زووم…
رۆژنامە فارسییەکان
باختەر
کرماشان نانی پێنج ملیۆن کەس دابین دەکات
فەرهاد شەریفی، یاریدەدەری باشکردنی بەرهەمە رووەکییەکانی رێکخراوی کشتوکاڵی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، کە کرماشان ساڵانە نانی نزیکەی پێنج ملیۆن کەس دابین دەکات و یەکێکە لە گرنگترین ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی گەنم لە ئێراندا کە بەرهەمی زیاتر لە پێداویستیی ناوخۆی پارێزگاکەیە.
راشیگەیاند، ئەگەر رەوشی کەشوهەوا لەبار بێت، پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ زیاتر لە یەک ملیۆن تۆن گەنم لە کێڵگەکانی پارێزگاکەدا بەرهەم بهێنرێت.
کرماشان بە نزیکەی 450 هەزار هێکتار زەوی چێنراو بە گەنم، پلەی پێنجەمی لە دابینکردنی گەنمی وڵاتدا هەیە و 67 ناوەندی کڕینی گەنم بۆ جوتیاران دابین کراوە.
مەردوم سالاری
زۆنگاوەکانی ئێران لە ژێر هەڕەشەدان
زۆنگاوەکان وەک سەرمایەی بێوێنەی ژینگەیی ئێران، رووبەڕووی هەڕەشەی زیادبوونی چالاکییە پیشەسازییە نایاساییەکان، پیسبوون و کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بوونەتەوە.
مەهدی زارع، زەویناس و مامۆستای پەیمانگای نێودەوڵەتی بوومەلەرزەناسی، جەخت لەسەر مەترسییەکان دەکاتەوە، بەتایبەت پرۆژەی پترۆکیمیایی میانکالە.
زۆنگاوەکان بەهۆی بوونی ئاژەڵ و باڵندەی کۆچەرییەوە گرنگن، بەڵام رووبەڕووی کێشەی وەک پاشەڕۆی کشتوکاڵی، زبڵی پیشەسازی و گەشتیاریی نایاسایی بوونەتەوە.
بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و کەمبوونەوەی ئاوی شیرین بووەتە هۆی سوێربوونی زۆنگاوەکان. چالاکییە نایاساییەکان بەردەوامن و ئاگرکەوتنەوەکان و پیسبوونی ئاو هەڕەشە لە ژیانی باڵندەکان و بژێوی خەڵک دەکەن لە نزیک زۆنگاوەکان.
ئاگاهــ
فێرکردنی ژیریی دەستکرد بە بەشداری یەک ملیۆن خوێندکار دەستیپێکرد
موجتەبا عەلیزادە، یاریدەدەری جێگری سەرۆککۆمار بۆ کاروباری زانستی و تەکنەلۆژیا رایگەیاند، کە فێرکردنی ژیریی دەستکرد بە یەک ملیۆن خوێندکاری ئێرانی بە هاوکاریی وەزارەتی پەروەردە دەستی پێکردووە.
ئەم پرۆگرامە بۆ خوێندکارانی تەمەن حەوت تا 15 ساڵ داڕێژراوە و بە شێوەی تیۆری و کرداری بەڕێوەدەچێت.
عەلیزادە ئامانجی سەرەکیی پرۆگرامەکەی بە بەرزکردنەوەی ئاستی فێربوون و پێگەیاندنی سەرچاوەی مرۆیی پسپۆڕ لە بوارە ستراتیژییەکانی وەک ژیریی دەستکرد وەسف کرد.
جەختیشی کردەوە، کە جگە لە ژیریی دەستکرد، پەرەپێدانی توانای مرۆیی لە بوارەکانی تری وەک کوانتۆمیش لە کارە لەپێشینەکانیانە.
هاوکات لەگەڵ خوێندکاران، 100 هەزار مامۆستاش راهێنانیان پێدەکرێت.
ئەبرار
بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دەرفەتێکە بۆ گۆڕانکاریی بازرگانی لە ناوچە سنورییەکان
بە پارێزگابوونی شاری هەڵەبجە لە هەرێمی کوردستان، وەک نۆزدەهەمین پارێزگای عێراق، دەرفەتێکی ستراتیژییە بۆ ناوچە سنوورییەکانی ئێران، بەتایبەت پارێزگای کرماشان.
فەردین رەحیمی، شارەزای کاروباری شار و ناوچە، پێی وایە ئەم گۆڕانکارییە دەبێتە هۆی زیادبوونی گرنگیپێدانی بەغدا و هەولێر بە ژێرخانەکانی هەڵەبجە، کە ئەمەش زەمینە بۆ چالاککردنی دەروازەی سنووریی نوێ لەگەڵ ئێران خۆش دەکات.
