زووم..
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
ئەمڕۆ شاندێکى باڵاى تورکیا سەردانى سوریا دەکات
وەزارەتى بازرگانى تورکیا بڵاویکردەوەو وابڕیارە ئەمڕۆ عومەر بۆڵات وەزیری بازرگانى بەسەرۆکایەتى شاندێک سەردانى سوریا بکاتز
لەشاندەکەدا سەرمایەداران و سەرۆکانى ژووری بازرگانى و نوێنەرانى کەرتى گشتى و تایبەت لە بوارى وەبەرهێنان ئامادەن و لە گەڵ بەرپرسانى باڵاى ئەو وڵاتەدا کۆدەبنەوە.
چاوەڕێدەکرێت لەبارەی گومرگ، گواستنەوەى شمەک، وەبەرهێنان، پاڵپشتى بانکەکانى سوریا و وزەوە گفتوگۆ و رێککەوتن بکەن و ببێتە هەنگاوێک بۆ هاوبەشی راستەقینەى نێوان هەردوو وڵات.
سەباح
لە عێراق هەنگاوی نوێ بۆ رووبەڕووبوونەوەى هەژاری جێبەجێدەکرێت
عەبدولزوهرە هنداوى گوتەبێژى وەزارەتى پلاندانانى عێراق رایگەیاند، بە پشتبەستن بە ئامار و داتاکانى سەرژمێریی مانگی تشرینى دووەمی ساڵی 2024 بریاریانداوە ستراتیژیەتێکى نوێ بۆ رووبەڕووبوونەوەى هەژاریی بخەنەبوارى جێبەجێکردنەوە.
لەبەر ئەوەى رێژەى هەژاریی لە عێراقدا 17.5% ـەوە دەیانەوێت رێژەکە داببەزێنن و پلانەکەیان درێژخایەنە و پێنج ساڵ دەخایەنێت.
گوتیشى ،ئامارەکان ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە مانگانە 137 هەزار دینار داهاتیانە و هەر خێزانێکى شەش کەسى لە 637 هەزار دینار کەمتر بێت بە هەژار ئەژمارکراوە.
دەستور
عێراقییەکان گەشتیاری ئێرانیان بوژاندووەتەوە
رەزا ساڵحی ئەمیریی وەزیری رۆشنبیریی و گەشتوگوزار و پیشە دەستییەکانى ئێران رایگەیاند، ساڵی رابوردوو حەوت ملیۆن گەشتیار سەردانى ئێرانیان کردووە.
ساڵحی راشیگەیاند، ئەوان چاویان لەسەر گەشتیاری بیانییە و عێراق یەکێکە لە بژاردە سەرەکییەکان بۆ ئەوەى سەرنجیان رابکێشن.
گوتیشى ئامانجمان، ئەوەیە لە ئەمساڵدا ژمارەی گەشتیاران بەرزبکەینەوە بۆ 15 ملیۆن کەس
ئەمیریی ریزبەندى ئەو وڵاتانەى ئاشکرا کرد کە گەشتیارەکانى سەردانی ئێران دەکەن و رایگەیاند، هاووڵاتییانى ئەفغانستان و تورکیا و تاجیکستان بەشێکى زۆر لە گەشتیارانى ئێران پێکدەهێنن، گوتیشى پلانیان داناوە بۆ ئەوەى گەشتیارانى عێراق بگاتە سێ ملیۆن کەس.
عەرەب
عێراق گیرۆدەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوایە
ساڵانێکى زۆرە عێراق بەدەست خۆڵبارینەوە گیرۆدەیە. بەڵام هیچ ساڵێک بە ئەندازەى چەند رۆژى پێشوو بەهێزنەبووە.
ئەمەش بووە هۆی ئەوەى سەدان کەس لە ماوەى یەک رۆژدا رەوانەى نەخۆشخانە بکرێن و ئامارەکان بەرپرسانى عێراقى لەو خەونە بەئاگابهێننەوە کە بیانەوێت لە رێگەى پلانى درێژخایەنەوە چارەسەرى ئەو دۆخە بکەن.
