زووم..
رۆژنامە تورکییەکان
سۆزجو
ئۆجالان لە ئیمراڵی دەهێنرێتە دەرەوە
پێشتر ئۆجالان لە ئەگەری هێرشکردنەسەری رایگەیاندبوو، کە خوازیار نییە لە ئیمراڵی بێتەدەرەوە. ئێستاش دەسەڵات دەیەوێت لە یەکێک لە دوورگەکانی ئیستەنبوڵ خانوویەکی سێ نوستنی بۆ دروست بکات کە تەواوی پێویستییەکانی ژیانی تیابێت.
لەو خانووەدا کتێبخانە، ژووری کارکردن، تەنانەت هێڵی ئەنتەرنێتیشی تیادەبێت.
بەگوێرەى دەنگۆکان شاندی ئیمراڵی لە سەردانەکەیدا بۆ لاى وەزیری داد، داوا دەکەن مافەکانی ئۆجالان دەستەبەربکرێت و لەو رێگەیەشەوە بۆ زیندانی ماڵی بگوازرێتەوە.
جمهورییەت
دامەزرێنەرێکی ئاکپارتی دەڵێ دەستگیرکردنی سیاسییەکان کارێکی هەڵەیە
بولانت ئەرنچ یەک لە دامەزرێنەرەکانی ئاک پارتی و سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی تورکیا دەربارەى دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبوڵ و سەرۆک شارەوانییەکانی دیکەى جەهەپە رایگەیاند،
دەستگیرکردنی سیاسییەکان کارێکی هەڵەیە و خەریکە دەبێتە نەریتێک لەو وڵاتە.
گوتیشی، هەڵوەشاندنەوەى بڕوانامەکەى ئیمامئۆغڵو کارێکی نابەجێ بووە و بەشێک لەو دەستگیرکردنانەش پیلانی سیاسیی لەپشتەوەیە.
تورکگون
جوڵە دیبلۆماسییەکانی فیدان دژى پەکەکە دەستپێدەکات
وابڕیارە لەم هاوینە جوڵە دیبلۆماسییەکانی هاکان فیدان وەزیری دەرەوەى تورکیا لەدژى پەکەکە دەستپێبکات. هاکان فیدان بۆ بنبڕکردنی هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ یەپەگە و پەیەدە، هەوڵەکانی دەخاتەگەڕ.
فیدان رایگەیاندووە، لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانانی ئێمە هەماهەنگییمان زیاتر دەکەین بۆئەوەى چیتر ئەمریکا هاوکاری یەپەگە نەکات.
ئایدنڵک
ژمارەی منداڵانی کرێکار نزیک بووەتەوە لە یەک ملیۆن
بەگوێرەى راپۆرتێکی دەزگای ئاماری تورکیا، تادێت ژمارەی ئەو مناڵانەى تەمەنیان خوار 16 ساڵانە و کاری قورس دەکەن زیاد دەبێت.
لە ساڵی 2020 دا ژمارەى مناڵانی کرێکار لەو وڵاتە 593 هەزار بووە بەڵام ژمارەکە لەمساڵدا گەیشتۆتە 970 هەزار منداڵ.
بەمەش رێژەى ئەو منالانەى بەشداری لە پرۆسەی خوێندن دەکەن 83%ــە.
راپۆرتەکە ئاشکرای کردووە لەنێون ساڵانی 2013 تاکوو 2024 742 مناڵ لەسەر کارەکانیان گیانیان لەدەستداوە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
گاردیەن
نەخۆشانی شێرپەنجە دەستیان ناگات بە دەرمانی پێویست
بەهۆی چونەدەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتیی ئەوروپا، نرخی ئەو دەرمان و چارەسەرانە بەرزبووەتەوە، کە تووشبوانی شێرپەنجە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشیەکانیان بەکاریاندەهێنا.
لەئێستاشدا ژمارەی ئەو کەسانە زۆربووە، کە بە دەستی ئەو نەخۆشییەوە دەناڵێنن، بۆیە ئەرکی لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەوەیە هەڵمەتێکی هاوکاریکردنی نێودەوڵەتی دەستپێبکەن، بۆئەوەی دەرمانی پێوستیان بۆ دابین بکەن.
فاینەنشیەڵ تایمز
هێشتا گومان لە شیاویی بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد هەیە
ئیماراتی عەرەبی دەیەوێت بۆ دانانی یاسای نوێ بۆ خۆی و هەمووارکردنەوەی یاسا دێرینەکانیشی پشت بە ژیریی دەستکرد ببەستێت، ئەمە هەوڵێکی بوێرانەیە بۆ ئەو وڵاتەی ناو کەنداوی عەرەبی، کە چەند ملیار دۆلارێکی لە بواری ئەو تەکنەلۆژیانوێیەدا خەرجکردووە.
