بۆ ئەنجام بدرێت. بەیانیی ئەمڕۆ لە سەرەتای دەستپێکردنی دەوامی فەرمیی نەخۆشخانەکانی بەریتانیادا وەزیری تەندروستی خۆی دەچێتە یەکێک لە نەخۆشخانەکان و دەستکردن بە ئەنجامدانی پشکنینەکان رادەگەیەنێت. سەرەتا بۆ ئەو کەسانە ئەنجامدەدرێت، کە گومانی بوونی جۆرە قورسەکانی شێرپەنجەی وەک گەدە و پرۆستات و سنگ و سییەکان لە خۆیان دەکەن.
تایمز
باجەکانی ئەمریکا کاریگەری دەخەنە سەر بازاڕی کاری بەریتانیا
بە رەیچڵ ریڤزی وەزیری داراییی بەریتانیا گوتراوە، کە باجەکانی دۆناڵد ترەمپ مەترسییەکی روون و مسۆگەر دەخەنە سەر بازاڕی کاری بەریتانیا و لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا مەترسییەکەیان بەڕوونی دەردەکەوێت. سندوقی دراوی نێودەوڵەتی پێشبینیی ئەو رەوشەی کردووە سەرهەڵبدات.
بڕیارە وەزیری دارایی لە واشنتن بەشداریی کۆبونەوەیەکی ئەو سندوقە بکات و هەوڵدەدات لەوێوە دەرچەیەک بدۆزێتەوە، کە بتوانێت هەندێک لە ئاستی باجە سەپێندراوە نوێیەکانی پێ کەمبکاتەوە.
گاردیەن
دیدارێک لەبارەی نادڵنیایی روسیا لە ئاگربەستی ئۆکراین بەرێوەدەچێت
دەیڤد لامی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ئەمڕۆ لە وڵاتەکەی خۆی پێشوازی لە چەند شاندێکی گفتوگۆکارانی وڵاتانی ئەوروپا دەکات، دەیانەوێت لەبارەی ئۆکراینەوە قسەبکەن. ئەم دیدارە ئەنجامدەدرێت و قسەوباس لەبارەی ئەوەوە هەیە، کە روسیا ئامادەیی پیشانداوە واز لەو خواستەی بهێنێت کە داوای بەشێک لە خاکی ئۆکراینی دەکرد. بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە ئەو وڵاتانە دان بەوەدابنێن روسیا بە یەکجاری دەست بەسەر نیمچەدورگەی کریمیادا بگرێت، ئەگەرچی ڤلۆدیمێر زێلینسکی دەڵێت، ئەودەمەی کە سەردانی واشنتنی کردووە، بابەتی وەهای لەگەڵدا باس نەکراوە.
هائارێتز
کۆتایی شەڕی غەزە دیارنییە
ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ئیسرائیل گەشبین بوون بەوەی گەڕانەوەی ترەمپ بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەی لە بەرژەوەندیی ئیسرائیل دەبێت و بڕێکی بێسنوور چەک و پێداویستیی جەنگییان بۆ دەنێرێت، هێندە پاڵپشتییان لێدەکات کە سوپاکەیان بتوانێت ئاگری دۆزەخ بەڕووی غەزە و لێواری دەریاکە و کەناری رۆژئاواشدا بکاتەوە، دەیانگوت هەر ئەو ترەمپە بارمتەکانیان بۆ دەگەڕێنێتەوە و کۆتایی بە شەڕەکەش دەهێنێت. بەڵام وا سەد رۆژ بەسەر دەستەڵاتەکەیدا تێپەڕدەبێت و هیچی ئەوانەش روویان نەدا، کە لێی چاوەڕواندەکرا.
رۆژنامە تورکییەکان
حوڕییەت
باخچەلی دەڵێ هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجامنادرێت
دەولەت باخچەلی سەرۆکی گشتیی مەهەپە دەربارەى مشتومڕەکان لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە تورکیا رایگەیاند،هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجامنادرێت.
باخچەلی لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس وەڵامی ئەو رۆژنامەنوسەی داوەتەوە کە گوتبوی باخچەلی تورکیا بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختە دەبات و دەڵێ، هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا ئەنجامدەدرێت و هیچ نییەتێکی لەو جۆرەکان نییە وادەکەی پێشبخەین.
دەربارەی بانگەوازەى عەبدوڵا ئۆجالان بۆ پەکەکە رایگەیاندووە، دەبێت بەزووترنی کات پەکەکە چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دانان باشترین و ژیرانەترین بژاردەیە بۆ پەکەکە کە دەبێت بە زووترین کات هنگاوی بۆ بنێت.

