زووم..
ئەمڕۆ شاندی باڵای پارتی و یەکێتی لەسەر ئاستی باڵا لە هاوینەهەواری پیرمام کۆبوونەوە و رایانگەیاند، لە رۆژانی داهاتوودا کۆبوونەوەکانی نێوانیان لەبارەی پێکهێنانى حکومەت بەردەوام دەبن، بەڵام زووم دەزانێ، پارتی و یەکێتی نزیک نین لە پێکهێنانى حکومەت بەمزووانە و پێکهێنانی زیاتر دوادەکەوێت.
دوای کۆبوونەوەکە، پارتی و یەکێتی راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و دەڵێن، کۆبوونەوەکەی پیرمام لە کەشێکى دۆستانە و ئەرێنیدا بەڕێوەچوو، گفتوگۆ لەبارەى هەنگاوەکانى پێکهێنانى کابینەى نوێى حکومەت کرا و هەنگاوى ئیجابى و بەرەوپێشچوونى باش هەبوو، لە رۆژانی داهاتووشدا کۆبوونەوەکانیان بەردەوام دەبن.
پێشتر زووم لە سەرچاوەیەکی باڵای شاندی دانوستانکاری پارتی و یەکێتییەوە زانیویەتی، کۆبوونەوەکانی هەردوو حزب بۆ زوو پێکهێنانی کابینەی دەیەم نییە، بەڵکو تەنها بۆ تاوتوێکردنی دابەشکردنی پۆستەکانە و پێکهێنانی کابینەی دە زیاتر دوادەکەوێت.
نزیکەی شەش مانگ بەسەر هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان تێپەڕیوە، تائێستا پارتی و یەکێتی لەسەر پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان رێکنەکەوتوون.