زووم..
عێراق هەنگاوێکى نوێى پێشکەوتوو بۆ خاوەندارێتى پرۆژەى گەشەپێدان دەگرێتەبەر و هاووڵاتییان و کۆمپانیا نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان دەتوانن لە پڕۆژەکەدا ببنە خاوەن پشک
محەممەد نەجار، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سندوقی گەشەپێدانی عێراق بە رۆژنامەى سەباحى راگەیاندووە، گۆڕانکاریى لە فەلسەفەى بەڕێوەبردنى ئابووریى نیشتمانیدا دەکەن، کۆمپانیایەکى پشکدارى گشتى بۆ بەڕێوەبردنى پرۆژەى رێگەى گەشەپێدان دادەمەزرێنن، کە هاووڵاتیانى عێراق و کۆمپانیا نێوخۆیى و نێودەوڵەتییەکان دەتوانن ببنە خاوەن پشک لە پرۆژەکە و قازانج بکەن و لە بەڕێوەبردنیدا رۆڵیان هەبێت.
ئەو دەڵێت، بەم هەنگاوە پرۆژەکە بەتەنها موڵکى دەوڵەت نامێنێت و رۆڵى لە جێبەجێکارى پرۆژەکەوە دەبێتە رێکخەر و سەرپەرشتیارى پرۆژەکە، خاوەن پشکەکان بەهەمانشێوەى دەوڵەت رۆڵیان دەبێت و دەبنە خاوەن بڕیار، بەوەش ئەو نەختینە وەستاوەى لە عێراق هەیە جوڵەیەکى تێدەکەوێت و هانى هاووڵاتیان دەدات بەشداربن لە وەبەرهێنانى نێوخۆییدا نەک سنووردارکردنیان، کە تەنها ببنە بەکارهێنەرى خزمەتگوزارییەکان.
لەم هەنگاوەى حکومەتى عێراق ناویەتى، ئەگەر کۆمپانیا پشکدارەکە بەگوێرەى ستانداردى نێودەوڵەتى کارەکانى بکات، دەوڵەت لەسەدا ٢٥ بۆ لەسەدا ٣٠ى سەرمایەگوزارى پرۆژەکە دەستەبەر دەکات ئەویش بۆ گرەنتیکردنى سەرپەرشتیکردن و رێکخستنى، ئەوەى دیکەى دەبێتە پشکى هاووڵاتى و کۆمپانیاکان.