راگەیاندنی فەرمیی ئیمارات دەڵێ، ئەوەی روودەدات رێکخستنەوەی یاساکانە بە ژیریی دەستکرد، بەشێوەیەک کە لە هیچ شوێنێکی دیکەی دنیادا رووینەدابێت.
ئۆرشەلیم پۆست
ئیسرائیل هەوڵیدا ویتکۆف لە رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا پەشیمانبکاتەوە
بەڕێوەبەری گشتیی مۆساد و وەزیری کاروباری ستراتیژیی ئیسرائیلی، ویتکۆفی نێردەی ئەمریکایان بینیوە، کە رێککەوتن لەگەڵ ئێراندا دەکات، قسەیان لەگەڵدا کردووە، بۆئەوەی لەو بڕیارە پاشگەزببێتەوە، کە رێکەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا ئەنجام بدات، بەڵام هیچیان پێنەکرا.
دیارە ناتوانن وا لە ویتکۆف بکەن ئاراستەی کارەکانی بگۆڕێت. رۆژی هەینی ئەم دوو بەرپرسە ئیسرائیلییە لە پاریس چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ویتکۆفدا هەبووە. نوێنەرەکانی ئیسرائیل، هەوڵیاندا هەر لە پاریسەوە ویتکۆف قایل بکەن نەچێت بۆ دیدارەکەی رۆما، بەڵام هیچیان پێ نەکرا و دیدارەکەش ئەنجامدرا.

عەرەب نیوز
بەهۆی بۆردوومانێکی ئیسرائیلەوە بۆسەر غەزە 25 کەس گیانیان لەدەستدا
ئاژانسی بەرگریی مەدەنیی ناو کەرتی غەزە دەڵێ، فڕۆکەکانی ئیسرائیل لە بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممەوە تا ئێستا بەلای کەمەوە 25 کەسیان لەناو غەزەدا کوشتووە، ژمارەیەکیشیان ژن و منداڵن.
لە هەژدەهەم رۆژی مانگی ئاداری رابوردووەوە سوپای ئیسرائیل هێرشە زەمینی و ئاسمانییەکانی خۆیی بۆسەر کەرتی غەزە دەستپێکردۆتەوە.
دوو مانگ ئاگربەست لەنێوانی ئەو دوو لایەنە شەڕکەرەدا هەبوو. بەڵام پاش دوو مانگەکە جارێکی دیکە شەڕەکە دەستی پێکردەوە و ژیان و ئارامیی ئەو هەرێمەی کەناری دەریای شێواندووە.
رۆژنامە عەرەبییەکان

شەرقلئەوسەت
لە عەدەن بەهۆی تای خوێنبەربوون 12 کەس گیانیان لەدەستداوە
مەجدى داعری بەڕێوەبەرى چاودێریکردنى پەتا لە عەدەنى پایتەختى یەمەن رایگەیاند، ژمارەیەک کەس لە ناوچەى بەریقە بە پەتایەکى دەگمەن گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکى دیکەش تووشى تایەکى سەیر بوون کە تا ئێستا هۆکارەکەى نەزانراوە.
باسی لەوەشکرد، نەخۆشى مەلاریا و تاى خوێنبەربوونیش لەعەدەن بڵاوبوونەتەوە. گوتیشى، ئەو کەسانەی بە تاى خوێنبەربوون گیانیان لەدەستداوە هۆکارەکەى ئەوەیە درەنگ گەیەنراونەتە نەخۆشخانە، بەگوێرەى گوتەکانى ئەو بەرپرسە تەندروستییەى یەمەن تەنها لە نێو عەدەنى پایتەخت دا 50 هەزار کەس تۆمارکراون کە مەلاریایانە و 12 کەسی دیکەش بە هۆی تاى خوێنبەربوونەوە گیانیان لەدەستداوە.
سەباح
چوار زیندانى نوێ لە عێراق دەکرێنەوە
موراد ساعیدی بەڕێوەبەرى راگەیاندنى وەزارەتى دادى عێراق رایگەیاند، یەکێک لە کێشە گەورەکانى زیندانەکانى عێراق قەرەباڵغی و نەبوونى شوێنە، بۆیە وەزارەت پلانى داناوە بۆ کردنەوەى چوار زیندانى نوێ.
