رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
لە رۆما گەڕی دووەمی دانوستانەکانى ئەمریکا و ئێران بەڕێوەدەچێت
مارکۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەى ئەمریکا لە پاریسەوە رایگەیاند، باوەڕی وایە ئێران نەک تەنها هەر پابەند نابێت بە راپۆرتەکانى ئاژانسى وزەى ئەتۆمەوە بەڵکو سیدارانە بەرەو دەستکەوتنى ئەتۆم هەنگاو دەنێت.
رافاێڵ گروسی سەرۆکی ئاژانسی وزەی ئەتۆم دەڵێ، ماوەیەکى کەم لەبەردەستى هەردوو وڵاتدا هەیە بۆ ئەوەى بگەنە رێککەوتنێکی نوێ.
لای خۆشیەوەو عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەى ئێران لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا گوتی، ئەوان گومانیان بۆ دروستبووە لەبارەى گفتۆگۆکانیانەوە لەگەڵ ئەمریکا.
زەمان
لە بەغداد 13 هەمین پێشانگای ئەمنیى و بەرگریی دەکرێتەوە
ئەمڕۆ بە بەشداریی 150 کۆمپانیا لە 23 وڵاتەوە 13 هەمین پێشانگای ئەمنیی و بەرگریی لە پێشانگاى نێودەوڵەتى بەغداد دەکرێتەوە.
بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەى زەمان لەو پێشانگایەدا نوێترین ئامێری بەرگریی و پێداویستییە سەربازییەکان لە بوارى ئاسایش و بەرگرییدا دەخرێتەروو.
مستەفا عانی بەڕێوەبەرى گشتى کۆمپانیاى پێشانگا و خزمەتگوزارییە بازرگانییەکان رایگەیاند، پێشانگاکە سێ رۆژ دەخایەنێت تیایدا کۆمەڵێک سیمینار و دیبەیتى تایبەت بۆ پیسپۆڕانی بوارەى ئەمنی و بەرگریی ئامادەکراون، ئامانجیش بەهێزکردنى پەیوەندییەکانى نێوان وڵاتان لە بوارى ئەمنیی و بەرگریی و گۆڕینەوەى زانیارییە لە بەکارهێنانى تەکنۆلۆژیا لەو بوارانەدا
عەرەب
جەزائیر دەبێتە پەناگە بۆ سەرکردەکانى حەماس
دواى سەردانەکەى بەدر عەبدولعاتی وەزیری دەرەوەى میسر بۆ جەزائیر و گەیاندنى پەیامى عەبدولفەتاح سیسی بە عەبدولمەجید بتونى سەرۆکى ئەو وڵاتە، تا ئێستا ناوەڕۆکی پەیامەکە ئاشکرا نەکراوە.
لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا بەدر رایگەیاند، میسر یەکێکە لەو وڵاتانەى کە هەمیشە لە خەمی خەڵکی فەلەستیندا بووە و خوازیاری ئەوە بووە بە ئارامی بژین، شرۆڤەکارانیش پێیانوایە پەیامەکەى سیسی ئەوە بووە کە رێگە بەسەرکردەکانى حەماس بدرێت بچنە وڵاتانى دیکەو یەکێکیان جەزائیرە و ئەوەش ببێتە دەستپێک بۆ ئاگربەستى تەواوەتى و دوورکەوتنەوە لە راگواستنى خەڵکی غەزە.
رۆژنامەکە نوسیویەتى ئەگەر ئەم هەنگاوە سەربگرێت دووبارەکردنەوەی سیناریۆی دوورخستنەوەى سەدان کادری پێشکەوتووى رێکخراوە فەلەستینییەکانە لە ساڵی 1982 بەڵام ئەو کات کارەکە بە رەزامەندی ئیسرائیل و ئەمریکا ئەنجام درا.
رۆژنامە تورکییەکان
سەباح
دانیشتووانی تورکیا %25.5یان منداڵن
بە گوێرەى راپۆرتێکی نوێی دەزگای ئامار تادێت رێژەى منداڵ لەنێو کۆمەڵگەى تورکیا کەمدەبێتەوە.
لەئێستادا رێژەى مناڵ %25.5 تۆمار کراوە.
