زووم..
هەرچەندە تەنها چەند کاتژمێرێکی کەمە پاپا فرانسیس کۆچی دوایی کردووە، بەڵام هەموو چاوەکان لەسەر ئەوەن جێگرەوەکەی کێ دەبێت و مەرجەکان چین بۆ ئەوەی کەسێک ببێتە پاپای ڤاتیکان.
پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان کە ناوی تەواوی جۆرج ماریۆ بۆگولیۆیە، ئەمڕۆ لە تەمەنی 88 ساڵیدا بەهۆی نەخۆشی هەوکردنی سییەکانەوە گیانی لەدەستدا.
پاپای ڤاتیکان لە ساڵی 1936 لە بۆینس ئایرسی پایتەختی ئەرجەنتین لە بنەماڵەیەکی کۆچبەری ئیتاڵی لە دایکبووە و لە ساڵی 1998 وەک سەرۆکی ئۆسقوفی بۆینس ئایرس دەستی بەکار کردووە و لە ساڵی 2001وە پلەی کاردیناڵیی لە “پاپ جان پۆلی دووەم” وەرگرتووە.
لە ساڵی 2013 لە جێگەی پاپا بێنیدیکتی شازدەیەم وەک پاپای ڤاتیکان هەڵبژێردرا و خۆی نازناوی “فرانسیس”ـی بۆ خۆی داناوە.
کڵێسای کاسۆلیکی زیاتر یەک ملیار و 390 ملیۆن پەیرەوکاری هەیە، بۆیە لەدوای نۆ رۆژ ماتەمینی بۆ پاپای کۆچکردوو دەبێت دەست بە رێکارەکانی هەڵبژاردنی پاپای نوێ بکرێت.

دواین دەرکەوتنی پاپا فرانسیس پێش کۆچی دوایی لە رۆژی یەکشەممە 20-04-2025 لە مەیدانی سەینت پیتەر لە ڤاتیکان
مەرجەکانی هەڵبژاردنی پاپای نوێ چییە؟
هەر کەسێکی بیەوێت ببێتە پاپا دەبێت چەند مەرجێکی تێدا بێت، لەوانە: رەگەزی نێر بێت (چونکە ژنان ناتوانن ببنە قەشە)، بە ئاوی پیرۆز شۆردرابێت، پەیڕەوکارێکی کاسۆلیکی بێت. مەرجەکانی دیکەش بریتین لەوەی کەسەکە لە 35 ساڵ کەمتر نەبێت و هاوسەرگیریی نەکردبێت، دەبێت بروانامەی هەبێت لە زانست و فەلسەفەلەی کاسۆلیکی و بەوردی دیراسەی ئینجیلی کردبێت.
بەشێوەیەکی ئاسایی، کاندیدەکان دەبێت لە کاردیناڵەکان، سەرۆک قەشەکان، یان قەشەکان پێکبێن.
پڕۆسەی هەڵبژاردن لەلایەن گەورە بەرپرسانی کڵێسای کاسۆلیکییەوە دەستپێدەکات لە نێو کۆلێجی کاردیناڵەکان کە کۆبوونەوەیەکی نهێنی دەکەن بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە.
ئەو کەسانەی لە کۆلێجی کاردیناڵەکانن بەشێوەیەکی ئاسایی سەرۆک قەشەن و راستەوخۆ لەلایەن پاپاوە هەڵبژێردراون.
ژمارەی ئەم سەرۆک قەشانە 252 کەسن، بەڵام تەنها 138 کەسیان مافی دەنگدانیان هەیە.
پڕۆسەی هەڵبژاردن چۆن دەبێت؟
کاتێک پاپا دەمرێت یان دەستلەکاردەکیشێتەوە، ئەو کاردیناڵانەی تەمەنیان خواروو 80 ساڵە مافی ئەوەیان هەیە لە کۆبوونەوەی نهێنیی پاپایەتی دەنگ بدەن.