قەرار
دەبەی ئاو لە چوار مانگدا سێ جار گران کراوە
لەماوەى رابردوودا نرخی دەبەی 20 لیتری ئاو لە تورکیا بەشێوەیەکی نائاسایی گران بووە و هاوڵاتیانی نیگەران کردووە. تەنها لەماوەى چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا سێجار نرخی ئاو گران کراوە. بە جۆرێک نرخی پەرداخێک ئاو گەیشتۆتە یەک لیرە و سی قوروش. نرخی دەبەیەک ئاوی 20 لیتری لەنێوان 150 بۆ 200 لیرە دەفرۆشرێت لەشارەکاندا کە دەکاتە چوار دۆلار بۆ پێنج دۆلاری ئەمریکی.

تورکیا
تورکیا بەندەر و رێگای بازرگانی لەگەڵ سوریا دروست دەکات
عەبدولقادر ئۆراڵئۆغڵو وەزیری ژێرخان و گواستنەوەى تورکیا رایگەیاند، وڵاتەکەی لە ئامادەکاریدایە بۆ کارکردن و هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتى نوێی سوریا بۆ بوژانەوەى ژێرخانی سوریا و گوتیشی هەنگاوی یەکەم تورکیا لەبواری گواستنەوە گشتیی و بازرگانییەکان وەک هێڵی ئاسمانیی، هێڵی وشکانی بەندەرەکان، هێڵی ئاسنین هاوکاری سوریا دەکات. گوتیشی، ماوەى دوو رۆژ کۆبونەوەیان لەگەل هاوتا سیاسییەکەى سوریا هەبووە بۆئەوەى پەیوەندیی هەردوو وڵات بەرەوپێشببەن.
گوتیشی ئەم پەیوەندییە کاریگەریی لەسەر ئاشتەوایی ناوچەکە دەبێت.
ئەکشام
گورگە بۆرەکان ویستیان خوێن بە سری سورەیا ئۆندەر ببەخشن
سەردانی چین و توێژە جیاوازەکان بۆ لای سری سورەیا ئۆندەر بەردەواممە و لە پێشهاتێکی نوێدا عەلی ئۆندەر برای سری سورەیا ئۆندەر رایگەیاند، گرووپێک لە گورگە بۆرەکان هاتوون بۆ نەخۆشخانە بۆ ەوەى خوێن بە سری سورەیا ئۆندەر ببەخشن و ئێمەش سوپاسمان کردن و پێمان گوتن کە پێویستمان بە خوێن نییە.
گورگە بۆرەکان بەو کەس و لایەن و گروپە سیاسییانە دەگوترێت کە لایەنگری مەهەپە و بەشێوەیەکی سەرسەخت نەتەوەپەرستی تورکن.
رۆژنامە عەرەبییەکان

سەباح
سودانى دەڵێ لەپێناو روانگەی پێشکەوتنخوازانەى بەرژەوەندییە باڵاکانی عێراق کاردەکەین
محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزەچەکدارەکانى عێراق، جەخت لەوە دەکاتەوە، لەپێناو روانگەیەکى پێشکەوتنخوازانە بۆ بەرژەوەندییە باڵاکانى عێراق کاردەکەن و دوور دەکەونەوە لە جوڵانى هەست و سۆز و پەرچەکردارەکان.
سودانى ئەم گوتانەى لەمیانەى تێپەڕبوونى 94 ساڵ بەسەر دامەزراندنى هێزی ئاسمانیی عێراق کرد.
گوتەکانى هاوکاتە لەگەڵ دابەشبوونى سیاسەتکاران و پەرلەمانتارانى عێراق بۆ دووبەرەی یار و نەیار، لە پەراوێزی بانگهێشتکردنى ئەحمەد شەرع، سەرۆکی راگوزەری سوریا، لە بەشداریکردنى لە لوتکەى کۆمکاری عەرەبی کە بڕیارە بەغداد 17ـی ئایاری داهاتوو ئەو میواندارییە ئەنجام بدات.

