ئەنچیلۆتى هەموو شتێکى لەسەر داهاتووى خستە کۆتایى ئەم وەرزە و دەشڵێت ” هەر کەسێک قسە لەسەر نێوانى من و سەرۆک یان یانەکە دەکات راست ناکات”.
لە کۆنفرانسى رۆژنامەنوسى تایبەت بە یارییەکەى سبەینێى بەرامبەر بلباو لە لالیگا، کارلۆ ئەنچیلۆتى راهێنەرى ریاڵ مەدرید ئاماژەى بەوەکرد، یارییەکى بەجۆش و خرۆش دەبێت و پیرۆزباییش لە بلباو دەکات بەهۆى سەرکەوتنى بۆ قۆناغى پێش کۆتایى یۆرۆپا لیگ.
لە بارەى بارودۆخى یانەکە ئەنچیلۆتى گوتى: قسەم لەگەڵ یاریزانەکان و یانەکەش کردووە، هەموومان کۆکین لەسەر بەردەوامیدان بە کێبڕکێکردن بۆ بردنەوەى ئەو نازناوانەى ماون، هەموومان نیگەرانین بەهۆى دەرکرانمان لە چامپیۆنز لیگ، بەڵام ئەم شتانە لە تۆپى پێدا روودەدەن، ناتوانیت هەمیشە براوەبیت.
دەشڵێت: ئێمە لە یانەکەدا هەمیشە یەک هەڵوێستمان هەیە، هەر کەسێک قسە لەسەر رووبەڕووبوونەوەى نێوان من و سەرۆک یان یانەکە دەکات راست ناکات، پێرێز لەم ساتانەدا زیاتر سۆزى خۆى پیشانداوم لە چاو ئەو کاتانەى براوەبووین.
باسى لەوەشکرد، چامپیۆنز لیگ گرنگترین خولە، نەک هەر بۆ ریاڵ، بەڵکو بۆ هەموو یانەکانى دیکەش، هاوکات شتەکانى دیکەش بە گرنگ دەزانێت، هەر وەک یارى کۆتایى جامى شا و هەوڵدان بۆ بردنەوەى لالیگا و جامى جیهانى یانەکان.
لەسەر ماڵئاوایکردنیان لە چامپیۆنز لیگ، راهێنەرە ئیتاڵیەکە گوتى: ئەوەى ئازارم دەدات سوکایەتیکردنە بە ریاڵ مەدرید، بەهۆى ماڵئاوایکردنى لە چامپیۆنز لیگ، لە کاتێکدا چەندین نازناوى خولەکەى بەدەستهێناوە.
لە بارەى داهاتووشیەوە دووپاتیکردەوە، نایەوێت ئێستا باس لە داهاتووى بکات، لە کۆتایى وەرز قسە لەگەڵ یانەکە دەکات و ئێستا نایەوێت هیچ بڵێت.
ئەنچیلۆتى لە وەڵامى بەردەوامبوون لەگەڵ ریاڵ لە جامى جیهانى یانەکان و راهێنەرایەتى بەڕازیل گوتى: لە کۆتایى وەرز لەو بارەیەوە قسە لەگەڵ یانەکەم دەکەم.