رێژەى مناڵ بەشێوەیەکی خێرا کەمدەبێتەوە بە جۆرێک پێشبینی کراوە تا ساڵی 230 رێژەکە بۆ %23 کەمبێتەوە.
جمهورییەت
دەنگەکانی ئەردۆغان بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیووە
بەگوێرەى نوێترین راپرسی ناوەندی ئاریا، رەجەب تەیب ئەردۆغان دەنگی تەواوی لە راپرسییەکەدا بەدەستنەهێناوە بۆ هەڵبژاردنەوەى وەک سەرۆککۆمار.
لە راپرسییەکەدا ئەردۆغان 25%ـى دەنگەکانی بەدەستهێناوە.
هاوکات راپرسییەکە هۆکاری کەمبوونەوەى دەنگەکانی ئەردۆغانی بە سێ خاڵ دەستنیشان کردووە لەوانەش:
قەیرانی ئابووری، نامە گۆرینەوەکان لەگەڵ ئیمراڵی، هەروەها دەستوەردان لە دادگا.
ئەڤرەنسەل
لەماوەى چوار ساڵدا 750هەزار منداڵ بوونەتە کرێکار
هەژاری بەرۆکی کۆمەڵگەى گرتووە و تادێت ژیان قورستر دەبێت.
بەگوێرەى ئامارێکی نوێ، تەنها لەماوەى چوار ساڵی رابردودا 750 هەزار مناڵ بوونەتە کرێکار و لە کەرتی جیاوازدا کاری قورس دەکەن.
لە ساڵی 2020 دا لە تورکیا و باکووری کوردستان منداڵان لەنێوان تەمەنی 15بۆ 17 ساڵان تەنها 16% یان کرێکارییان دەکرد. رێژەکە لە ساڵی 2024 دا گەیشتۆتە %24.9.
زۆرێک لەو مناڵانەى وەک کرێکار کاری قورس دەکەن بەهۆی خەرجییەکانەوە ناتوانن درێژە بە پڕۆسەی خوێندن بدەن.
دونیا
لە مانگی ئازاردا 462 کۆمپانیای بیانی لە تورکیا دامەزراون
سەرمایەی بیانیی لەتورکیا تادێت روو لە زۆربوون دەکات تەنها لە ماوەى مانگی رابردوودا 462 کۆمپانیای بیانی لەو وڵاتە دامەزراون.
لەوانەش 256 کۆمپانیا بە هاوبەشی کۆمپانیا تورکییەکانن و 22کۆمپانیاش چینی و 17 کۆمپانیا ئێرانیی و 14ـى دیکە ئەڵمانین.
هاوکات ئەمریکا، روسیا، ئەڵمانیا، ئازربەیجان و پاکستانیش خاوەن کۆمپانیان لە تورکیا.
بەشێکی زۆر لەو کۆمپانیایانە لەبواری کەرتی بیناسازیی و وەبەرهێنانی ئاسن و کەرەستەی تەکنەلۆجی کاردەکەن.
رۆژنامە فارسییەکان
باختەر
گواستنەوەی کاڵا لە سنوورەکان گەشەی بەرچاوی کردووە
بەڕێوەبەری گشتیی رێگاوبان و گواستنەوەی پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، بە گوێرەی ئامارە بڵاوکراوەکان، گەشەی بەرچاومان لە گواستنەوەی کاڵا لە سنوورەکانی پارێزگای کرماشاندا روویداوە.
لە ماوەی ساڵی رابردوودا، گواستنەوەی کاڵا بە رێژەی 21٪ زیادی کردووە و لە 126 هەزار بارهەڵگرەوە بۆ 154 هەزار بارهەڵگر بەرز بووەتەوە.
هەناردەکردنیش لە سنوورەکانی پارێزگای کرماشان گەشەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و هاتووچۆی بارهەڵگرەکان 128٪ گەشەی کردووە.
هەروەها هاتووچۆی گەشتیاران لە سێ سنووری خوسرەوی، پەروێزخان و شۆشمێ بەراورد بە ساڵی پێشو٪16 زیادی کردووە.
جەهانی سەنعەت
قەتەر لە بازاڕی گازی جیهانیدا جێگای ئێرانی گرتووە
توێژینەوەیەک دەریدەخات کە هەڵسوکەوتی بەرهەمهێنانی گازی قەتەر لە بازاڕی گازی جیهانیدا هاوشێوەی هەڵسوکەوتی عەرەبستانی سعودییە لە بازاڕی نەوتدا.
قەتەر، وەک خاوەنی یەدەگی گەورەی گازی سروشتی دەتوانێت ئاستی بەرهەمهێنانی خۆی بگۆڕێت بەپێی گۆڕانکارییەکانی بازاڕ.
توێژینەوەکە کە لەسەر بنەمای داتای ساڵانی 2001 تا 2021 ئەنجامدراوە، دەریدەخات کە گۆڕانکارییەکانی بەرهەمهێنانی گازی قەتەر بە ئاراستەی سەقامگیریی بازاڕ بووە و لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی خۆیدا ناگونجێت.
هەروەها، توێژینەوەکە دەریدەخات کە لە ماوەی درێژخایەندا پەیوەندییەکی واتادار لە نێوان بەرهەمهێنانی گازی ئێران و قەتەردا هەیە، بە شێوەیەک کە بە پاشەکشەی ئێران لە بازاڕەکانی جیهان، قەتەر هەناردەی گازی زیاتر کردووە و جێگای ئێرانی گرتووە.
ئارمانی ئیمروز
گەڕێ دووەمی دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا لە رۆما بەرێوەدەرچێت
خولی دووەمی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بڕیارە ئەمڕۆ لە باڵیۆزخانەی عومان لە رۆمای ئیتالیا بەڕێوەبچێت.
ماڵپەڕی ئەکسیۆس نووسیویەتی، رۆژی شەممە لە باڵیۆزخانەی عومان لە رۆما و نزیکەی کاتژمێر 5ـی بەیانی بە کاتی ئەمریکا دانوستانەکان دەستپێدەکات و لانیکەم پێنج کاتژمێر بەردەوام بێت.
ئەکسیۆس نووسیویەتی ئەمریکا هیوادارە ئەم خولەی دانوستانەکان بە داڕشتنی چوارچێوەیەک بۆ هەنگاوەکانی داهاتوو کۆتایی بێت.
ئەبرار
دروستکردنی 10 وێستگەی وزەی خۆر لە ئیلام دەستیپێکرد
لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەرانی پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان، دەستکرا بە دروستکردنی 10 وێستگەی وزەی خۆر بە توانای 60 مێگاوات لە ناوچە جیاوازەکانی ئەو پارێزگایە.
بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای پارێزگای ئیلام لە پەراوێزی ئەم رێوڕەسمەدا رایگەیاند کە ئەم وێستگانە لە ناوچەکانی مێهران، دیهلوڕان، ئاودانان و چەرداوڵ بە بەڵێندەر سپێردراوە.
وەلیوڵا ناسری گوتیشی: ئامانجمان بەرهەمهێنانی 650 مێگاوات کارەبایە لە وێستگەکانی وزەی خۆری نوێبووەوە و بە لەبەرچاوگرتنی رەوتی تەرخانکردنی زەوی، چاوەڕوان دەکرێت هەنگاوە سەرەکییەکانی ئەم پڕۆژانە ئەمساڵ دەستپێبکات.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
وەزیری داراریی بەریتانیا دەڵێ بڕینی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ چیندا کارێکی بێمانایە
رەیچڵ ریڤز وەزیری دارایی بەریتانیا لەدژی ئەو هەوڵانەی دۆناڵد ترەمپ دەوەستێتەوە کە دەیەوێت چین بخاتە ناو گۆشەیەکی دابڕاوەوە.
ریڤز دەڵێ، بۆ بەریتانیا ئەوە کارێکی زۆر بێمانا دەبێت، پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ چیندا فەرامۆش بکات. ئەم گوتنەی ریڤز وەڵامێک بوو بۆ هەوڵەکانی دۆناڵد ترەمپ، کە دەیەوێت دابڕانێک لە دەوری چین دروست بکات. لە دیدارێکیدا کە رۆژنامەی تەلەگراف لەگڵیدا ئەنجامیداوە، ریڤز دەڵێ بەریتانیا لەبریی بیرکردنەوە لە لەمپەر و رێگرییەکانی ئێستا هەوڵدەدات پەیوەندیی نوێ و باشتر لەگەڵ چیندا دروستبکات.
