زووم..
کاتژمێری حەوتی ئێوارەی ئەمڕۆ، یانەی دهۆک لە یاریی گەڕانەوەی کۆتایی جامی یانەکانی کەنداو، میوانداریی یانەی قادسیەی کوەیتی دەکات.
زیاتر لە 23 هەزار بلیتی یارییەکە فرۆشراون و هاندەرانی دهۆک بەتامەزرۆییەوە چاوەڕێی یارییەکەن، بەگوێرەی زانیارییەکانی زووم، لە چەند رۆژی رابردوودا زیاتر لە 100 هەزار درێسی یانەی دهۆک فرۆشراون.
جیا لە ئامادەبوونی هاندەران لە نێو یاریگا، دوو شاشەی گەورەش لە سەنتەری شاری دهۆک دادەنرێن و هاندەران دەتوانن لێیانەوە بینەری یارییەکە بن.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی تۆپی پێی هەرێمی کوردستان و عێراق و کەنداو لە یاریگای دهۆک ئامادەدەبن.
هەر ئەمڕۆ، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیوەندی بە یاریزانانی دهۆکەوە کردووە و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستوون.
سودانی ئاماژەی بەوەکردووە، گەیشتنی دهۆک بە یاریی کۆتایی جامی یانەکانی کەنداو، شانازییە بۆ تۆپی پێی عێراق و گەلی عێراق، هەروەها یارییەکە بۆ هەموو عێراقییەکان گرنگی زۆری هەیە.
دهۆک یەکەمین یانەی کوردستان و عێراقە بگاتە کۆتایی جامی یانەکانی کەنداو، براوەی پاڵەوانێتییەکە بڕی سێ ملیۆن دۆلاری پێدەدرێت.