زووم..
هەموو رۆژێک زێڕ نرخێکى نوێى پێوانەیى تۆماردەکات، ئەمڕۆ نرخى یەک ئۆنس، گەیشتە سێ هەزار و 494 دۆلار، بەراورد بە دوێنێ نزیکەى 2% بەرزبووەتەوە، واتە هەر ئۆنسێک 54 دۆلارى چووەتەسەر.
بەگوێرەى ماڵپەرى ئینڤێستینگ، تیمى دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا لە کۆشکى سپى، بە چڕى سەرقاڵى دۆزینەوەى رێگەیەکن بۆ دوورخستنەوەى جیرۆم پاوڵ سەرۆکى یەدەگى فیدراڵى ئەمریکا لە پۆستەکەى، لەبەرئەوەى پێشنیازەکانى ترەمپ بەهەندوەرناگرێت و ئامادەنییە رێژەى سوودى بانکى دابەزێنێت.
بەگوێرەى یاسا، لە دەسەڵاتى سەرۆکى وڵاتدا نییە سەرۆکى یەدەگى فیدراڵى ئەمریکا پێش تەواوکردنى وادەى دیاریکراوى لە پۆستەکەى دووربخاتەوە، هەروەها بۆى نییە دەست وەربداتە کاروبارەکانى.
ئەم هەوڵەى ترەمپ هەروەها توندبوونەوەى ئەو جەنگە ئابوورییەى لەگەڵ چین دەستیداوەتێ، کاریگەری لەسەر تێکڕاى جوڵەى بازاڕ دروستکردووە، بەتایبەتی لەسەر زێڕ.