ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکى روسیا، جیهان بێ هیوا دەکات، لە کۆتاییهاتنى شەڕی هێرشەکانى بۆ سەر ئۆکراین و دەڵێت، رەنگە ببێتە پرۆسەیەکی درێژخایەن.
ڤلادیمێر پوتین، دوێنێ چوارشەممە لەکاتى گفتوگۆی لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی وڵاتەکەی رایگەیاند، هەرگیز روسیا دەستپێشخەری بۆ بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی ناکات.
سوپاى روسیا سەرباری کۆنتڕۆڵکردن و ئەنجامدانى ریفراندۆم لە هەرێمەکانى خێرسۆن، لۆهانسک، دۆنتێسک و زاپۆریژیا، بەڵام بەم دواییە لە خێرسۆن کشایەوە، بەڵام پوتین رەتیکردەوە سوپاکەى لە پاشەکشەدا بن.
پوتین رەتیدەکاتەوە سوپاکەی لە پاشەکشەدا بێت
پوتین باسی لە خاوبوونەوەى ئۆپراسیۆنەکانى وڵاتەکەى کرد، بەڵام گوتى، بێگومان ئەمە پرۆسەیەکی درێژخایەن دەبێت. ئێستا روسیا خاکی نوێی هەیە، کە ئەمە ئەنجامێکی بەرچاوە بۆ وڵاتەکەى، “دەریای ئازۆڤ بووەتە دەریایەکی ناوخۆیی روسیا. ئەو دەڵێت، تەنانەت پیتەری یەکەمیش، کە لەسەدەی 17 بۆ 18دا حوکمی روسیای کردووە بۆ گەیشتن بە دەریای ئازۆڤ شەڕی کردووە.
پوتین رایگەیاند، پلانی بۆ خولێکی دیکەی کۆکردنەوەی سەرباز نییە، “لە کۆی 300 هەزار سەربازی روسی کۆکراوە، تەنها نیوەیان رەوانەی ناوچەی شەڕ و پێکدادانەکان کراون، لە کاتێکدا ئەوانی دیکە هێشتا لە ناوچەی مەشقکردندان”. بۆیە هیچ پلانێکیان سەبارەت بە رێوشوێنی کۆکردنەوەی سەربازی زیادە نییە.
پوتین:
روسیا هەرگیز دەستپێشخەری بۆ بەکارهێنانی چەکى ئەتۆمى ناکات
بەکارهێنانى چەکى ئەتۆمى، ئەو مەترسییەیە، کە زۆرجار سەرکردەکانى وڵاتانى رۆژئاوا باسی دەکەن و هۆشدارى دەدەن، کە روسیا پەناى بۆ دەبات. پوتین گوتى، بەهۆی ململانێ لەگەڵ رۆژئاوا، ئەگەری روودانی شەڕی ئەتۆمی زیاتر دەبێت، بەڵام روسیا هەرگیز دەستپێشخەری بۆ بەکارهێنانی چەکى ئەتۆمى ناکات.
ئەو دەڵێت، “ئێمە شێت نەبووین و دەزانین چەکی ئەتۆمی چییە. ئێمە لە هەموو وڵاتێکی ئەتۆمی پێشکەوتووتر و مۆدێرنترن ئەم ئامرازانەمان هەیە و ئەمە راستییەکی ئاشکرایە.” دەڵێت “ئێمە ناچین ئەم چەکانە وەک گوێزانێک بەدەستەوە بگرین و جیهانی پێ بترسێنین، بەڵام بێگومان بەو تێگەیشتنەوە مامەڵە دەکەین بوونیان هەیە.”