زووم..
وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، دابەشکردنی مووچەی مانگی چواری فەرمانبەرانی عێراق دەستیپێکردووە، سەرچاوەیەکیش بە زوومی گوت، رۆژی سێشەممە لیژنەی تەکنیکی دەچێتە بەغداد و لیستی مووچەی مانگی چوار رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق دەکات.
وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، بەڕێوەبەرایەتیی ژمێریاریی وەزارەتی دارایی دەستی بە دابەشکردنی مووچەی مانگی چوار کردووە و داوا لە یەکەکانی خەرجکردنی سەربە وەزارەت دەکات نوێنەرانیان بنێرن بە مەبەستی تەواوکردنی پێداویستییەکانی دابەشکردنی مووچە.
هاوكات، دوێنێ سەرچاوەیەک لە گەنجینەی سلێمانی بە زوومی راگەیاند، ٩٥%ـی کارەکانی ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی چوار تەواو بووە، رۆژی دووشەممە وەزارەتی دارایی یەکخستنەوە و پێداچوونەوە بە لیستەکەدا دەکات و وردبینی دەکرێت، سێشەممە لیژنەی تەکنیکی، لیستەکە لەگەڵ خۆیان دەبەن بۆ بەغداد و رادەستی وەزارەتی دارایی عێراقی دەکەن.
زووم زانیویەتی، لیستەکە دەستکارییەکی زۆری نەکراوە و چاوەڕوانن وەکو دوو مانگى رابردوو بەبێ كێشە پارە لە بەغدادەوە بێت.