زووم…
رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی بڵاویکردەوە، پێت هێگسێت، وەزیری بەرگریی ئەمریکا هەندێک زانیاریی نهێنیی لەسەر بۆردومانکردنی یەمەن لە گروپێکی گفتوگۆکردندا بڵاوکردووەتەوە. ئەو گروپە هاوسەری وەزیرەکە و برایەکی و پارێزەرەکەشیی تێدابووە.
رۆژنامەکە نوسیویەتی، ئەمە دووەمین جارە زانیاریی نهێنیی لەدەستی ئەو وەزیرەوە دەردەچێت و دەگات بە کەسانێک کە نابێت ئاگاداری ئەو زانیارییانەبن.
ئەم وەزیرەی ئێستا، کە پێشتر بێژەر بووە لە کەناڵی فۆکس نیوز، لەناو پەنتاگۆندا لێکۆڵینەوەی لەبارەی کێشەیەکی دیکەی هاوشێوەوە لەگەڵدا دەکرێت، کە لە ناوەڕاستی مانگی ئاداری رابوردوودا لە رێگەی ئەپڵیکەیشنی سیگناڵەوە زانیاریی سەربازیی داوە بە گروپێک لە خەڵک کە رۆژنامەنوسێکیشیان تێدابووە.
ئەو دەمە گۆڤاری ئەتڵانتیک ئەوەی ئاشکراکرد، کە بەهەڵە ژمارە تەلەفۆنی سەرنوسەرەکەی ئەوان کراوەتە ناو گروپێکی سیگناڵەوە، کە وەزیری بەرگری و راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی لەو گروپەدا قسەیان لەبارەی بۆردوومانکردنی یەمەنەوە کردووە.
نیویۆرک تایمز دەڵێت: لە ئەو گروپەدا کە ئەمجارەش هەر لەسەر سیگناڵ دروستکراوە چوار کەس هەبوون، کە پەیوەندییان بە وەزارەتەوە نەبووە. بەرنامەی فڕینی فڕۆکە سەربازییەکان بە ئاشکرا لەو گروپەدا باسکراوە.