دوو خاڵی سنووریی گرنگ لە هەورامانی ئێران، واتا سنووری سازان نزیک باینگان و سنووری دڕۆڵە لە نزیک جوانڕۆ دەتوانن ببنە ناوچەیی سیاسەتی ئابووریی سنووری.
سنووری سازان دەتوانێت ببێتە بازاڕچەیەکی سنووری یان دەروازەیەکی رەسمی و پاڵەپەستۆی سەر سنووری شۆشمێ کەم بکاتەوە و باینگان لە بنبەستی پەیوەندییەکان رزگار بکات و بەرەو گەشەسەندنێکی نوێی ببات.
رۆژنامە تورکییەکان
سۆزجو
ئومێد ئۆزداغ :تورکیا بەرەو وێرانە دەچێت نەک ئاشتی
ئومێد ئۆزداغ سەرۆکی پارتی زەفەر، کە ئێستا لە زیندانە، باس لە سیستەمی نا دادپەروەری تورکیا دەکات و دەڵێ، لەبەرامبەر ئەوانەی بێدەنگ نابن دژ بە نادادپەروەریی سیستەمی یاسایی دوژمنکارانە جێبەجێ دەکرێت بەرامبەریان، ئەو تەنگەژە بەرزەی ئێستا هەیە، نەک تەنیا بۆ ئۆپۆزسیۆن، بەڵکو زیان بە دەسەڵاتیش دەگەیەنێت.
ئەو تابلۆیەی ئێستا من دەیبینم، رۆیشتنە بەرەو کارەسات، دەبێت هەرچی زووترە دەستبەرداری یاسای دوژمنکارانە بین،یاساکان دەبێت بەیەکسانی جێبەجێ بکرێن بەسەر هاووڵاتییاندا.

جمهوریەت
قەیرانی قەرزی هاووڵاتییان زیاتر قوڵ بووەتەوە
ژمارەی ئەو دۆسیانەی براونەتە بەرێوەبەرایەتی دەستبەرداگرتن و وەرگرتنەوەی قەرز، لە یەکی کانوونی دووهەمەوە بۆ 18ـی نیسانی 2025 لە چاو ساڵی پاردا 5.4٪ زیادی کردووەو گەیشتۆتە سێ ملیۆن و 85 هەزار. 42 ملیۆن هاووڵاتی قەرزی کرێدیتی هەیە بەبڕی 4.5 ترلیۆن لیرە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
فاینەنشیەڵ تایمز
ئەمریکییەکان خۆیان پێش خەڵکی دیکە باجی هەڵە ئابوورییەکانیان دەدەن
رەنگە ئیتر کاتی ئەوە هاتبێت ئەو دەستەواژەیە لەبیری خۆمان ببەینەوە کە دەڵێ، “ئەگەر ئەمریکا بپژمێت، جیهان تووشی هەڵامەت دەبێت”.
دەگوترێت ئەم پەندە کاتی خۆی بۆ فەرەنسای سەردەمی ناپلیۆن بەکارهێندراوە، بەڵام لەپاش شەڕی واتەرلۆوە ئیتر بەهاکەی خۆیی لەدەستداوە. ئێستاش خەریکە دۆناڵد ترەمپ ئەو پەندە لەسەر ئەمریکا دەکات بە شتێکی بێمانا.
لە کایەی سیاسەتی دەرەوەدا هەندێک گۆڕانکاری هاتونەتە پێشەوە، کە وایانکردووە بۆ ئێستا ئەو تێزە لە روانین زۆر گونجاو نەبێت، کە هەموو شتێک بە بڕیاری سەرۆک بەڕێوەبچێت.
ئەگەر ئەمە بۆ ئەمریکا وای لێبێت، ئیدی وڵاتانی دیکە ئەو حەز و خواستەیان نامێنێت زۆر گوێ بە داواکارییەکانی ئەمریکا بدەن. ئەم خۆزاڵکردنەی کە ئێستا لە کایەی ئابووریدا روودەدات، ئەنجامی شلۆق بەدوای خۆیاندا دەهێنن، بۆیە ئەمریکا رەنگە ئیتر ئەو خەسڵەتەی خۆی لەدەست بدات، کە لە رۆژگارێکدا گەورەترین بەرهەمهێنەری خۆراک و کاڵا و خزمەتگوزارییەکان بوو.
دەیلی تەلەگراف
ترەمپ پشێوییەکی دیکەی لە بازاڕدا دروستکردەوە
لەم کاتەدا، کە هەندێک لە وەزیرانی دارایی وڵاتانی جیهان بە رەیچڵ ریڤزی وەزیری دارایی بەریتانیاشەوە ئامادەکاریدەکەن بچن بۆ ئەمریکا قسەوباس لەبارەی قەیرانەکانەوە بکەن.
