زووم..
سەرچاوەیەک لە خانەنشینی هێزەکانی 70 بە زوومی گوت، دۆسیەی حەوت هەزار خانەنشینی یەکەی 70 و 80 تەواوکراون و خراونەتە سەر وەزارەتی دارایی.
سەرچاوەکە دەشڵێت، بەشێک لەو خانەنشینانەی بۆ مانگەکانی رابردوو خراوبوونە سەر وەزارەتی دارایی، مووچە و جیاوازی مووچەی مانگەکانی پێشتریان وەرگرتووە، ئەوانەی دیکەش دوای تەواوبوونی مامەڵەکانیان بۆ لیستی مووچەی مانگی چوار خراونەتە لیستی مووچەوە، ئەگەر کەسێکیش کێشەی هەبێت بەخێرایی بۆی چارەسەر دەکەن.
ئەو خانەنشینانەی یەکەی 70 و 80 کە خراونەتە سەر وەزارەتی دارایی، بۆ ئەوانەی لە ژیاندا ماون کەمترین مووچەیان بۆ کراوە بە 500 هەزار دینار و ئەوانەشی لە ژیاندا نەماون و کەسوکاریان مووچەکەیان وەردەگرن، کەمترین مووچە 400 هەزار دینار دەبێت، بەڵام بەگوێرەی پلەی سەربازی خانەنشینەکان مووچەکانیان جیاوازی دەبێت.
بەگوتەی سەرچاوەکە، ئەو خانەنشینانە لەگەڵ وەرگرتنی مووچەی مانگی چواردا تەواوی جیاوازی مووچەی مانگەکانی پێشتر بەسەریەکەوە وەردەگرن، چونکە خانەنشینی تێدایە لە مانگی 11ـی ساڵی رابردوو یان سەرەتایی ئەمساڵەوە خانەنشینبووە و هیچ مووچەیەکی وەرنەگرتووە.