دەرهێنەری دیاری ئێرانی حەسن فەتحی، کە بەیەکێک لە دیارترین دەرهێنەرانی ئێرانی دادەنرێت و لە نێو کوردستانیشدا بە درامای شەهرەزاد ناوبانگێکی زۆری پەیداکردووە.
نوێترین کاری زنجیرەیەکە بەناوی ‘ئەزازێل’، ئەم زنجیرەیە لە چەشنی ترسناکە و ژمارەیەکی زۆر لە ئەکتەرانی دیاری ئێرانی وەک ‘پەیمان معادی و پەریناز ئیزدیار و بابەک حەمیدیان’ تێیدا بەشدارن و دوای بڵاوکردنەوەی ١٣ ئەڵقە لە رێگەی پلاتفۆرمی ‘نماڤا’وە کۆتایی بە وەرزی یەکەمی هێنرا.
هەرچەندە لە سەرەتا و پێش بڵاوکردنەوەی ئەڵقەی یەکەمی زنجیرەکە، شێوازی مارکێتنگی زنجیرەکە هەڵایەکی زۆری درووستکرد، بەڵام دوای چەند ئەڵقەیەک زنجیرەکە کەوتە بەر رەخنە و تەشەری رەخنەگران و بینەران و رووبەڕووی شکست بوویەوە.
لە ئێستادا دوای بڵاوکردنەوەی کۆتا ئەڵقەی وەرزی یەکەم، حەسەن فەتحی دەرهێنەری زنجیرەکە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و رەخنەی تووند لە بەرهەمهێنەری زنجیرەکە و پلاتفۆرمی نماڤا دەگرێت و ئاماژە بەوە دەکات، دەست وەردانەکانی بەرهەمهێنەری زنجیرەکە بووەتە هۆی تێکدانی زنجیرەکە و شکستپێهێنانی.
ئەم دەرهێنەرە تەمەن ٦٩ ساڵە لە روونکردنەوەکەیدا نووسیوێتی، کێشەکانی بەرهەمهێنەر و پلاتفۆرمی بڵاوکەرەوەی زنجیرەکە وایکرد، حەقدەستی هەندێ لە ئەکتەرەکان بۆ چەند مانگێک دواکەوێت و نەتوانرێت چەند دیمەنێک لە ناوخۆ و دەرەوەدا وێنە بگیرێت’
هەربۆیە حەسەن فەتحی دەرهێنەر دەڵێت، ئەو بەهیچ جۆرێک بەرپرس نییە لەو ئەڵقانەی بۆ وەرزی دووەمی زنجیرەکە وێنەگیراون.
لەلایەکی تریشەوە پلاتفۆرمی نماڤا، روونکردنەوەیەکیان بڵاوکردووەتەوە و دەڵێن، هەموو هەوڵێکمان داوە تا کێشەی نێوان دەرهێنەر و بەرهەمهێنەری زنجیرەکە چارە سەر بکەین و لە ئێستادا کە وێنەگرتنی سەرجەم ئەڵقەکانی وەرزی دووەم کۆتایی پێهاتووە، دەمانەوێت وەک رێزێک لەبینەران، هەردوو لایەنی کێشەکە بەیەک بگەیەنین و لە نزیکترین کاتدا کاتی بڵاوکردنەوەی رابگەیەنین.