زووم..
لە هێرشێکی ئیسرائیلدا بۆ سەر کەمپی پەنابەران لە رۆژائاوای خان یونس پێنج کەس کوژراون و 15ـی دیکەش بریندار بوون کە زۆرینەی منداڵن.
بەگوێرەی ئاماری لایەنە پەیوەندیدارەکانی غەزە، لە بەیانی دوێنێوە تا بەیانی ئەمڕۆ لەئەنجامی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەکانی کەرتی غەزە 64 کەس کوژراون و دەیانی دیکەش بریندار بوون.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، 40 شوێنی کەرتی غەزەیان بەئامانجگرتووە، سەرجەمیان باڵەخانەی سەربازیی و کۆگای چەک و تەقەمەنی بوون، هەروەها هێزەکانیان لە چەند ناوچەیەکی غەزە پرۆسەی سەربازیان ئەنجامداوە.
لە گەرمەی هێرشەکانی ئیسرائیلیش، پرۆگرامی خۆراکی جیهانی هۆشداریداوە، بەهۆی نەگەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان، برسێتی هەڕەشە لەسەر ژیانی دانیشتوانی غەزە دەکات، دوو ملیۆن کەس لە غەزە جگە لە هاوکارییەکان سەرچاوەی بژێویان نییە.
هەروەها ئاژانسی فریاگوزاریی نەتەوەیەکگرتوەکان ئۆنرا رایگەیاند، لە دوای شکاندنی ئاگربەست و دەستپێکردنەوەی هێرشەکانەوە نزیکەی 420 هەزار کەس لە غەزە ئاوارەبوونەتەوە.