زووم..
رۆژنامە عەرەبییەكان
شەرقلئەوسەت
سوپای ئەمریكا خۆی بۆ كشانەوە لە سوریا ئامادە دەكات
دوو بەرپرسی باڵای ئەمریكی بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزیان راگەیاندووە، سوپای ئەمریكا خۆی بۆ كشانەوە لە سوریا ئامادە دەكات كە بڕیارە لەچەند هەفتەی داهاتوودا دەست بە كشانەوەكە بكات و لەئێستاشدا ژمارەی سەربازەكانیان كەمكردووەتەوە بۆ نیوە كە زۆینەیان لە ناوچەكانی باكوری رۆژهەڵاتی سوریا جێگیركراون.
رۆژنامەكە، نوسیوویەتی هێزەكانی ئەمریكا لە ناوچە كوردنشینەكانی سوریا ماونەتەوە و لەكاتی شەڕی داعشدا هاوكاریی باشی یەكترییان كردووە.
بەرپرسێكی باڵای دیكەش رایگەیاندووە، هەزار سەرباز و ئەفسەری ئەمریكی لە سوریان و مانەوەیان پەیوەستە بە ئەنجامی دانوستانەكانی ئەمریكا و ئێران.
هاوكات، رۆژنامەی “یەدیعۆت ئەحرەنۆت”ی ئیسرائیلی بڵاویكردووەتەوە، حكومەتی ئیسرائیلی لە هەوڵدایە ئەمریكا لە بیرۆكەی كشانەوەی لە سوریا پەشیمان بكاتەوە و لایەنە ئەمنییەكانی ئیسرائیلیش بەردەوام فشار دەخەنە سەر ئەمریكا بۆ ئەوەی هێزەكانی نەكشێنێتەوە و نیگەرانی توندی خۆیان گەیاندووەتە بەرپرسانی ئەمنی ئەمریكا، بەرپرسانی ئەمریكیش دڵنیایان كردوونەتەوە هێزەكانیان كەمدەكەنەوە، بەڵام لە ترسی هەژموونی توركیا ژمارەیەكیان هەر لە سوریا دەهێڵنەوە.
سەباح
هەناردەی عێراق بۆ ئەمریكا لە 110% زیادیكردووە
رۆژنامەی سەباح لەڕێی ئینفۆگرافیكێكەوە قەبارەی بازرگانی نێوان عێراق و ئەمریكای بڵاوكردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەكردووە هەناردەی عێراق لە 110% زیادیكردووە.
ئەوەش لەكاتێكدایە كە قەبارەی هاوردە لە ئەمریكاوە 9 بۆ 10 ملیار دۆلار بووە لە دوو ساڵی رابردوودا، كە بریتیبووە لە ئۆتۆمبێل، پارچەكەی یەدەگ، پێدوایستییەكانی ئەندازیاریی و كارەبایی.
هەروەها تەرازووی بازرگانی لە بەرژەوەندی عێراق بووە بەڕێژەی پێنج میلیار و 700 ملیۆن دۆلار و ساڵانەش بە بەهای 10 ملیار دۆلار نەوت هەناردەی ئەمریكا دەكات.
رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، هاوردەكردنی ئامێر و پارچەی یەدەگ و مۆلیدەی كارەبایی و وێستگەی كارەبایی بەهای 260 ملیۆن دۆلاری ساڵانەیە، بۆیە ساڵانە گەشەی بازرگانی لەنێوان هەردوو وڵاتدا زۆرتر دەبێت و لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا دووهێندە زیادیكردووە.
عەرەب
لە پێشبڕكێی سەرۆكایەتیی داهاتوودا سودانی پلانەكەی نوری مالیكی تێكدا
دوێنێ لە دیداری سلێمانیدا محەمەد شیاع سودانی رایگەیاند، لە هەڵبژاردنی داهاتوودا خۆی كاندید دەكات و ئەوەش دەبێتە لەمپەڕ لەبەردەم خواستەكانی نوری مالیكیدا كە دەمێكە پلانی بۆ دادەنێت و دەیەوێت ببێتەوە سەرۆكوەزیرانی عێراق.