ئەم ئەندامانە کە ژمارەیان 138 کەسە بە نهێنی دەنگ دەدەن و پڕۆسەکە لەلایەن نۆ کاردیناڵەوە سەرپەرشتی دەکرێت کە بەشێوەیەکی هەڕەمەکی دیاریدەکرێن بۆ ئەو کارە. بەگوێرەی یاسای کڵێسا، دەبێت هەر کاندیدێک دوو لەسەر سێی دەنگەکان بەدەستبهێنێت بۆ ئەوەی ببێت بە پاپای نوێی ڤاتیکان و ئەگەر ئەوە رووینەدا دەنگدان هەر بەردەوام دەبێت.
لەحاڵەتی ئەوەی هیچ کاندیدێک نەیتوانی دەنگی پێویست بەدەستبهێنێت، پرۆسەکە درێژ دەبێتەوە بۆ چەند رۆژێک یان چەند هەفتەیەک یاخود رەنگە زیاتری پێ بچێت، ئەمەش دەکەوێتەوە سەر ئەوەی ئاخۆ کاردیناڵەکان لەناو خۆیان چەند رای جیاوازیان هەیە و ناکۆکن لە هەڵبژاردنی پاپی نوێ.
هەر رۆژێک کۆبوونەوە نهێنییەکە دەتوانێت چوار خولی هەڵبژاردن بەرێوەبەرێت و ئەگەر تا خولی 33 هیچ کەس هەڵنەبژێردرا، ئەو دوو کاندیدەی زۆرترین دەنگیان کۆکردووەتەوە دەستنیشاندەکرێن بۆ ئەوەی بچنە قۆناغی داهاتوو و ئەوکات هەڵبژاردن تەنها لەنێوان ئەو دووانە دەکرێت.
هەڵبژاردنەکە زۆری پێدەچێت؟
نەخێر، چونکە هەڵبژاردنی دواین سێ پاپای پێشوو بەخێرایی بەڕێوەچوون و تەنها چەن رۆژێکیان پێچووە. تەنانەت کاتێک لە ساڵی 2013 پاپا فرانسیس هەبژێردرا، پڕۆسەکە تەنها 12 رۆژی پێچوو.
بەڵام هەندێکجار روویداوە پڕۆسەکە زیاتری پێ بچێت و هەڵبژاردن درێژبێتەوە بۆ چەند هەفتە و مانگێک. تەنانەت پڕۆسەی هەڵبژاردنی پاپا گریگۆری لە ساڵیی 1271 بەهۆی ململانێی توندی سیاسی نزیکەی سێ ساڵی خایاند.
ئەو کاندیدە دیارانە کێن کە دەبنە جێگرەوەی پاپا فرانسس؟
لەو 138 دەنگدەرە کاردیناڵانەی لە کۆبوونەوە نهێنییەکە دەنگ دەدەن، 110 کەسیان لەلایەن پاپا فرانسسەوە دانراون. بەشێوەیەکی بەرچاو ئەم گرووپە بە بەراورد بە گرووپەکانی پێشوو زیاتر فرەچەشنن و نوێنەرانی چەندین کیشوەر و ناوچەی جیاوازیان تێدایە، لەوانە: ئاسیا، ئەفریقا، ئەمریکای لاتین، ئەمەش رەنگدانەوەی ئامانجی پاپا فرانسیسە بۆ گەیشتنی کڵێسا بە تەواوی جیهان.
لەبەر ئەم هۆکارە ئەگەر هەیە پاپای داهاتوو پاپایەکی ئەفرقیی یان ئاسیایی بێت. پاپا فرانسیسی خۆش یەکەم کەس بوو لە باشووری ئەمریکا کە ببێتە پاپای ڤاتیکان.
لە میدیاکاندا چەند ناوێکی دیار باس دەکرێن کە رەنگە ببنە پاپای داهاتووی ڤاتیکان، ئەوانیش: کاردینال پیتەر تەرکسنی غانا، کاردیناڵ لویس تاگڵی فلیپین، کاردیناڵ پیترۆ پارۆلینی ڤەنزوێلا، کاردیناڵ پیتەر ئێردۆی هەنگاریا، کاردیناڵ مارۆ گرێچی پۆڵەندا و کاردیناڵ ماتۆ زوپی ئیتاڵیان.