زووم..
لە 127ـهەمین ساڵیادی رۆژنامەگەریی کوردیدا بەرپرسانی حکومەت جەخت لە ئازادی رادەربڕین و رەخساندنی “ژینگەیەکی گونجاو” بۆ رۆژنامەنووسان دەکەنەوە، بەڵام پێشێلکارییەکان دژی رۆژنامەنووسان لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە و تەنها لە ساڵی رابردوو 182 سەرپێچی دژیان تۆمارکراون.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بەبۆنەی ساڵیادی رۆژنامەگەریی کوردی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت: جەخت لەسەر پابەنديمان بە ئازاديی رۆژنامەگەری و رادەربڕین و گرنگى و پێویستيی پاراستنی وشەی ئازاد وەک یەکێک لە بنەما سهرهكييهکانی دیموکراسی و پێشکەوتن و کۆمهڵگهیهکی تهندروست و ئاسووده، دهكهينهوه.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان باس لەوەش دەکات، بەردەوام دەبن لە دابینکردنی “ژینگەیەکی گونجاو” بۆ کاری رۆژنامەنووسان کە بتوانن دەستیان بە زانیارییەکان بگات و لە هەموو “کۆت و بەند و بەرستێک” بەدووربن.
22ـی نیسانی هەموو ساڵێک وەک ساڵیادی رۆژنامەگەریی کوردت یاد دەکرێتەوە بەهۆی ئەوەی لەو رۆژەدا لە ساڵی 1898 یەکەم رۆژنامەی کوردی بەناوی رۆژنامەی کوردستان لە قاهیرە چاپکرا و بڵاوکرایەوە.
رۆژنامەکە لەلایەن میقداد میتحەت بەردخانەوە چاپکرا و لەماوەی چوار ساڵدا 31 ژمارەی لێدەرچوو. یەکەم ژمارەی بە کوردیی کورمانجی بڵاوکرایەوە و دواتر لە چوارەم ژمارەوە ھەندێک لە بابەتەکانی بە زمانی تورکی دەردەچوون. بەھۆی دژایەتیی دەوڵەتی عوسمانی، رۆژنامەکە ژمارەکانی لە چەند شارێکی جیاواز لە هەریەکە لە جنێف، لەندەن و فۆڵکستۆن چاپدەکران و لەناوخۆی دەوڵەتی عوسمانی قەدەغەکرابوو.
بەبۆنەی ساڵیادی رۆژنامەگەری کوردیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکیدا باسی لە پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد بە ئازادی بیروڕا و ئازادیی کاری راگەیاندن.
مەسرور بارزانی لە پەیامەکەیدا دەڵێت، “پابەندبوونمان بە ئازادی بیروڕا و ئازادی کاری راگەیاندن و کارئاسانیکردن بۆ راگەیاندنکاران دووپات دەکەینەوە، بۆ ئەوەی بتوانن بەشێوەیەکی پیشەییانە و بەرپرسیارانە و بە لەبەرچاوگرتنی یاسا و ئیتیک پەیام و کاری راگەیاندنی خۆیان ئەنجام بدەن.”
هاوکات قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: ئەرکی حکومەت و دامەزراوەکان، جێبەجێکردنی یاسا و دابینکردنی ژینگەیەکی لەبارە بۆ ئازادی کاری رۆژنامەنووسی.
بەگوێرەی ئاماری راپۆرتی ساڵانەی سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە رۆژنامەنووسان، لە ساڵی رابردوودا 182 پێشێلکاری بەرامبەر رۆژنامەنووسان تۆمارکراون و سەنتەرەکە ساڵی 2024ـی بە ساڵێکی “سەخت” بۆ رۆژنامەنووسان ناوزەند کردووە.
ئامارەکە دەریدەخات، لەو 182 پێشێلکارییە 176 رۆژنامەنووس و دەزگایی میدیایی زەرەرمەندبوون، سێ رۆژنامەنووس بە هێرشی درۆنی کوژراون، 24 رۆژنامەنووسی دیکە بەبێ ئاگاداری و فەرمانی دادوەر دەستگیرکراون، بەشێکی زۆریشیان سکاڵایی یاساییان لەسەر تۆمارکراوە بەهۆی دەربڕینی بیروڕای خۆیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.