زووم..
نێوەندگیرانی میسری و قەتەری پێشنیازێکی نوێیان بۆ ئاگربەست لە کەرتی غەزە پێشکەشکردووە، داوایانکردووە، ئاگربەستێکی پێنج بۆ حەوت ساڵی جەنگ لە غەزە رابگەیەنرێت.
کەناڵی بی بی سی بەریتانی لە زاری بەرپرسێکی باڵای فەڵەستینییەوە ئاماژەی بەوەکردووە، میسر و قەتەر پێشنیازیانکردووە، سەرجەم بارمتە ئیسرائیلییەکان و زیندانیە فەڵەستینییەکان ئازاد بکرێن، سوپای ئیسرائیلیش بەتەواوی لە کەرتی غەزە بکشێتەوە و جەنگ رابگرێت.
بەگوێرەی پێشنیازەکە، دەبێت حەماس ئامادەبێت بۆ رادەستکردنی ئیدارەی غەزە بە قەوارەیەکی فەڵەستینی کە لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا پەسەندکراو بێت.
بەرپرسە فەڵەستنییەکە بە بی بی سی گوتووە، رەنگە ئەو قەوارەیەی ئیدارەی غەزە وەردەگرێت، دەسەڵاتی فەڵەستینی بێت لە کەناری رۆژئاوا، یاخود هەر قەوارەیەکی نوێ کە لە داهاتوودا دروستبکرێت.
بەگوێرەی بی بی سی، تاوەکو ئێستا حەماس و ئیسرائیل هەڵوێستی خۆیان لەبارەی پێشنیازەکە رانەگەیاندووە.