ئەڵمانییەکان بە هەواڵی شکستپێهێنانی کودەتایەک خەبەریان بووەوە، کە وا وەسفدەکرێت مەترسیدارترین جوڵە بووبێت لە چەندین دەیەی رابردوودا، ئەڵمانییەکان وایدەبینن سەرکەوتنی کودەتایەکی لەم جۆرە دەیان ساڵ دەیانگەڕێنێتەوە دواوە.
رایشسبۆرگە کێن؟
گروپێکن دژی حکومەتی ئەڵمانیا کاردەکەن، پێیانوایە ئەو دەوڵەتە مۆدێرنەی لە دوای رووخانی نازییەکان لە ئەڵمانیا دامەزرێنراوە، دەوڵەتێکی قانونی نییە و خاوەنی سەروەریی نین.
رایشسبۆرگە واتە هاوڵاتییانی رایش، دەیانەوێت ئەڵمانیای ئێستا بگەڕێننەوە بۆ سەردەمی بەر لە جەنگی جیهانیی دووەم، کاردەکەن بۆ ئەوەی سنوورەکانی ئەڵمانیا بەگوێرەی نەخشەی ساڵی 1937 دابڕێژرێتەوە، کە ئەوکات بەشێک لە پۆڵەندا و فەرەنساشی لەسەر بوو.
ئەندامە نهێنییەکانی ئەم گروپە، نە ئیعتراف بە دامەزراوە فەرمییەکانی ئەڵمانیا دەکەن، نە دەچنە ژێرباری یاساکانیەوە، بەگوێرەی راپۆرتێکی کەناڵی دۆیچە ڤێللەی ئەڵمانی، کە ساڵی 2018 بڵاویکردووەتەوە، ئەندامانی گروپەکە باج بە حکومەت نادەن، هەموو بانگێشتێکی دامەزراوە یاساییەکانی وڵاتەکە پشتگوێدەخەن و بەدەم هیچیانەوە ناچن. تەنانەت هەندێکیان ئامادەنین پاسپۆرتی ئەڵمانی بەکاربهێنن، پێناس و پاسپۆرتی تایبەت بە خۆیان دروستکردوە، کە وەکو لە وێنەکەدا دەردەکەوێت رەنگی شینە و لەسەری نووسراوە دۆیچس رایش، کە مەبەست لێی پاسپۆرتی ئیمپراتۆریەتی رایشە.
کوشتنی ئەفسەرێکی ئەڵمانی
ئەمە جاری یەکەم نییە دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەڵمانیا بەدوای ئەندامانی ئەم گروپەوە بن، پێشتر چەندینجار دەستیان بە هەڵمەتی دەستگیرکردنی ئەندامانی گروپەکە کردووە، چەک و تەقەمەنی و بەڵگەنامەی ساختەیان پێ گیراوە.
سەرباری ئەو هەوڵانەی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەڵمانیا، بەڵام لە تشرینی یەکەمی 2016دا تاوانێکیان لەدەست دەرچوو، پاشئەوەی بۆیان دەرکەوت ئەفسەرێکی ئەڵمانی بەدەستی یەکێک لە ئەندامانی ئەم گروپە کوژراوە.
ژمارەی ئەندامانی رایشسبۆرگە 56% زیادیکردووە
بەگوێرەی ئامارێک، کە گۆڤاری فۆکۆسی ئەڵمانی لە ساڵی 2018 بڵاویکردووەتەوە، ژمارەی ئەندامانی رایشسبۆرگە لە ماوەی ساڵیکدا بە رێژەی 56% زیادیکردووە.
ئامارەکە ئاشکرایدەکات لەسەرەتای ساڵی 2018دا ژمارەی ئەندامانی گروپەکە گەیشتووەتە 15 هەزار و 600 کەس، لەکاتێکدا ساڵی پێشتر ژمارەیان نزیکەی 10 هەزار کەس بووە.
