زووم..
دوای رێککەوتنی پەیەدە و ئەنەکەسە، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هەسەدە، رۆژی 26ـی ئەم مانگەی بۆ بەستنی کۆنفرانسی کوردی-کوردی لە رۆژاڤا دیاریکرد.
مەزڵوم عەبدی لە تۆڕی ئێکس نووسیوویەتی، 26ـی ئەم مانگە کۆنفرانسی یەکڕیزیی هەڵوێستی کورد لە رۆژاڤا دەبەسترێت.
گوتیشی، یەکێتیی کورد پێویستییەکی نەتەوەییە بۆ پرسی کورد لە سوریا و هیوادارن هەموو لایەنەکان بەرپرسیارێتی نەتەوەیی لەئەستۆبگرن.
هاوکات سەرچاوەیەکی ئاگادار لە رۆژاڤا بە زوومی گوت، گفتوگۆکانی پەیەدە و ئەنەکەسە بۆ بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەکە تەواوبوون و ئێستا لەوبارەیەوە هیچ ناکۆکییەک لەنێوانیاندا نەماوە، لە کۆنفراسەکەشدا رێککەوتنی نێوانیان و رەشنووسی هاوبەشی کوردی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق رادەگەیەنن.
کۆنفرانسەکەش بە بەشداریی 300 کەس دەبێت، پەیەدە 130 ئەندام و ئەنەکەسەش 130 ئەندام، هەردوولاش بە رێککەوتن 40 میوان لە توێژە جیاوازەکانی رۆژاڤا دیاریدەکەن.
بەگوتەی سەرچاوەکە، هیچ بڕیارێک لە کۆنفرانسەکەدا نادرێت و کۆمیتەی تێدا پێکناهێنرێت، ئەوەی هەیە راگەیاندنی رێککەوتنی کوردی-کوردیی پەیەدە و ئەنەکەسە و رەشنووسی هاوبەشی کوردییە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ دەسەڵاتی دیمەشق لەبارەی ماف و داواکارییەکانی کورد.