رۆژنامەكە، نوسیوویەتی ئەوەی زیاتر مالیكی نیگەران دەكات ئەو پێشوازییە ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتیەیە كە لە سودانی دەكرێت و توانای بەڕێوەبردنی كارەكەیەتی لە ماوەكانی رابوردوودا، گۆڕانكارییەكانی ناوچەكەش لە بەرژەوەندیی سودانییە نەك مالیكی.
ئاماژەی بەوەشكردووە، ئێران خۆی یەكلایی كردووەتەوە لە عێراقدا هیچ جموجوڵێك لە دژی ئەمریكا ئەنجام نەدات و ئەوەش دەبێتە پشتیوانی بۆ سودانی نەك بۆ مالیكی.
هەروەها رۆژنامەكە نوسیوویەتی، چاودێران باوەڕیانوایە لە داهاتوویەكی نزیكدا ئێران فشار دەخاتە سەر میلیشیاكانی نزیكی خۆی بچنەوە ژێر باڵی حەشدی شەعبی و چەكەكانیان رادەستی حكومەت بكەن و ئەندامەكانیان بچنە نێو دامەزراوە سەربازیی و ئەمنییەكان، هەربۆیە پەنابردنی مالیكی بۆ سەرۆكایەتی، بە خۆكاندیدكردنی سودانی دەبێتە وەرەقەیەكی سوتاو.
مەدا
راپۆرتێكی ئەوروپی: عێراق لە دۆزەخەوە بەرەو دەروازەی گەشتیاریی هەنگاودەنێت
رۆژنامەی ” ئێن زێد زێد”ـی سویرسری بڵاویكردەوە، دۆخی گەشتیاریی لە عێراق هەنگاوی باشی بەرەوە گەشانەوە ناوە، ئەوەش لەكاتێكدا هەمان رۆژنامە لە ساڵانی رابردوودا بڵاویكردبووەوە كە عێراق بەهۆی بڵاوبوونەوەی چەك و هەڵگیرسانی شەڕ و ناكۆكی نێوان پێكهاتەكان دۆزەخێكی تاودراو بوو.
راپۆرتەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، پارێزگاكانی بەغداد و بەسرە گۆڕانكاریی گەورەیان بەسەردا هاتووە لەڕووی گەشتیارییەوە، شوێنەوارە ئاینییەكانی عێراق بوژانەوەی زۆریان بەخۆیانەوە بینیوە، بەتایبەتی لە كەربەلا كە توانای پێشوازی ملیۆنان گەشتیاری ساڵانەی هەیە.
راپۆرتەكە ئەوەشی خستووەتەڕوو، عێراق سەردەمانێك لانكەی شارستانیەت بووە، چەندین ئیمپراتۆرییەت لەو ناوچەیەدا هەڵكەوتوون، لەدوای كێشە و گرفتەكانی ئێستا كەوتووەتە سەر سكەی بوژاندنەوەی كەرتە گەشتیارییەكەی.
باسلەوەشكراوە، یونسكۆ 12 هەزار شوێنەواری عێراقی لە لیستی شوێنەوارەكانی خۆیدا تۆماركردووە، بەو هۆیەوە بەغداد بۆ ساڵی 2025 وەك پایتەختی گەشتییاریی وڵاتانی عەرەبی دیاركراوە.
رۆژنامە فارسییەكان
تەجارەت
پزشكیان: رەوتی دانوستانەكان ئاساییە و كاروباری وڵات راناوەستێت
مەسعود پزشكیان سەرۆككۆماری ئێران لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند، رەوتی دانوستانە ئەتۆمییەكان بەشێوەیەكی ئاسایی بەردەوامە و كاروباری وڵات تەنانەت بۆ چركەیەكیش راناوەستێت، هەرچەندە پێشوازی لە هەر رێككەوتنێك دەكەن كە لە بەرژەوەندیی ئێراندا بێت.
هەروەها ئاماژەی بە راپۆرتی وەزیری وزە كرد سەبارەت بە گەڕانەوەی ژمارەیەك وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبا بۆ ناو تۆڕی نیشتمانی دوای تەواوبوونی كاری چاككردنەوەیان.
