عادڵ ئەلیاسی
شرۆڤە کردنی دانوسانەکانی ئێستای نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و دەوڵەتی ئامریکا لە پەنجەری دوو گۆڕانکاری گرینگ بەرچاوڕوونیمان پێ دەبەخشێت: یەکەم ئاخێزە جەماوەرییەکانی ناسراو به ”بەهاری عەرەبی”، دووهەم پلانی زلهێزانی جیهانی بۆ داڕشتنی بینای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئاخێزە جەماوەرییەکانی ناسراو به ”بەهاری عەرەبی” وەهمی دەسەڵاتی سەقامگیر و ئەبەدییان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شێواند و لۆژیکی حوکمڕانییان لەم ناوچەیە تێکدا. لە گەڵ لاواز بوون و تەنانەت لەناوچوونی دەسەڵاتی ژمارەیەک له دەوڵەتانی تا ئەو کات بەهێزی ناوچەکە لە سەرەنجامی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکاندا، دەوڵەتانی چکۆلەتری وەک بۆ نموونە قەتەر و بەحرەین، کە نه بە توانایی سەربازییەوە دەناسرانەوە و نه به بەرفراوانی جوغرافییایی، هەلەکەیان قۆزییەوە و ژیرانه خۆیان له گەڵ ئامرازەکانی نوێی دەسەڵات گونجاند. بۆ نموونە تەرکیزیان کرده سەر مێدییای بەهێز و کرینی پشک (سهام) لە بورسە جیانییەکان و سەرمایەی جیهانییان بۆ وڵاتەکانیان ڕاکێشا. لە گەڵ ئەوەی که دەوڵەتانی وەک میسر و سورییە ناچاربوون هێز و توانایی ئەمنیی و سەربازییەکانی خۆیان بخەنە خزمەت کێشە ناوخۆیەکان، پێگەیان لە هاوکێشە ناوچەیەکان لاواز بوو و بەم لاوازبوونەش بڵقی هەیبەتییان لە ناو کۆمەڵگاکانی خۆیاندا تەقی.
بەم شێوەیه هەژموونی ئەمریكا و زلهەزانی تری جیهانی بۆ زیادكردنی هاوكارییە سەربازییەكان بۆ دەولەتانی هاوپەیمان چی تر نەیتوانی ئاسایش ببەخشێت بەم دەوڵەتانه و مەترسیی ناڕەزایەتییه ناوخۆییەکانیان لە سەر بڕەوێنێتەوە. لەم ڕووەوە ئەم دەوڵەتانه کەوتنە خولانەوە لە ناو بازنەی لاوازبوون.
ئەم بەڵایە بە چەند قات زیاتر تووشی کۆماری ئیسلامی ئێران بوو. له چەند ساڵی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامی بووەته نیشانەی چەندین ئاخێزی جەماوەری ناوخۆیی کە گرینگ ترینیان ئاخێزی ”ژن، ژیان، ئازادی”، یا ”بزووتنەوەی ژینا” بوو. بزووتنەوەی ژینا پێگەی کۆماری ئیسلامی لە هاوکێشە ناوچەییەکاندا لاواز کرد و حکومڕانانی تارانی ناچار کرد لە پلەپەندییەکانی خۆیاندا ناڕەزایەتییه ناوخۆییەکان بە هەند وەربگرن. لەم رووەوە بەشێکی زۆر لە هێز و تواناییەکانی خۆیان خستە خزمەت دامرکاندنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەرێک کە بەتامەزرۆوە چاوەڕێی هەلێکی دەکرد تا کۆشکی کۆماری ئیسلامی بڕوخێنێت. ئەگەر ”بەهاری عەرەبی” کۆڵەکەکانی دەسەڵاتی دەوڵەتانی وەک میسر، سورییه و لیبی خستە لەرزە، ئەوا ”بزووتنەوەی ژینا” بە چەند قات زیاتر کۆڵەکەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی خستە لەرزە و پێگەی ئەو دەسەڵاتەی له هاوکێشە ناوچەییەکاندا لاواز کرد.
بەم شێوەیە کێشە ناوخۆییەکانی هەر کام لەم وڵاتانه و ئاخێزە جەماوەرییەکان، کە تا ئەوکات فاکتەری گرینگ بە ئەژمار نەدەهاتن، لە ناکاو تەرازوویی هێز و یاساکانی یاری نێودەوڵەتی لە ناوچەکەدا گۆڕی. بە لاواز بوونی دەوڵەتەکان و مەترسی لەناوچوونیان، ئەمجارە زەخت خرایە سەریان تا ملکەچی خواستەکانی زلهێزانی جیهانی بن بۆ سەرلەنوێ داڕشتنی دیمەنی ناوچەکە.