راشیگەیاند، ئەم هەنگاوەى وەزارەت کێشەى قەرەباڵغی زیندانەکان کەمدەکاتەوە و ئاسانکاریش دەکات بۆ کەسوکاری زیندانیکراون کە سەردانیان دەکەن، بەتایبەتى ئەو کەسوکارانەى کە تەمەنیان هەڵکشاوە یان نەخۆشییان هەیە و ناتوانن رێگەى دوور ببڕن یان زۆر چاوەڕێ بکەن.
ئاماژەی بەوشكرد، خالد شوانى وەزیری داد هەموو هەوڵێکی خۆی خستووەتە گەڕ بۆ وەرگرتنی زەوى لەو پارێزگایانە و دابینکردنى بودجە و پێداویستییەکانى، زیندانەکان بە شێوەی سەردەمییانە دروستدەکرێن و سەرجەم پێوەرە نێودەوڵەتییەکانى تێدا جێبەجێ دەکرێت.
دەستور
لە پارێزگاى میسان لەسەر شێوازی چینی قوتابخانە دروستدەکرێت
حەبیب زاهیر فەرتوسى پارێزگاری میسان دەڵێ، لەمەودوا بۆ دروستکردنى قوتابخانەى نوێ شێوازو دیزاینى وڵاتى چین پەیڕەو دەکەن و گۆڕانکاریی لەو شێوازەدا دەکەن کە پێشتر لە عێراق پەیڕەوکراوە.
راشیگەیاند، گۆڕانکارییەکان لە ئەنجامى توێژینەوە و راپۆرتى مامۆستایان و شارەزایانى بوارى پەروەردەو ئەندازیارییەوە سەرچاوەیانگرتووە، بەشى هونەریی لە پارێزگاکەش رایانگەیاندووە، لەنێو بیناى قوتابخانە نوێیەکاندا پشت بە سەوزایی پێویست و وزەى نوێبوەوە و دیزاینى نوێ بۆ پۆل و راڕەوەکان پەیڕەو دەکرێت.
گوتیشیان، دیزاینە نوێیەکەى قوتابخانە دەبێتە بنەما بۆ پارێزگاکانى دیکەو لەمەودوا لەسەر ئەو شێوازە نوێیە بیناى قوتابخانەکان دەکرێنەوە.
پارێزگاری میسان گوتیشى، ئەم گۆڕانکارییانە لە ئەنجامی چەندین ۆرکشۆپ و کۆبوونەوە و راگۆڕینەوە هاتووە و بەردەوامیشین لە راوێژکردن لەگەڵ لایەن پەیوەندیدارە هونەرییەکان.

مەدا
سەرکەوتنى گفتوگۆکانى نێوان ئەمریکا و ئێران لە بەرژەوەندیی عێراق و هەرێمى کوردستانە
رۆژنامەى “کریستیان ساینس مۆنیتۆر”ـى ئەمریکی لە زاری بەرپرسانى عێراقییەوە بڵاویکردووەتەوە، ئەگەر دانوستانەکانى نێوان ئەمریکا و ئێران و تورکیا و پەکەکە سەرکەوتووبن لە بەرژەوەندیی عێراق و هەرێمى کوردستانە. کۆتایی بەو کێشانە دێت کە ماوەیەکى زۆرە پێوەى دەناڵێنن.
رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەشکردووە، عێراق سەرقاڵی چارەسەرکردنى برینەکانیەتى، زۆر پشت بە دانوستان و شێوازی ئاشتییانە دەبەستێت بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانى و نایەوێت لەو کێشانەوە بئاڵێت کە لەناوچەکەدا هەن، لە ئەگەری سەرکەوتنى دانوستانەکانى نێوان ئەمریکا و ئێراندا عێراق سودمەند دەبێت و لەهەر گرژى و ئاڵۆزییەکیشدا هەر ئەو باجەکەى دەدات.
رۆژنامەکە ئاماژەى بە لێدوانى بەرپرسانى عێراق و هەرێمى کوردستان کردووە، هەمووان کۆکن لەسەر ئەوەى سەرکەوتنى دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق و گفتوگۆی نێوان پارتى کرێکارانى کوردستان و تورکیا کاریگەریی راستەوخۆیان دەبێت لەسەر سەقامگیریی و ئالۆزیی عێراق بە هەرێمى کوردستانیشەوە.
رۆژنامە فارسییەکان

ئیمروز
شەش ملیۆن کرێچی و دوو ملیۆن ماڵی بەتاڵ لە ئێراندا هەیە
عەلی رەزا نیساری، نوێنەری پەرلەمانی ئێران دەڵێ، کە نزیکەی شەش ملیۆن کەس لە وڵاتەکەدا کرێچین، لە کاتێکدا دوو ملیۆن یەکەی نیشتەجێبوونی بەتاڵ هەیە.