ئەوە لە کاتێکدا عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەى راستەوخۆ لەژێر کاریگەریی گۆڕانکارییەکانى کەشوهەوادایە و کێشەى کەمبوونەوەى ئاوی سەرزەویی و ژێرزەویی کێشەکەیان گەورەتر کردووە کە پەیوەندیی بە کەمبوونەوە رێژەى دابارین و سیاسەتى وڵاتانى دراوسێیەوە هەیە، رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەشکردووە بە بیابانبوون و کەمبوونەوەى رووەک و رووبەری دارستانى کێشەکانى خۆڵبارینیان زیاتر کردووە.
رۆژنامە تورکییەکان
میللییەت
جەهەپە: پشتیوانی لە تورکیایەکی بێ تیرۆر دەکەین
ئۆزگور ئۆزال سەرۆکی گشتیی جەهەپە سەبارەت بە دیداری نێوان شاندی ئیمراڵی و وەزیری داد رایگەیاند، پارتەکەیان پشتیوانیی لە هەر هەوڵێک دەکات بۆ تورکیاەیکی بێ تیرۆر.
ئۆزال گوتەکانی دەولەت باخچەلی بەزر نرخاند کە گوتبوی پێویستە دادگا بە زووترین کات دۆسیەى ئەکرەم ئیمامئۆغڵو یەکلایی بکاتەوە.
پۆستە
لەساڵێکدا زیاتر لە 90 ملیۆن کەس سەردانی شەقامێکی ئیستەنبوڵیان کردووە
لە ساڵی 2024، 90 ملیۆن و 100 هەزار کەس سەردانی شەقامی ئیستیقلالی لە ئیستەنبوڵ کردووە.
شەقامی ئیستیقلال یەک لە شەقامە بەناوبانگەکانی ئیستەنبوڵە و درێژییەکەی چەند کیلۆمەترێکە، دەکەوێتە بەری ئەوروپای شارەکەوە.
لەو شەقامەدا هاتوچۆکردنی ئۆتومبێل قەدەغەیە و تەنها بۆ پیادەڕەوییە، ساڵانە گەشتیارێکی زۆر رووی تێدەکات.
لە راپۆرتەکەدا لەپاش شەقامی ئیستیقلال، شەقامی نیشانتەشی زۆرترین کەس سەردانی کردووە کە 36 ملیۆن و 200 هەزار کەس بووە لەپاش ئەویش شەقامی بەغداد بووە لە بەری ئاسیای شارەکە کە 31 کەس سەردانی کردووە.
بیرگون
دەم پارتی: سەرەڕای تێپەڕبوونی چەند مانگێک حکومەت هیچ هەنگاوێکی کرداری نەناوە
تولاى حاتیمئۆغڵولاری هاوسەرۆکی دەم پارتی رایگەیاند، چەند مانگێکە پڕۆسەیەک دەستیپێکردووە و حکومەت هیچ هەنگاوێکی کرداریی بۆ پڕۆسەی چارەسەریی نەناوە.
گوتیشی: بانگەوازەکەى ئۆجالان خاڵێکی گرنگ بوو بەڵام حکومەت تائێستا بەدەم بانگەوازەکەوە نەچووە.
خەمساردی حکومەت بەرامبەر بە بانگەوازەکە رەنگە ببێتە هۆی لەدەستدانی دەرفەتێکی گەورە و مێژوویی.
جمهورییەت
دۆسیەى هەمووارکردنەوەی یاسای تیرۆر لەبەردەم وەزیری دادە
وابڕیارە رۆژی هەینی، شاندی ئیمراڵی سەردانی یڵماز تونچ وەزیری دادی تورکیا بکەن. بەگوێرەى زانیارییەکان دۆسیەی هەمووارکردنەوەی یاسای تیرۆر و یاساکانی پەیوەست بە دەستگیرکردنی سیاسییەکان لەبەردەم وەزیری دادی تورکیا و لەو دیدارەدا چاوەڕێ دەکرێت هەردوولا گفتوگۆ لەسەر ئەو تەوەرەیە بکەن.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
چین کڕینی پارچەی یەدەگی فڕۆکەی بۆینگ لە هێڵە ئاسمانییەکانیی خۆی قەدەغە دەکات
چین، وەک وەڵامێک بۆ سزای باجەکانی ئەمریکا رێگری لە کۆمپانیا و هێڵە ئاسمانییەکانیی خۆی دەکات پارچەی یەدەگی فڕۆکەی بۆینگ بکڕن.
