زووم..
زانکۆی هارڤارد سکاڵای یاسایی لەدژی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا تۆماردەکات بەهۆی بڕیاری راگرتنی پاڵپشتییە داراییە فیدراڵییەکان کە ترەمپ واژۆی لەسەرکردووە.
زانکۆی هارڤارد لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، حکومەت دەیەوێت لەڕێی ئەم راگرتنە داراییەوە فشار دروستبکات بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی بڕیارە ئەکادیمییەکانیان، ئەوەش نەک تەنها پێشێلکارییە دژی هەمواری یەکەمی دەستوور، بەڵکو پێشێلکارییە دژی یاسا و پەیڕەوە فیدراڵییەکانیش. هارڤارد، سکاڵاکەی لەدژی ترەمپ لە دادگای فیدراڵی لە ویلایەتی ماسەچوستس تۆمارکردووە.
ئەوەش لەدوای ئەوەدێت، هەفتەی رابردوو ترەمپ هەڕەشەی راگرتنی پاڵپشتییە داراییە فیدراڵییەکانی هارڤاردی کرد و گوتی، گونجاو نییە بۆ فێربوون و نابێت لە ریزی باشترین زانکۆکان بێت.
لە رابردوودا هارڤارد وەک دامەزراوەیەکی پەروەردەیی قازانج نەویست مامەڵەی لەگەڵکراوە، ساڵانە زیاتر لە نۆ ملیار دۆلار پاڵپشتی فیدراڵی بۆ تەرخانکراوە و لە باجیش بەخشراوە.