شەرقلئەوسەت
پیشنیازێکى نوێ بۆ ئاگربەستی جەنگی غەزە دەکرێ
سەرچاوەیەک لە بزووتنەوەى حەماسەوە بە رۆژنامەى شەرقلئەوسەتى گوتوە، پیشنیازێکی نوێ بۆ ئاگربەستى غەزە لە کۆبوونەوەى داهاتوودا لە قاهیرە دەخەنە بەردەست.
بەگوێرەى رۆژنامەکە، پێشنیازەکە پێنج خاڵی لەخۆگرتووە، لەوانەش، رێککەوتنى تەواوەتى بۆ ئاگربەست و ئاگربەستێکی درێژخایەن کە دەگاتە پێنج ساڵ.
یەکێکی دیکە لە خاڵەکان، دڵنیایی هەرێمی و نێودەوڵەتییە بۆ ئەو رێکەوتنە و پاشان کشانەوەى سوپا و ئاوەدانکردنەوەى غەزە.

قودسی عەرەبی
ئێران دەڵێ وەبەرهێنانى ترلیۆن دۆلاری چاوەڕوانى کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەکات
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەى ئێران رایگەیاند، هەلی وەبەرهێنانى گەورە لە بەردەم کۆمپانیا ئەمریکییەکاندایە کە بخوازن لە ئێران وەبەرهێنان بکەن.
بەگوێرەى گوتەکانى عێراقچی، هەلی ئەو وەبەرهێنانە بۆ ئەمریکا کەوتووەتە سەر دانوستان و رێککەوتنەکانى هەردوو ووڵات کە بەردەوامن لە سەر گفتوگۆ.
دەشڵێت، ئەو وەبەرهێنانە بۆ کۆمپانیاکانى ئەمریکا دەگاتە چەندین ترلیۆن دۆلار، لەوانەش دروستکردن و بونیادنانى 19 وێستگەى ئەتۆم بۆ وەبەرهینانى 20 هەزار مێگاوات کارەبا.
عێراقچی ئاماژە بە هەڵگرتن و لابردنى سزا ئابوورییەکانى سەرئێران دەکات و بەکلیلی چارەسەرکردنى کێشەکانی دادەنێت.
عەرەبی جەدید
پێش هاتنی ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەوڵێ کۆتایی پێهێنانی شەڕ دەدرێ
میسر و قەتەر وەک دوو ناوەندگیری نێوان حەماس و ئیسرائیل، هەوڵدەدەن بە پێشنیازی نوێ دەیانەوێت لایەنە ناکۆکەکان کۆبکاتەوە و دووبارە بیانخاتەوە سەر دانوستان.
هەردوو ووڵات دەخوازن بە ئاگربەستێکی درێژخایەن، لە یەرامبەر دانانى چەکەکانى حەماس و ئاڵوگۆڕی بارمەتەکان و زیندانەکانى نێوانیان بکەونە رێککەوتن.
هاوکات ئیسرائیل بە تەواوەتى لە کەرتەکە بکشێتەوە و ئیدارەى کەرتەکەش بدرێتە دەست ئیدارە و دەسەڵاتی فەلەستینی بە سەرۆکایەتى مەحمود عەباس.
هەموو ئەو هەوڵانە بەر لە سەردانە چاوەڕوانکراوەکەى دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا دەدرێت، کە بڕیارە 13ـی ئایاری داهاتوو سەردانى چەند ووڵاتێکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات.