زووم..
رۆژنامە تورکییەکان
تورکیا: تائێستا 234 شارەوانیی ئۆتومبێلی ئاگرکوژانەوەیان نییە
لە تورکیا و باکووری کوردستان، هەزار و 402 شارەوانیی لە قەزاو ناحیەکاندا هەیە، بەگوێرەى راپۆرتەکان مەترسییەکی نوێ لەسەر ئاگرکەوتنەوە لەو شوێنانە ئاشکرا بووە.
محەمەد ئۆڵجای یاریدەدەری سەرۆکی رێکخراوی یەکێتیی ئۆتومبێلی ئاگرکوژانەوەکان رایگەیاندووە لە دوو سەد و سی و چوار شارەوانیی قەزاو ناحیەکاندا تائێستا ئۆتومبێلی ئاگرکوژانەوەیان نییە. ئەمەش لە ئەگەری روودانی کەوتنەوەى ئاگر مەترسی گیانلەدەستدان لەو ناوچانە دروست دەکات.
تورکگون: ئەردۆغان دەڵێت، خەریکە کۆتایی بە شەڕی 40 ساڵە ئەهێنین
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند: ماوەى 40 ساڵە وڵاتەکەمان گیرۆدەى شەڕی پەکەکە بۆتەوە بەوهۆیەوە خوێنی نەوەکانمان رژاوە و سەرچاوەکانی وڵاتەکان لەپێناویدا بەهەدەر چووە.
ئەردۆغان راشیگەیاندووە خەریکە کۆتایی بە شەڕی چل ساڵە دەهێنین و بەیەکجاری شەری براکوژی ناهێڵین.
یەنی ئاسیا: رێژەى هەڵاوسانی خۆراک لە تورکیا هەشت هێندەى وڵاتانی ئەوروپایە
سوعاد کڵچ یاریدەدەری سەرۆکی گشتیی پارتی رەفای نوێ رایگەیاند، رێژەى هەڵاوسانی خۆراک لە تورکیا زۆر بەرزە بەجۆرێک هەشت هێندەی رێژەى هەڵاوسانە لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا. گوتیشی حکومەت هیچ هەنگاوێکی بۆ هاوسەنگیی رێژەى هەڵاوسان نەکردووە و ئەوەشی دەیڵێت لەسەر دابەزینی رێژەى هەڵاوسان دوورە لە راستییەوە.
بەگوێرەى ئامارە فەرمییەکان رێژەى هەڵاوسانی خۆراک لە مانگی ئازاردا سەدا دوو پۆینت 46 بەرزبووەتەوە و لەسەرئاستی ساڵانەش رێژەی هەڵاوسانی خۆراک سەدا 38 بووە.
میللیەت: هەفتەى داهاتوو شاندی ئیمراڵی و وەزیری داد کۆدەبنەوە
بەهۆی خراپبونی تەندروستی سری سورەیا ئۆندەر ئەندامی شاندی ئیمراڵی، سەردانەکەى شاندی ئیمراڵی بۆ لاى یڵماز تونچ وەزیری داد دواکەوتبوو.
وەزیری داد رایگەیاندووە لە هەفتەى ئایندە رۆژێک دیاری دەکەین بۆئەوەى پێشوازی لە شاندەکە بکەین.
سەردانەکەى شاندی ئیمراڵی لە چوارچێوەی پڕۆسەی چارەسەرییە لە تورکیا و بۆ یەکەمجارە شاندەکە سەردانی وەزیری دادی تورکیا بکات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر هەموارکردنەوەى چەند یاسایەک.
رۆژنامە ئینگلیزیەکان
دەیلی تەلەگراف: ترەمپ بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پاشا سەردانی بەریتانیا دەکات
چاوەڕوان دەکرێت دۆناڵد ترەمپ لە مانگی ئەیلولدا گەشت بکات بۆ بەریتانیا بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوە لەگەڵ پاشا لە قەڵای ویندسۆر و هەروەها چاوەڕوان دەکرێت لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا کۆببێتەوە.
ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدا دێت کە پەیوەندییەکانی نێوان بەریتانیا و ئەمریکا رووبەڕووی ئاڵنگاری بوونەتەوە بەهۆی سەپاندنی باجەکانی ئەمریکا لەسەر بازرگانی.
چاوەڕوان دەکرێت ترەمپ لە کۆبوونەوەکاندا باسی ستراتیژییەتی هاوبەش بکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی کێشە هاوبەشەکان و پاراستنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی هەردوو وڵات.
تایمز: حەبی کێش دابەزاندن دەتوانێت جێگەی دەرزی بگرێتەوە
دڕوستکردنی حەب بۆ دابەزاندنی کێش لەوانەیە ببێتەهۆی گۆڕانکارییەکی گەورە لە رێگەی چارەسەرکردنی قەڵەوی و پێشکەوتنێکی بەرچاوی تەندروستی لە ئاستی جیهاندا.
پێشبینی دەکرێت لە ساڵی داهاتوودا حەبی دابەزاندنی کێش لە بازاڕەکان دەستبکەوێت، ئەم حەبە رۆژانەیە هەمان کاریگەرییەکانی دەرزیی
هەیە بەڵام بەبێ پێویستی بە دکتۆر و نەخۆشخانە و دەرزی لێدان.
شارەزایان پێشبینی دەکەن کە ئەم حەبە دەبێتە هۆی دابەزینی کێشی زۆر و رێگری لە نەخۆشییە درێژخایەنەکان بکات.
دۆزینەوەی ئەم دەرمانە دەتوانێت داهاتووی دابەزاندنی کێش بگۆڕێت.
گاردیەن: پەرلەمانتاران دەتوانن دەنگ لەسەر کەمکردنەوەی یارمەتییەکان نەدەن
لەم هاوینەدا ئەندامانی پەرلەمان دەنگ لەسەر کەمکردنەوەی پارەی یارمەتیی کەمئەندامان دەدەن بەڵام دژبەرانی بڕیارەکە مافی ئەوەیان هەیە دەنگنەدەن.
دەیان ئەندامی پەرلەمان لە پارتی کرێکاران نیگەرانن کە ئەم کەمکردنەوەیە زیان بە هاووڵاتییەکانیان دەگەیەنێت و دەکرێت کورسییەکانیان لەدەستبدەن.
حکومەت هەوڵ دەدات هەژاریی منداڵان کەمبکاتەوە بە چەند رێکارێکی وەک یارمەتیدانی دایک و باوکانی هەژار کە منداڵی خوار پێنج ساڵیان هەیە.
یەکێک لە ئەندامانی پەرلەمان لە پارتی کرێکاران دەڵێت: کاتێک لە دەنگدانی سووتەمەنی زستانەدا پەرلەمانتاران دەنگیان نەدا، ئاگادارکرانەوە کە ئەمە وەک دژایەتی حکومەت وەرگیراوە. بۆیەش ئێستا پێشنیاری دەنگنەدان کراوە.
ئیندیپەندەنت: بەهۆی بڕیارێکی ترەمپەوە 4 ملیۆن کەس بە ئایدز دەمرن
کەمکردنەوەیەکی دڕندانە لە یارمەتی دەرەکی ئەمریکا بووەتە هۆی وەستاندنی بەرنامە جیهانییەکانی بەرەنگاربوونەوەی ئایدز و بڕینی دەرمانەکان کە ژیانی ملیۆنان کەس دەخاتە مەترسییەوە.
رۆژنامەنووسان لە ئوگاندا و زیمبابوێ ئەمەیان بەچاوی خۆیان بینیوە و بە گوێرەی پێشبینییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەگەر یارمەتییەکان نەگەڕێندرێنەوە، لە پێنج ساڵی داهاتوودا ژمارەی مردنەکان بەهۆی ئایدزەوە لە 6 ملیۆنەوەبۆ 10 ملیۆن کەس بەرز دەبێتەوە.
لە وڵاتە هەژارەکاندا کە %60ی خزمەتگوزارییەکانی بەرەنگاربوونەوەی ئایدز لەلایەن ئەمریکاوە دابین دەکرێت، وەستاندنی یارمەتییەکانی ئەمریکا دەتوانێت دەیان ساڵ پێشکەوتنی جیهانی بۆ کۆتاییهێنان بە پەتاکە لەناوببات.
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرق ئەلئەوسەت: روسیا تالیبانی ئەفغانستان لە لیستی تیرۆر دەردەهێنێت
دادگای باڵای رووسیا رایگەیاند فەرمانێکی پەسەندکردووە، بەگوێرەی ئەو فەرمانە تالیبان لە لسیتی رێکخراوە تیرۆریستییەکان دەبرێتە دەرەوە. ئەم هەنگاوەی دادگای رووسیا کارێکی رەمزییە، مەبەست لە ئەنجامدانەکەی ئەوەیە پەیوەندییەکانی نێوانی مۆسکۆ و کابوول چاک بکاتەوە، لەوڕووەوە کە ئێستا ئەفغانستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی وڵاتێکی دابڕاوە.روسیا دەیەوێت سوودی لێببینێت.
ئۆلیگ نێڤیدۆڤ ئەو دادوەرەیە، کە بڕیارەکەی لەبارەی تالیبانەوە دەرکردووە. ئاژانسی هەواڵی رووسی لەزاری ئەوەوە دەڵێت، دانیشتنەکەی دادگا داخراو بووە، لەگەڵ ئیمزاکردنیدا خراوەتە بواری کارپێکردنەوە.
عەرەب: لاهوور شێخ جەنگی پێیوایە، پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا کاریگەریی لەسەر هەڵبژاردنەکانی عێراق دەبێت
لاهور شێخ جەنگی کەسایەتیی سیاسیی کوردی عێراقی پێشبینی دەکات ئەو بەرەوپێشچوونانەی لەسەر ئاستی پەیوەندییەکانی نێوانی ئێران و ئەمریکادا روویانداوە، کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر هەڵبژاردنەکانی عێراق دەبێت، ئاراستەیەکی پێدەدەن، بەڵام جارێ ئەوە روون نییە، ئەو ئاراستەیە چۆن دەبێت. وا چاوەڕواندەکرێت لە مانگی تشرینی دووەمی داهاتوودا لە عێراق هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.
پێشبینییەکانی دەگات بەو ئاستەی کە دەڵێت ئەگەری ئەوە هەیە، ئەگەر ئێران و ئەمریکا رێک نەکەوتن، ئەو هەڵبژاردنانەش ئەنجام نەدرێن، ئەگەرچی عێراق ئەنجامدانەکەی بە گرنگ دەزانێت بۆ ئارامگرتنی رەوشی ئاسایشی خۆی.
عەرەبی جەدید: ئەمڕۆ کوردانی سوریا کۆنگرەی خۆیان دەبەستن.
ئەمڕۆ هێز و پارتە سیاسییەکانی کوردی سوریا لە قامیشلۆ کۆنگرەی خۆیان دەبەستن. بڕیارە نزیکی سێسەد کەسایەتیی کورد تێیدا بەشداربن. مەبەست لەم کۆنگرەیە یەکخستنی راوبۆچونی کوردی رۆژئاڤایە لەسەر ئەو دۆسییانەی کە لەگەڵ حکومەتی دیمەشقدا دانوستاندنی لەسەردەکەن. ئەو پێشهاتانەی لەناو هەلومەرجی ئێستای سوریادا رۆژەڤن دەشێت ئاڵوگۆڕ لە پەیوەندیی نێوانی دیمەشق و کوردی سوریادا دروستبکەن. ئەو کارانەی کە هێزەکانی سوریای دیموکرات لە بواری ئەم پەیوەندییانەدا ئەنجامیانداوە، هەندێک گۆڕانکارییان دروستکردووە.
جەریدە: هەڵاتنە گەورەکەی ئەسەد بە فڕۆکەیەکی لوبنانی ئەنجامدراوە
پێش کەوتنی حکومەتی سوریا بە یەکجاری، ئەودەمەی کە دوژمنانی ئەسەد لە دیمەشق نزیکدەبوونەوە، بەشار ئەسەد فڕۆکەیەکی جۆری ئیمرایەر لێگەسیی لوبنانیی بەکارهێناوە و هەرچی پارە و کاڵای گرانبەها و سەرمایەی خۆی هەبووە، لەگەڵ کەسانی خزم و خێزانی خۆیدا لە کۆشکی کۆمارییەوە گواستنیەوە بۆ وڵاتێکی کەنداوی عەرەبی. ئەسەد لە ماوەی 24 کاژمێردا چوار گەشتی بە ئەو فڕۆکەیە ئەنجامداوە، بەڵگەنامە نهێنییەکانی کارکردنی خۆی و تۆڕەکانیشی گواستۆتەوە بۆ کەنداو. رۆیتەرز توانیویەتی لێدوانی 14 کەسی ئاگادار لەو پلانە وەربگرێت، کە هەموویان فەرمەنبەری فڕۆکەخانە و ئەفسەری پێشووی هەواڵگری و پاسەوانی کۆماری بوون. ئەوانە گوتویانە یەسار ئیبراهیمی بەڕێوەبەری نوسینگەی دارایی و ئابوریی سەرۆکی سوریا رۆڵێکی سەرەکیی هەبووە لە راگەیشتنی دەستی بەشار ئەسەددا بە تەواوی کەرتی ئابوری و دارایی وڵاتەکە و هەر ئەویش لە جێبەجێکردنی ئەو پلانەدا یارمەتییداوە.