گۆڤاری فۆکۆس، ئاشکرایکردووە زۆرینەی ئەندامانی گروپەکە لە ویلایەتی باڤاریا نیشتەجێن کە دەکەوێتە باشووری ئەڵمانیا و لەوێ ژمارەیان دەگاتە سێ هەزار و 500 کەس.
لە ویلایەتی بادن فۆرتمبێرگ ژمارەیان دوو هەزار و 500 کەسە، هەروەها لە ویلایەتی باکووری راین ژمارەیان دەگاتە دوو هەزار و 200 کەس.
سوپای نهێنی
گۆڤارە ئەڵمانییەکە چوار ساڵ لەمەوبەر هەندێک زانیاریی بڵاوکردووەتەوە، کە لە ئێستادا دەردەکەوێت زانیارییەکان راستن، بەوپێیەی ئاماژەی بەوەداوە کە گروپەکە سەرقاڵی دامەزراندنی سوپایەکی نهێنین. هەواڵگریی ناوخۆی ئەڵمانیا ئاگاداری ئەم جوڵەیەی گروپەکە بووە، زانیویەتی کە لە چەند ویلایەتێکدا کۆبوونەوەی نهێنییان ئەنجامداوە و دەستیان بە دامەزراندنی سوپایەکی نهێنی کردووە، گوتوویانە خۆیان بۆ رۆژە مەزنەکە ئامادەدەکەن، کە رەنگە مەبەستیان ئەنجامدانی کودەتا بوبێت.
پەتای چەکی بێمۆڵەت
دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا لەوکاتەوە ترسیان لە زیادبوونی ئەندامانی گروپەکە و چەکداربونیان هەبووە، زانیارییەکان ئاماژە بەوەدەدەن هاوڵاتیانی رایش چەک و تەقەمەنییان شاردووەتەوە، هەندێک لەو چەکانە مۆڵەتی حکومییان هەبووە و بەشێکیشیان چەکی بێمۆڵەت بوون.
بەگوێرەی زانیارییەکانی حکومەتی ئەڵمانیا زیاتر لە هەزار ئەندامی گروپەکە چەکیان هەبووە.
لە پەرتەوازییەوە بۆ یەکگرتوویی
گۆڤاری فۆکۆس دەڵێت، پێشتر ئەندامانی گروپی هاوڵاتیانی رایش پەرتەوازە بوون، تەنانەت هەندێکجار ململانێی یەکدییان کردووە، مەترسییان بۆ سەر ئەڵمانیا نەبووە، بەڵام ئێستا بەو شێوەیە نەماون، لەیەکدی نزیکبوونەتەوە و پەیوەندییەکانیان بەهێزترکردووە.
پێشتر گروپە پەرتەوازەکان هەریەکەیان ئامانج و ئایدیۆلۆژیای تایبەت بە خۆیان هەبووە، بەشێکی زۆریان بیروباوەڕیان لەگەڵ بابەتە رۆحانییەکاندا هەبووە و بڕوای تەواویان بە عیلمی غەیب هەبووە. دواتریش پەیوەندییان بە یەکدییەوە کردووە، پێکەوە لە هێزێکی راستڕەودا کۆبوونەتەوە و بڕیاریانداوە ئەڵمانیا بگەڕێننەوە بۆ سنوورەکانی ساڵی 1937.
میراتگرەکانی ئیمپراتۆریەتی رایش
هاوڵاتیانی رایش خۆیان بە میراتگری ئیمپراتۆریەتی رایش دەزانن، دەیانەوێت ئەڵمانیا بگەڕێننەوە بۆ ئەو سەردەمە، کە لە ساڵی 1871 تاوەکو جەنگی جیهانیی دووەم درێژەی کێشاوە و سێ قۆناغیشی هەبووە، یەکەمیان بە ناوی ئیمپراتۆریەتی ئەڵمانیاوە ناسراوە، دووەمیشیان کۆماری فایمەر و سێیەمیشان ئەڵمانیای نازیی، کە بە رایشی سێیەم ناوی دەبەن.