رەیچڵ ریڤز بەرەو ئەمریکا گەشتدەکات، دەیەوێت لە واشنتن ئامادەی کۆبونەوە بەهارییەکانی سندوقی دراوی نێوودەوڵەتی و بانکی نێودەوڵەتی ببێت.
دوێنێ شەپۆلێکی گەورەی فرۆشتنی پشکەکان لە بازاڕەکاندا دەستی پێکرد، بۆیە بەهای پشکەکانی ئەمریکا چەندان ملیار دۆلار زیانیان بەرکەوت، بەهای دۆلاریش هێندە دابەزیوە، کە سێ ساڵە نرخێکی لەوشێوەیەی بەخۆیەوە نەبییووە. لەوکاتەوە کە ترەمپ بووە بە سەرۆکی ئەمریکا تائێستا بۆ یەکەمجارە سندوقی دراوی نێوودەوڵەتی کۆبونەوەی خۆی سازبکات، بەڵام ئەم کۆبونەوەیە لەکاتێکدایە، کە هەلومەرجی ئابوریی ئەمریکا هێندە خراپە، لە سەردەمی پەتای کۆڤید 19ـەوە تائێستا هێندە خراپ نەبووە.
عەرەب نیوز
هاوڕێی هەژاران و پاڵەوانی ئازادیی فەڵەستینییەکان پاپا فرەنسیس کۆچی دوایی کرد
رۆژی دووشەممە جیهان بە لەدەستدانی پاپا فرەنسیس غەمباربوو. پاپا قەشەیەکی لەخۆبوردووی ئەرجەنتینی بوو، سەرەتای دەستپێکردنی کارکردنەکانی ئەم کەسایەتییە لە بواری کاری ئاینییدا بە یارمەتیدانی هەژاران دەستیپێکردووە.
خۆی چووەتە خانووی ماڵە هەژارەکانی چواردەوری بۆینەس ئایرس، لەوێوە یارمەتیی ئەو خێزانە نەدارانەی دەدا، کە ماڵەکانیان لە چینکۆ و تەنەکە دروستکردبوو.
لە کارە ئاینییەکانیدا بەردەوام بوو، هەتا گەشت بە پۆستی سەرۆکی کڵێسای رۆمانیی کاسۆلیکی. پاپا لە ساڵی 2013ـەوە بۆ ئەم پۆستە باڵایەی هەڵبژێردراوە، 88 ساڵ ژیا، لە مانگی رابوردوودا دووجار تووشی هەوکردنی سییەکان بووە، . بەڵام کۆچیدوواییکردنەکەی لەم کاتەدا شتێکی چاوەڕوان نەکراو بوو.
ئۆرشەلیم پۆست
رێژەی 90٪ـی ئەو کەسانەی لە هۆلۆکۆست دەربازبوون، لە 15 ساڵی داهاتوودا دەمرن
ئەو هاووڵاتییە جووانەی لە کارەساتی هۆلۆکۆست دەرباز بوون، رێژەی 70٪ـیان لە دەساڵی داهاتوودا دەمرن. هەروەها رێژەی 90٪ـیشیان تا 15 ساڵی دیکە دەمرن. ئەمە پوختەی توێژینەوەیەکە کەلەلایەن چەند توێژەرێکی جووەوە ئامادەکراوە و بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆنفرانسێکدا پێشکەش بکرێت.
بەگوێرەی ئەو توێژەینەوەیە، کە راپۆرتەکەی ئامادەکراوە بەپێویست زانراوە بۆ ئەوەی ئەو کارەساتە بە تەواوی وەک خۆی تاوتوێ بکرێت، دەبێت سوود لە یادەوەریی ئەوانەیان وەربگیردرێت، کە لە ژیاندا ماون.
پەلامارەکانی هۆلۆکۆست لە کانوونی دووەمی 1933 دەستیان پێکردووە و هەتا مانگی ئایاری 1945 درێژەیان هەبووە.
رۆژنامە عەرەبییەکان

شەرقلئەوسەت
ئوردن بەرەو قەدەغەکردنى ئیخوان موسلمین هەنگاو دەنێت
دەزگا ئەمنییەکانى ئوردن هەفتەى پێشوو ئاشکرایانکرد، 17 کەسیان دەستگیرکردووە بە تاوانى دروستکردنى موشەک و درۆنى نایاسایی و دوور لە چاوى حکومەت و ئامانجیان بەکارهێنانیان بووە لەناوخۆی وڵاتەکەدا.
