زووم..
بزووتنەوەی حەماس لە رێگەی نێوەندگیرانی میسری و قەتەرییەوە پێشنیازێکی نوێی ئیسرائیلی بۆ ئاگربەست بەدەستگەیشتووە، سەرکردەیەکی باڵای حەماسیش بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە، لە 48 کاتژمێری داهاتوودا وەڵامی پێشنیازەکەی ئیسرائیل دەدەنەوە.
سەرکردەکەی حەماس ئاماژەی بەوەکردووە، پێشنیازەکە ئاگربەستێکی 45 رۆژی بەرامبەر بە ئازادکردنی 10 بارمتە لەخۆدەگرێت، حەماس ئێستا تاوتوێی پێشنیازەکە دەکات و بەزوویی وەڵامی دەداتەوە.
بەگوتەی سەرکردەکەی حەماس، پێشنیازەکەی ئیسرائیل بۆ راگرتنی تەواوەتی جەنگی غەزەیە، لە قۆناغی یەکەمدا هەزار و 231 زیندانیی فەڵەستینی ئازاد دەکرێن و رێگە بە چوونی هاوکاریی مرۆیش دەدرێت بۆ غەزە.
ئیسرائیل لە پێشنیازە نوێیەکەدا داوای چەکدانانی لە حەماس کردووە، پێشتر سەرکردەکانی حەماس رایانگەیاندووە، دانانی چەکی بەرگریی هێڵی سورە، بەڵام لە روانگەی بەرپرسیارێتیی نیشتمانییەوە، تاوتوێی پێشنیازەکە دەکەن.