گوتیشی: یەكەم باری پانێلی خۆری هاوردەكراو لەچەند رۆژی داهاتوودا دەگاتە ئێران و پێویستە بەخێرایی دەست بە دامەزراندنیان بكرێت لە دامەزراوە حكومییەكاندا.
كار و كارگەر
لە ئێران ئەمساڵ رێژەی بارانبارین 36% كەمیكردووە
بەگوێرەی داتاكانی رێكخراوی كەشناسی ئیران، رێژەی بارانبارین لە سەرانسەری ئەو وڵاتە ئەمساڵ بەڕێژەی ٣٦٪ كەمیكردووە بەراورد بە ماوەی درێژخایەن و ئاسایی.
پارێزگای هورموزگان بەرزترین رێژەی كەمبوونەوەی بارانی تۆماركردووە بە ٧٦٪ كەمتر لە ئاسایی. هەروەها لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان رێژەكە ٧٦٪ كەمیكردووە، تەنها لە دوو پارێزگای زەنجان و مازەندەران بارانبارین زیاتر بووە لە ئاستی ئاسایی درێژخایەن.
ئاسیا
گرۆسی داوادەكات رۆڵیان هەبێت لە دانوستانەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا
رافائێل گرۆسی بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، بەر لە سەردانەكەی بۆ تاران لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی لۆمۆندی فەرەنسی رایگەیاند، خوازیارە ئاژانس رۆڵی هەبێت لە دانوستانەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا.
گرۆسی جەختیكردەوە، هەر رێككەوتنێك بكرێت، بەبێ پشتڕاستكردنەوە و چاودێری وردی ئاژانس “تەنها پارچە كاغەزێكە”.
یەكێك لە ئامانجەكانی سەردانەكەی بۆ تاران “گێرانەوەی متمانەی لەدەستچوو”ە و رایگەیاند، بە بەرپرسانی ئێرانی دەڵێ، تەنها وتنی ئەوەی چەكی ئەتۆمییان نییە بەس نییە، بەڵكو دەبێت ئاژانس بتوانێت ئەمە پشتراستبكاتەوە.
گروسی ئاماژەی بەوەشكرد، رێگای زیندووكردنەوەی رێككەوتنی پێشوو نەماوە بەهۆی گۆڕانكارییە جیۆپۆلەتیكییەكان وەك جەنگی ئۆكراین و هاوپەیمانیی سەربازیی نێوان مۆسكۆ و تاران.
جیهانی سەنعەت
لە ئێران پێدانی قەرزی كرێ بازاڕی خانووبەرەی زیاتر شێواندووە
بازاڕی خانووبەرە لە ئێران ساڵانێكە رووبەڕووی قەیرانی وەك ناجێگیری نرخ، كەمیی دابینكردن و كێشەی قورسی كرێچییەكان بووەتەوە.
سیاسەتی پێدانی قەرزی یارمەتیی كرێ لەلایەن حكومەتەوە، رووبەڕووی رەخنەی زۆری شارەزایان بووەتەوە و ئەوان پێیانوایە ئەم قەرزە بەهۆی رێژەی بەرزی سوودی ٪۲۳ و قورسیی پارەدانی قیستە مانگانەكانی، نەك هەر یارمەتی كرێچییەكان نادات، بەڵكو بارگرانییەكی زیاتریشە لەسەریان و لەوانەیە ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی كرێ.
شارەزایان پێشنیازدەكەن، حكومەت لەجیاتی ئەم قەرزانە، تەركیز بكاتە سەر زیادكردنی دابینكردنی خانووی بەكرێ، چاودێریی كاریگەری بازاڕ، هاندانی دروستبوونی كۆمپانیاكانی بەكرێدانی پیشەیی و جێبەجێكردنی یاسای وەرگرتنی باج لە خانوو و شوقە چۆڵەكان.