رۆژنامەکە نوسیویەتى بڕیاربەدەستانى ئوردن چاوەڕوانى بڕیاری یاسایی دەکەن لە دژیان کە بە دادگاى ئاسایشى وڵاتەکەیان سپێردراوە.
چاوەڕێدەکرێ دواى دەرچوونى بریاری دادگا و تاوانبارکردنیان یەکەم لێکەوتەى ئەوە بێت وڵاتى ئوردن کارکردنى ئیخوان موسلمین لە وڵاتەکەیدا قەدەغە بکات لەبەر ئەوەى ئەو بەرەیە سەر بەو رێکخراوەیە و مۆڵەتى یاساییان لێوەربگرنەوە و کارى هەموو رێکخراوە مەدەنییەکانشیان قەدەغەبکرێت.

سەباح
توندو تیژیی خێزانی لە عێراق بەرەو کەمبوونەوە رۆشتووە
میقداد میری گوتەبێژى وەزارەتى ناوخۆی عێراق رایگەیاند، رێژەى تاوانەکانى توندوتیژیی خێزانى لە عێراق 11% کەمیکردووە بە بەراورد بە چارەکى یەکەمی ساڵی رابوردوو.
میری ئاماژەى بەوەشکردووە، پارێزگاى بەسرە زۆرترین تاوانى خێزانى تێدا تۆمارکراوە، پارێزگاکانى بابل و نەجەف و واستیش کەمترین تاوانیان تێدا تۆمارکراوە.
پۆلیسى کۆمەڵایەتى هەزار 667 کێشەى خێزانیی چارەسەر کردووە و بەڕێوەبەرایەتى کاروباری عەشایەریش نۆ کێشە و ناکۆکی نێوان خێڵەکانى کۆتایی پێهێناوە و 331 کێشەى دیکەى بۆ چارەسەر کردوون کە چەکی تێدا بەکارنەهاتووە.

دەستور
لەعێراق لەماوەى سێ ساڵدا 2300 کەس بوونەتە قوربانى بارزگانیکردن بە مرۆڤ
فازڵ غەڕاوی سەرۆکی ناوەندى ستراتیژیی مافەکانى مرۆڤ لە عێراق جەختیکردوەوە، دیاردەى بارزگانیکردن بەمرۆڤ لە 2024 و 2025 دا زیادیکردووە.
گوتیشى، لە ماوەى سێ ساڵی رابوردوودا 2300 کەس بوونەتە قوربانى و 1800 تاوانبار دەستگیرکراون و دەیان تۆڕی بازرگانیکردن بە مرۆڤیان هەڵوەشاندووەتەوە.
رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەشکردووە، لە ساڵی 2024 دا لە سەرانسەرى جیهاندا 28 ملیۆن کەس بوونەتە قوربانى بازرگانى بە مرۆڤ و بەرێژەى 12% لەچاو 2023 دا بەرزبووەتەوە.
مەدا
پێش هەڵبژاردنەکانى عێراق رووداوى چاوەڕوان نەکراو روودەدات
دوو سەرچاوەى چوارچێوەى هەماهەنگی بە رۆژنامەی مەدایان گوتووە، لە دواى ئەوەى محەمەد شیاع سودانى رایگەیاند، بەشداریی هەڵبژاردن دەکات، بە دوورى نازانن پێش لە هەڵبژاردنەکانى مانگی تشرینى دووەمى ئەمساڵ ئەوەى چاوەڕوان ناکرێت رووبدات.
بەگوتەی سەرچاوەکان، سیناریۆی گەڕانەوەى موقتەدا سەدر بۆ نێو کایەى سیاسی و بەشداریکردنی رەوتەکەیەتى لەو هەڵبژاردنەدا لاواز دەبینن.
یاساى هەڵبژاردندان وەک خۆی دەمێنێتەوە لەبەر ئەوەى زۆرینەى پەرلەمان رێگرن لە هەمروارکردنەوەى و ئەوەش لە بەرژەوەندی سودانى دەشکێتەوە، پێشتریش بەشێک لە شیعەکان و کورد و سوننەکانیش رایانگەیاندبوو لەگەڵ هەموارکردنەوەى یاساى هەڵبژاردنەکانى عێراق نین لەم قۆناغەدا.
بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە زیاتر لە 50 ئەندامی پەرلەمانى عێراق گوێرایەڵی سودانین و هەرکاتێک بیانەوێت دەتوانن کێشەى نیساب بۆ کۆبوونەوەکانى پەرلەمان دروستبکەن یان بیانەوێت یاسایەک تێپەڕێنن یان رێگریی لێبکەن، سەرکردەیەکى شیعەکانیش بە رۆژنامەکەى راگەیاندووە 25 ئەندامی سوننەکان لەگەڵ سودانین.