زووم..
بەرەی گەل لەبارەی ساڵیادی جینۆسایدی ئەنفالەوە رایگەیاند، ئەوەی برینی ئەنفال بەسوێتر دەکات ئەوەیە، کە رۆژانە بە بەرچاوی کەسوکاری ئەنفالکراوانەوە سەدان تانکەری نەوتی قاچاغ ئاودیوی سنورەکان دەکرێت.
بەرەی گەل لەبارەی 37 ساڵەی ئەنفالەوە راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: ناوچەکانی ئەنفال بونەتە ناسنامەی گەندەڵی و ناعەدالەتیی حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستان و کراونەتە شوێنی داگیرکردنی بیرە نەوت و کاری مافیایی و سەرانەسەندن.
بەرەی گەل دەشڵێت، “ساڵانە لەیادی ئەنفالدا بەرپرسانی هەرێم جورئەتی ئەوە ناکەن بەشداربن و بێنە ناو خەڵک، بۆیە رۆژێک دێت بەرپرسان بە تەواوی لەلایەن گەلەوە رسوا و شاربەدەر دەکرێن.”
بەرەی گەل ئاماژەی بەوەش کردووە، حکومەتی عێراق و هەرێم هەوڵی جدیان نەداوە بۆ ناساندنی دۆسیەی ئەنفال وەک جینۆساید. دەشڵێت، پێویستە شوێنی نیشتەجێبوون بۆ کەسوکاری ئەنفالکراوان دابین بکرێت و ژیانیان باش بکرێت.