ئاوا گۆڕانکاریێک هەلێکی باشی خوڵقاند تا دەوڵەتی ئامریکا لەوانه لە ڕێگای دەوڵەتی ئیسرائیلەوە ئامانجەکانی خۆی بۆ دووبارە داڕشتنەوەی دیمەنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەیگیری بکات و باڵادەستی خۆی لە کۆنترۆڵی هێڵە بازرگانییەکان و سەرچاوەکانی وزە لە ناوچەکە بەهێز بکات. ئەم ڕەوتە لە کاتێکدا بەرەوپێش دەچێت کە دەوڵەتی ڕووسیاش به جددی بەش خوازی خۆی لەم بوارانەدا چاودێری دەکات و لەوانه به پشتیوانی لە دەوڵەتی سوریا و هێرش بۆ سەر ئۆکرایین نایهەوێت لە هاوکێشە جیهانییەکاندا دۆڕاو بێت. وێڕای ئەمە، دەوڵەتی چینیش بە جددییەتێکی زۆرترەوە بەدواچوون دەکات بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی خۆی. ناکۆکییەکان لەسەر دەریای باشوور و ڕۆژهەڵاتی چین، کە بریتین لە ئیدیعای خاوەندارییەتی وڵاتانی چین، تایوان، برۆنێی، مالیزیا، فلیپین و ڤێتنام بەسەر لەوانه دوورگەکانی «سپراتلی»، «پاراسێل»، بەنداوی «سکاربۆرۆ» و سنوورەکانی کەنداوی «تۆنکین»، توند تر بوونەتەوە. لە گەڵ ئەمانەش چیین هەوڵی داوە پێگەی خۆی لە وڵاتانی ئافریقا بەهێز بکات تا هاوسەنگی هێز لە دواڕۆژی جیهاندا و دوای نەزمی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پارێزراو بێت.
له ئاوا دۆخێکدایه که هەر یەک له دەوڵەتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕووبەڕووی ئەم سێ بژاردە بوونەتەوە:
سەرپێچی، ملکەچ بوون یا لە ناوچوون. ڕاستییەکەی ئەوەیه کە تا پێش لە هاتنە سەرکاری دەوڵەتی ترامپ، بێجگە لە کۆماری ئیسلامی، دەوڵەتانی تر ڕێگای ملکەچ بوونیان هەڵبژارد و بەو قەناعەتە گەیشتن کە لە دوو بەرەدا شەڕیان بۆ ناکرێت. واتە لە لایەکەوە سەرپێچی کردن لە گەڵ پڕۆژەی دارشتنی نەزمی نوێی ناوچەکە، و لە لایەکی تریشەوە خۆڕاگری لە بەرامبەر ناڕەزایەتییه ناوخۆییەکان. کەواتە ئەولەویەتییان خۆپاراستنە له بەرامبەر ناڕەزایەتییه ناوخۆییەکان، ئەڵبەت بە بەهایی لاوازییان لە هاوکێشە ناوچەییەکان. هەر ئەمەشه دەولەتی ئیسرائیلی لە هەمیشە هارتر کردووە تا بەدواداچوون بکات بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی لە چوارچێوەی ئستراتیژی دەوڵەتی ئامریکا بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی نەزمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
تا ئەو شوێنەی که بە کۆماری ئیسلامی دەگەڕێتەوە کێشەکە قوڵترە. بە هۆی چەندایەتی و چۆنایەتی ناڕەزاییەتییه جەماوەرییەکان لە ئێران، هەر چەشنە ملکەچ بوونێک لە هاوکێشە ناوچەیەکاندا دەتوانێت بە واتەی لە ناوچوونی کۆماری ئیسلامی بێت. تا ئێستا کۆماری ئیسلامی به ئاسانی وڵاتانی تری ناوچەکە نەیتوانیووە ملکەچی پرۆژەی داڕشتنی نەزمی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت ئەگەر هاوکات مەترسییه ناوخۆیییەکانی لە سەر نەڕەوێتەوە و ئاسایشی دەرەکی مسۆگەر نەبێت. کۆماری ئیسلامی، تا ئەو شوێنەی هێزی پێ دەشکێت، هەوڵی داوە گرێبەستێک لە گەڵ نەیارانی خۆی واژۆ بکات کە مەترسی دەرەکی بە تەواوی بڕەوێنێتەوە تا لە سەراوبەندی چەشنێک لە ملکەچ بووندا هەموو هێزەکەی بخاتە خزمەت کۆنترۆڵ کردنی مەترسییه ناوخۆییەکان. بەڵام موعەماکە لەوەدایه که ڕێژە و ئاستی ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکان لە ئێران ئەوەندە بەرفراوانه کە تەنانەت ئاسایشی دەرەکی ئاسایشی ناوخۆیی بۆ کۆماری ئیسلامی مسۆگەر ناکات. ئێستا کە ”پشتوێنی بەرگری”، کۆماری ئیسلامی لاواز بووە و (حەماس، حزب الله، حوسییەکان. سورییه، هتد) ئەگەری ئەوە هەیه کاریگەری خۆی بە تەواوی له دەست بدات، هاوکات لەگەڵ شەبەحی ناڕەزایەتییه ناوخۆییەکان، ڕێگەیەکی تر بێجگە لە ملکەچ بوونی بۆ کۆماری ئیسلامی نەماوەتەوە. لە ئاوا دۆخێکدا هەوڵی کۆماری ئیسلامی ئەوەیه که بە وەرگرتنی بەرزترین ئاستی گارانتی بۆ ئاسایشی دەرەکی پرۆسەی ملکەچ بوونی خۆی بەرەوپێش بەرێت. تاکتیکی کۆماری ئیسلامی بۆ بەرەوپێش بردنە ئەم رەوتە بریتییه له: ملکەچی بەکردەوە، سەرپێچی بە ڕەواڵەت. دەوڵەتی ئامریکاش هەوڵ دەدەن بە دانی کەمترین ئیمتیاز، واقعی ملکەچ بوونی کۆماری ئیسلامی بسەلمێنێت و بە تەواوی لاوز و زەبوونی بکات. لەم ڕووەوەیه که کۆماری ئیسلامی هەرچۆن بێت بەردەوام دەکەوێت بەر گورزی قەمارووە ئابوورییەکان و ئەگەری گورزی سەربازیش وەک شەبەح بەدەوریدی دەخولێتەوە.
لە ئەگەری گورزی سەربازی بۆ سەر ئێران، ئەگەرچی گورزێکی سنوورداریش بێت، کۆماری ئیسلامی هاوکات دەتوانێت بکەوێتە بەر گورزی ناڕەزایەتییه جەماوەرییه ناوخۆییەکانیش. له ئاوا حاڵەتێکدا دوو سیناریۆ چاوەڕوان دەکرێت. یەکەم، لاوازترین بازنەکانی زنجیری دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دەپچڕێن. یەکێک لەم بازنە لاوازانه کوردستانه. بە لاوازبوونی پێگەی کۆماری ئیسلامی له هاوکێشە ناوچەیەکاندا و تەقینی بڵقیی هەیبەتی، ئاگری ژێر خۆڵەمێشی بزووتنەوەی ”ژن، ژیان، ئازادی” بڵێسە دەستێنێت و ورەیەکی نوێ دەبەخشێت به بزووتنەوەکە. لە ئاوا دۆخێکدا تەنانەت چڕوپڕ کردنی سەرکووت و داپڵۆسین وڵام ناداتەوە. دووهەم، کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدات ئەو هێزەی کە بەدەستییەوەییەتی بیخاته خزمەت پاراستنی گرینگ ترین ناوچە ستراتیژیکییەکانی دەسەڵات، وەک ناوەندەکانی پیشەسازی لە شارە گەورەکان، پاڵاوگەکانی نەوت و گاز و بەندەرەکان. لە ئاوا دۆخێکدا کۆماری ئیسلامی هەوڵنادات هێزەکەی بڵاوە پێ بکات و بۆ نموونە بە ناوچەیەکی وەک کوردستانەوە ماندووی بکات کە بۆ ئەو ناوچەیەکی کەمتر ئستراتیژیکه. هەربۆیه کشاندنەوەی هێزەکانی لە ناوچەیەکی وەک کوردستان بۆ پاراستنی ناوچە زۆرتر ئستراتیژیکییەکانی تری وڵات چاوەڕوان دەکرێت. ئاوا ڕەوتێک لە شەڕی یەکەمی کەنداو لە عێراق و له شەڕی ناوخۆیی لە سورییە ڕوویدا. لە هەردوو نموونەدا بە لاواز بوونی دەوڵەتی ناوەندی جەماوەر له باشوری کوردستان و له ڕۆژئاوای کوردستان راپەڕیین. هەردوو دەوڵەتی بەعسی عێراق و سورییەش هێزەکانیان گواستەوە بۆ پاراستنی شوێنە زۆرتر ئستراتیژیکییەکان لە بەشەکانی تری وڵاتەکانیان.
پرسیارێکی گرینگ ئەوەیه که، ئەگەر دۆخێکی ئاوا لە ئێرانیش بێتە پێش، کێ دەتوانێت بۆشایی دەسەڵاتی دەوڵەتی ناوەندی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پڕ بکاتەوە؟ ئەگەرچی ئەم سیناریۆیه تەنها یەکێکه لە چەندیک سیناریۆ، بەڵام جێگای خۆیەتی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان به هەندی وەربگرن و بیکەنه بابەتی گفتوگۆی نێوانیان.