زووم..
عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێت، قۆناغی یەکەمی دانوستانەکانیان لەگەڵ ئەمریکا لە عومان، بەباشی بەڕێوەچووە، بەڵام هەموو ئەگەرەکان کراوەن، دەکرێت لە کۆتاییدا ئەنجامی هەبێ یاخود نەیبێ.
خامنەیی دەڵێت، دانوستان لەگەڵ ئەمریکا هەنگاوێکە و بڕیاری لێدراوە، بە تواناکانی خۆیان گەشبینن، بەڵام بە هەڵوێستی ئەمریکا رەشبینن. رێبەی باڵای ئێران دەشڵێت، “ئێمە نە زۆر گەشبینین نە زۆر رەشبینیشین لەبارەی دانوستانەکانەوە.”
واشنتن و تاران لەدوای ئەوەی لە شەممەی رابردوو یەکەم دانوستانیان ئەنجامدا، رایانگەیاند کە گفتوگۆکانیان ئەرێنی بووە، بڕیاریشە شەممەی داهاتوو گەڕی دووەمی دانوستانەکانیان لە عومان دەستپێبکەنەوە.
لەبارەی مەرجەکانی ئەمریکا، ستیڤ ویتکۆڤ نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاندووە، هەر رێککەوتنێکی دیپلۆماسی لەگەڵ ئێران پەیوەستە بەدوو مەرجەوە، ئەوانیش بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و پیتاندنی یۆرانیۆمە و لەکۆتایشدا پشتڕاستکردنەوەی چەککردن دەبێت.
پێشتریش دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، باسی لەوە کرد کە ناهێڵن بە هیچ شێوەیەک ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و ئەگەر تاران لەگەڵیان رێککنەکەوێت هێرشدەکەنە سەریان.