رۆژنامە ئینگلیزییەكان
ئیندپێندەنت
دادگای بەریتانیا بڕیاریدا ئەو پیاوانەی رەگەزیان گۆڕیوە وەك ژن مامەڵەیان لەگەڵدا ناكرێت
ئەو ژنانەی كە بە نەشتەرگەریی رەگەزی خۆیان لە پیاوەوە بۆ ژن گۆڕیوە چیتر لە بەریتانیا لەڕویی یاساییەوە بە “ژن” مامەڵەیان لەگەڵدا ناكرێت.
دادگای باڵای ئەو وڵاتە لەدوای مشتومڕێكی زۆر كە چەندین ساڵە نیگەرانی لای رێكخراوەكانی ژنان درووستكردووە، ئەم بڕیارەی دەركردووە.
ئەمەش دەرەنجامێكی زۆر لە كۆمەڵگەی ئەو وڵاتەدا دروستدەكات، چونكە ئیتر بەگوێرەی یاسای یەكسانیی ئەو وڵاتە پێناسەی “ژن” تەنها ئەو كەسانە دەگرێتەوە كە لە بنەڕەتدا بە ڕەگەزی مێ لەدایكبوون، ئەمەش دەبێتە زەبرێكی گەورە بۆ كۆمەڵگەی رەگەزگۆڕاوەكان، چونكە چیتر لەكایەكانی ژیاندا وەك ژن مامەڵەیان لەگەڵدا ناكرێت.
دەیلی تەلەگراف
بەریتانیا پشتیوانیی لە ناردنی مووشەكی ئەڵمانیا دەكات بۆ ئۆكراین
حكومەتی بەریتانیا پشتیوانیی لە بڕیاری ئەڵمانیا دەكات بۆ ناردنی مووشەكی تۆرەس بۆ ئۆكراین. ئەمەش وەك پشتیوانییەك لە بەهێزكردنی پێكەی راوێژكاری هەڵبژێردراوی ئەو وڵاتە سەیردەكرێت، چونكە فرێدریچ مێرز، راوێژكاری هەڵبژێردراو رایگەیاندبوو، ئامادەیە سیستمی مووشەكی دوورمەودا بۆ كیڤ رەوانە بكات، بەڵام بە مەرجێك رەزامەندیی فەرەنسا و بەریتانیای لەگەڵدا بێت.
ئۆرشەلیم پۆست
هیچ كاتێكی دیاریكراو لەئارادا نییە بۆ كۆتاییهێنان بە جەنگ
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لەئێستادا هیچ كاتێك دیاری نەكراوە كە كەی كۆتایی بە جەنگ لەگەڵ حەماسدا دەهێنن.
چەند سەرچاوەیەكی سوپا رایانگەیاندووە، لەئێستادا هەموو هەوڵێكیان بۆ ئەوەیە حەماس ناچاربكەن بۆ رێككەوتنێك لەبارەی ئازادكردنی بارمتەكان یان كۆتاییهێنانی تەواو بەو گرووپە، بەڵام ئاماژەیان بەهیچ كاتێكی دیاریكراو نەكردووە كە تێیدا بگەن بەم ئامانجە.
هاوكات روونیشیاننەكردووەتەوە، بۆچی تائێستا و دوای ١٨ مانگ لە داگیركارییەكان سوپا نەیتوانیوە ئەو گرووپە لەناوببات.
عەرەب نیوز
سوپای ئیسرائیل لە غەزە و لوبنان و سوریا ناكشێتەوە
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، سوپای وڵاتەكەی لە غەزە، لوبنان و سوریادا دەمێنێتەوە. بەمەش دەسەڵاتێكی بەرفراوانی بەسەر بەشێك لە خاكی عەرەب و فەڵەستیندا مسۆگەركردووە بەشێوەیەك لەسەدا 30 خاكی غەزەی داگیركردووە و ناوی ناوە ناوچەی سەلامەتیی ئەمنیی.
هاوكات پێنج ناوچەی لە بەرزاییەكانی سنووری لوبنانی لەدەستدایە و لەدوای رووخانی بەشار ئەسەدیشەوە، ئیسرائیل چەندین تانكی سەربازیی رەوانەی بەرزاییەكانی جۆلان كرد لە باشووری سوریا.