ناوبراو جەختی کردەوە، کە ئەم خانوانە نابێت قۆرخ بکرێن، بەڵکو دەبێت بە رێکاری یاسایی رادەستی خەڵک بکرێن.
نیساری داوای لە دەوڵەت کرد لەو ناوچانەی زەوی کەمە، بە هاوکاریی سەرچاوە سروشتییەکان زەوی بۆ خەڵک دابین بکات تا کێشەی نیشتەجێبوون بۆ هەمیشە چارەسەر بێت.
هەروەها ئاماژەی بە بوونی زیاتر لە پێنج ملیۆن هاووڵاتیی بیانی لە ئێراندا کرد و گوتی، پێویستە ئەم دۆخە رێکبخرێتەوە و گەنجانی ئێرانی لە پێشینەی دامەزراندندا بن، چونکە نابێت قبووڵ بکرێت گەنجانی ئێرانی بێکار بمێننەوە.
روزگار
توندوتیژی لە فیلمەکاندا مەترسییەکی شاراوەیە بۆ کۆمەڵگا
ئاساییکردنەوەی توندوتیژی لە زنجیرەکان و فیلمەکان بووەتە مەترسییەکی شاراوە بۆ کۆمەڵگای ئێران.
ئەم پلاتفۆرمانە کە بڕیار بوو ببنە شوێنێک بۆ کات بەسەربردنی تەندروست و رەنگدانەوەی کولتوور، بە پیشاندانی بەردەوامی توندوتیژی، کوشتن، و ژیانی فریودەرانەی تاوانباران، بوونەتە هۆی زیادبوونی دڵەڕاوکێ و تێکچوونە دەروونییەکان.
ئەم ناوەڕۆکانە، بەتایبەتی بۆ گەنجان کە هێشتا توانای شیکردنەوەی تەواویان نییە، رەفتارە نائەخلاقییەکان ئاسایی دەکەنەوە و هەندێک جار تاوانباران دەکەنە پاڵەوان.
نەبوونی خێزانی ئەرێنی و نموونەی تەندروست لەم زنجیرانەدا، لەگەڵ پیشاندانی پەیوەندییە گرژ و توندوتیژەکان، دەبێتە هۆی بێمتمانەیی و سڕبوونی ئەخلاقی.
دووبارەبوونەوەی دیمەنە توندوتیژەکان دەتوانێت ببێتە هۆی تووڕەیی، خەمۆکی، یان تەنانەت خۆکوشتن لە بینەرە گەنجەکاندا.

ئارمان
بەنداوەکانی کرماشان تەنها 60٪ ئاویان تێدایە
بە گوتەی سەرپەرشتیاری ئاوی کرماشان، ئاوی بەنداوەکانی پارێزگاکە گەیشتووەتە زیاتر لە 812 ملیۆن مەتر سێجا.
مورتەزا حەسەن ئابادی ئاماژەی بەوەدا، کە توانای گلدانەوەی بەنداوەکانی پارێزگاکە یەک ملیار و 345 ملیۆن مەتر سێجایە و گوتی، ئێستا توانای بەتاڵی بەنداوەکان نزیکەی 533 ملیۆن مەتر سێجایە و 40٪ـی بەنداواکان بەتاڵن.
حەسەن ئابادی جەختی کردەوە، کە لەنێو بەنداوەکانی پارێزگاکەدا، تەنها یەک بەنداو پڕ بووە و لە رەوشی سەرڕێژبووندایە.

ئەبرار
چاندنی برنج لە پارێزگای ئیلام قەدەغە کرا
بەڕێوەبەری ئاوی پارێزگای ئیلام قەدەغەکردنی چاندنی برنجی راگەیاند، بەهۆی کەمبوونەوەی بارانبارین لە ئەمساڵدا.
سادق عەلی مورادی دەڵێ، بە گوێرەی ماددەی یەکی یاسای دابەشکردنی دادپەروەرانەی ئاو و بە لەبەرچاوگرتنی کەمبوونەوەی ئاوی رووبارەکان و دابەزینی ئاستی ئاوی ژێرزەوی لە سەرانسەری پارێزگاکەدا، پێویستە هەموو سوودمەندانی سەرچاوەکانی ئاو خۆیان لە چاندنی بەرهەمە ئاوویستەکان وەک برنج و یۆنجە بەدوور بگرن.
گوتیشی، لە ئەگەری بینینی هەر سەرپێچییەک، بابەتەکە لە رێگەی دەسەڵاتی دادوەری بەدواداچوونی بۆ دەکرێت.