تایمز
دامەزراوەی پەنابەرانی نەتەوەیەکگرتووەکان چاوی لەسەرئەوەیە ناوەندێکی بۆ گەڕاندنەوەی پەنابەران دروستبکات
رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ناوەندێکی بۆ گەڕاندنەوەی پەنابەران دروستکردووە، ناوی ناوەندی گەڕاندنەوەیە، پارتی کرێکارانی بەریتانیاش دەنگی ناو پەرلەمانی بەدەستهێناوە، کە ئەو پەناخوازانەی داواکارییەکانیان رەتکراوەتەوە، لە رێگەی ئەو ناوەندەی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە بنێردرێن بۆ ئاژانسەکانی پەنابەرانی نەتەوەیەکگرتووەکان، بۆئەوەی وەریانبگرێت، بۆ ناردنیان بۆ وڵاتانی دیکەی وەک بەڵکان، یان گەڕاندنەوەیان بۆ وڵاتەکانی خۆیان. مانگی رابوردوو یەڤیت کوپەری وەزیری ناوخۆی بەریتانیا دیدارێکی لەگەڵ کاربەدەستێکی باڵای نەتەوەیەکگرتووەکاندا هەبووە، کە ئیشەکانی تایبەت بوون بە کاروباری پەنابەران، (واتە یو ئێن هەیچ سی ئاڕ) قسەیان لەسەر ئەوە کردووە، کە ئەو پەنابەرانەی لە بەریتانیادا داواکارییەکانیان رەتکراوەتەوە، بنێردرێن بۆ وڵاتەکانی بەڵکان. ئەو وڵاتانەش لەبەرامبەری وەرگرتنی پەنابەرەکاندا پارەیان پێبدرێت.
گاردیەن
مامۆستایان رقهەڵگرتن لە ژنان و رەگەزپەرستیی لەناو خوێندنگەکانی بەریتانیادا زیادیان کردووە
مامۆستایان هۆشداری دەدەن و دەڵێن رقبوون لە ژنان، کە پێیدەگوترێت مایزەجینی، دیاردەیەکە لەناو خوێندنگەکانی بەریتانیدا سەریهەڵداوە.
رەگەزپەرستیش بە هەمان شێوە زۆربووە. خوێندکارانی ناوەندەکانی خوێندن لاسایی هەڵسوکەوتەکانی دۆناڵد ترەمپ و کەسێکی وەک ئەندروو تاتێ دەکەنەوە . ناوەندی توێژینەوەی ناسڤوت لێکۆڵینەوەیەک و بەدواداچوونێکی خۆیی بڵاوکردۆتەوە، تێیدا دەڵێ، بڵاویی بەکارهێنانی ماڵپەڕە کۆمەڵایەتییەکان هۆکارێکی سەرەکیی بڵاوبونەوەی ئەم دیاردانەیە. کە بەهۆیانەوە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ژنی ناو خوێندنگەکان پەستانێکی زیاتریان لەلایەن خوێندکارانەوە دەخرێتە سەر.
گەڵف نیوز
میرنشینی شاریقە ئۆتۆمبێلی فڕیوی نمایشکرد
مینرنشینی شاریقە، کە یەکێکە لە میرنشینییەکانی ئیماراتی عەرەبی ئۆتۆمبێلێکی فڕیوی ئاشکراکرد، کە بەهاکەی 800 هەزار دۆلارە و لە توانایدا هەیە لە ماوەی دوو کاتژمێر و بیست خولەکدا لە ئەبووزەبییەوە بگات بە مەسقەتی پایتەختی شانشینی عومان.
ئۆتۆمبێلەکە ناوی (پاڵ ڤی لیبەرتی)ـیە، پێکهاتەیەکی هاوبەشی هەیە لەنێوانی فرۆکەیەکی سووکەڵەی جۆری جیرۆپلەین و ئۆتۆمبێلێکی ئاساییدا . ئاسانکاری دەکات بۆ دەربازکردنی گەشتیاران لە قەرەباڵەغیی هاتوچۆی ناو شەقامەکان. دەتوانێت لە هەر گەشتێکیدا 500 کیلۆمەتر ببڕێت و خێرایی رۆشتنەکەشی دەگات بە 180 کیلۆمەتر لە یەک کاتژمێردا.