ئەم قەدەغەیە هەموو ئەو داواکارییانەش دەگرێتەوە، کە لە ئێستادا نێردراون پێیان بگات. هەر ئەو فەرمانەی ئەم کڕینانەی قەدەغەکردووە دەڵێت، نابێت هیچ مامەڵەیەکی دارایی دیکە لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکاندا بکەن. هۆکاری ئەم رێگری و قەدەغانە ئەوەیە کە شەڕی باجەکانی نێوانی چین و ئەمریکا تووندتر بونەتەوە.
دەیلی مەیل
رێگا بە چین دراوە دەستی بگات بە تۆمارەکانی تەندروستیی بەریتانیا
زانیاریی ناو دۆسیەی تەندروستیی 500 هەزار نەخۆشی بەریتانی بە ئاسانی خراونەتە بەردەستی توێژەرەکانی چین، ئەگەرچی مەترسیی ئەمنی دەربارەی ئەم رەوشەش هەیە.
ئاژانسی هەواڵگریی سەربازیی ئێم 15ـی بەریتانی دەڵێ، دەستگەیشتنی توێژەرە چینییەکان بە دۆسیەی تەندروستیی نەخۆشە بەریتانییەکاندا زیانی ئەمنیی هەیە و دەکرێت بە خراپی بەکاریبهێنن.
وەزارەتی تەندروستیی بەریتانی رێگەی داوە توێژەرانی چینی بتوانن بچنە ناو ئەو دۆسیانەوە. واتا دەتوانن ئەو زانیارییانە ببینن، ئەگەرچی ئەگەری ئەوەش لەم کارەداهەیە، کە هەڕەشە بۆسەر ئاسایشی نیشتمانیی بەریتانی دروستبکات.
گاردیەن
ئەوەی لە سوومی روویدا کارێکی تیرۆرستییانەی ئاشکرا بوو
لە رۆژێکی بەهاریی گەرمدا خزم و کەسوکار کۆبونەوە دووایین ماڵئاوایی لە ڤیکتۆر بۆیکۆ و ئۆلیای خێزانی بکەن. کفنەکانی هەردووکیان بە ئاوەڵایی لەپێشچاوی ئامادەبووان کرابۆوە. ئۆڵیا بلوزێکی گوڵڕەنگی لەبەردابوو، ڤیکتۆریش جوانترین پۆشاکەکانی خۆیی کرابووە بەر. پیاوێکی ئاینیی ویردەکانی خۆیی خوێندەوە و ئیتر گۆڕهەڵکەن و ئامادەبوانیش تەرمەکانیان شۆڕکردەوە ناو گۆڕەکانیان و خۆڵیان بەسەرداکردن. ئەناتۆلی پریخۆدۆ برای ئۆلیایە، لەوێ لە بۆنەکەدا وەستابوو، پاش ئەوەی خۆڵەکە کرا بەسەر گۆڕەکاندا، دەستی کرد بە گریان گوتی: چەکێکم بدەنێ، هەر چەکێک بێت، دەبێت منیش بچم رووسەکان بکوژم، ئەو قەسابانەی مۆسکۆ دەکوژم. بۆچی ئەوان هەر خەڵک و کەسوکاری ئێمە دەکوژن؟
عەرەب نیوز
ئوردن دەست بەسەر هەندێک مووشەک و درۆنی ئیخوان موسلمیندا دەگرێت
16 کەسی دەستگیرکردووە، کە نیازی ئەنجامدانی هێرشیان هەبووە.
بەرپرسانی ئوردن دەڵێن 16 کەسیان دەستگیرکردووە، کە پەیوەندیی رێکخراوەییان بە ئیخوان موسلمینەوە هەبووە. ژمارەیەک موشەک و درۆنیان پێبووە، ویستوویانە لەناو شانشینی ئوردندا هێرشی تیرۆریستی ئەنجام بدەن.
ئەو ناوەندە ئاگادارانە دەڵێن، دەستەڵاتی ئوردنی لە ساڵی 2021ـەوە ئاگاداری شوێنی ئەو موشەکەیە، دەیزانی کاری تێدادەکرێت، بەڵام پێش بەکارهێنانی بۆ هێرشکردن دەستی بەسەرداگرت. سەرچاوەیەکی ئەمنی لە عەمانی پایتەختەوە دەڵێت ئەو موشەکە توانای رۆشتنەکەی لە نێوانی سێ بۆ پێنج کیلۆمەتردایە.
