70
زووم..
لە بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکانی هەفتانەی خانەنشینان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، ئەمڕۆ خانەنشینان لە شارەکانی سنە و کرماشان و مەریوان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و چەند شارێکی دیکەی ئێران خۆپیشاندانیان کرد.
کەناڵی یەکێتیی خانەنشینانی ئێرانی لە تێلیگرام دیمەنی خۆپیشاندانەکانی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، خانەنشینان وەک ناڕەزایەتی دژی گەندەڵی، کەمیی مووچە، هەڵاوسان و گرانی و پێشێلکردنی مافە سەرەتاییەکانی خانەنشینی لە شەقامەکان گردبوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی.
خۆپیشاندەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دروشمەکانیاندا داوای گرنگی بە ویستەکانی خانەنشینان و کرێکاران و مامۆستایان دەکەن.
هەموو دووشەممەیەک، جگە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، خانەنشینان لە شارەکانی دیکەی ئێران خۆپیشاندان دەکەن، دەڵێن، تا گەیشتن بە خواست و مافەکانیان، بەردەوام دەبن لە ناڕەزایەتی.