زووم..
راکان جبوری، پارێزگاری پێشووی بە وەکالەتی کەرکوک، کە بە تۆمەتی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی لە شاری بەغداد دەستبەسەرکرا، ئەمڕۆ بە کەفالەت ئازاد کرا.
سەرچاوەیەک بە زوومی راگەیاند راکان جبوری دوای 24 کاتژمێر لە دەستگیرکردنی، ئەمڕۆ بە کەفالەت ئازادکراوە.
دوێنێ راکان جبوری بە بڕیاری دادگای رەسافە لە بەغداد دەستبەسەر کرا لەسەر ژمارەیەک دۆسیەی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتیی و خراپ بەکارهێنانی پۆستەکەی بۆ بەرژەوەندی کەسی، لەوکاتەی کە پارێزگار بووە بەوەکالەت.
بڕیاری دەستبەسەرکردنەکە بەگوێرەی مادەى 340ـى یاسای سزادانى عێراقییە کە تایبەتە بە گەندەڵی و زیانگەیاندن بە موڵک و سامانى گشتى.
ئیدارەی پارێزگای کەرکوک، لەبارەی دۆسیەکەی راکان جبوری، پارێزگاری پێشووی بەوەکالەتی کەرکوک لە راگەیەندراوێکیدا ئاماژەی بەوەدابوو، دۆسیەكە بابەتێكی یاسایی و کارگێڕییە، پەیوەستە بە تۆمەتی گەندەڵیی کارگێڕی و دارایی کە لە ماوەی ئەرکەکەیدا ئەنجامی داوە. دەشڵێت، دۆسیەکە پەیوەندی بە سكاڵا و دەستوەردانی کەسایەتیی سیاسی یان حزبی و ئەندامانی پەرلەمانەوە نییە.