رۆژنامە فارسییەکان
باختەر
کرماشان لەژێر هەڕەشەی تۆز و خۆڵدایە
رۆژهەڵاتی کوردستان، بەتایبەتی کرماشان، ساڵانە لە وەرزی بەهار و پایزدا رووبەڕووی شەپۆلی تۆز و خۆڵ دەبێتەوە.
ئەمساڵی دۆخەکە خراپترە هۆشداری دەدرێت لەوەی کە تەندروستی خەڵک لە مەترسیدایە.
سەرەڕای هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی، بەڵام بەهۆی سەرچاوە دەرەکییەکانی تۆز و خۆڵ، دۆخەکە کۆنترۆڵ ناکرێت و هەناسەی خەڵکی تەنگ کردووە.
پێویستە حکومەت و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هەوڵی جدی بدەن بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە و رێگری لە زیان گەیاندن بە ژینگە و تەندروستی خەڵک بکەن.
هەروەها پێویستە خەڵک خۆشیان ئاگادار بن و رێکارەکانی خۆپارێزی بگرنەبەر.
مەردوم سالاری
تائێستا ئێران لایەنی سەرکەوتووی دانوستانەکان بووە
بە چەند هۆکارێک ئێران لە قۆناغی یەکەمی گفتوگۆ ئەتۆمیەکاندا سەرکەوتوو بووە.
ئەمریکا لە ئامانجەکانی پاشەکشەی کردووە و ئێستا تەنیا دەیەوێت رێگری لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی ئێران بکات. ئەمەش بە نیشانەی لاوازی ئەمریکا دادەنرێت.
ئەگەر ئەمریکا دەیەوێت رێککەوتنێکی هاوشێوەی پێشوو بەدەستبهێنێت، کە تەنیا چاودێریی ئەتۆمی دابین بکات و رێگە بە ئێران بدات بەردەوام بێت لە پاڵپشتیی گرووپەکان و پەرەپێدانی مووشەکی، ئەوا ئەمە هەمان رێککەوتنە کە ترامپ لە ساڵی 2018 لێی کشایەوە.
بەڵام ئەگەر ترەمپ شتێکی جیاوازی دەوێ پێویستە ئەمریکا فشاری زیاتر بخاتە سەر ئێران بۆ رێککەوتنێکی گشتگیرتر.
ئارمانی میلی
دۆخی کارەبا لە ئێران مەترسیدارە
لەگەڵ زیادبوونی ئەگەری کوژانەوەی کارەبا لە ئێران، وەزارەتی وزە هەوڵ دەدات کارەبای پێویست بۆ ناوەندە گرنگەکان دابین بکات.
وەک نانەواخانەکان، کارخانەکانی ئارد، پاڵاوگەکان و رووناکیەکانی رێگاوبان.
بەهۆی کێشە لە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و بەرزبوونەوەی خواست لەسەر کارەبا، ئەگەری کوژانەوەی کارەبا لە زیادبووندایە. وەزارەتی وزە داوا لە هاووڵاتییان دەکات کە بەشێوەیەکی دروست کارەبا بەکاربهێنن و ئامێری زیادە بکوژێننەوە بۆ ئەوەی رێگری لە کوژانەوەی کارەبا بکرێت.
ئاسیا
کەمئاوی لە ئێران مەترسی لەسەر خۆراک دروستکردووە
کەمبوونەوەی ئاوی ژێر زەوی لە ئێران بەهۆی سیاسەتە هەڵەکانی بواری کشتوکاڵ و بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو بووەتە بابەتێکی مەترسیدار و ئەمنی.
سەرۆکی ژووری بازرگانی کشتوکاڵی هۆشداری دەدات لە کەمکردنەوەی بەشی ئاوی کشتوکاڵ و رایدەگەیەنێ، ئەم کارە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمی کشتوکاڵی بە رێژەی 40٪ و ئاسایشی خۆراک دەخاتە مەترسییەوە.
پێویستە حکومەت سیاسەتێکی دروست بۆ بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو دابڕێژێت و رێگری لە بەفیڕۆدانی ئاو بکات لە کەرتی کشتوکاڵدا کە نزیکەی 90٪ـی ئاو لەو بوارەدا بەکاردەهێنرێت.