زووم..
رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە، سەفا عائیلی تەمەن 31 ساڵ و خاڵی ژینا ئەمینی لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعات لە شاری سەقز دەستگیرکرا.
بەگوێرەی هەنگاو، هێزەکانی ئیتلاعات ئۆتۆمبێلی سەفا عائیلییان راگرتووە کاتێک لەگەڵ هاوژینەکەیدا بووە و پاشان دەستگیریان کردووە و رەوانەی زیندان کراوە.
دەستگیرکردن و گواستنەوەی سەفا بۆ زیندانی ناوەندیی سەقز بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکرانەکەی بووە و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە ئەنجامدراوە، ناوبراو چەند کاتژمێرێک دواتر لەڕێی تەلەفۆنەوە بنەماڵەکەی ئاگادارکردووەتەوە.
سەفا عائیلی بە ماوەیەکی کەم لەدوای گەڕانەوەی لە ئەڵمانیاوە بۆ ئێران لەلایەن دادگای سەقزەوە سزای 10 مانگ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە.
هەروەها پێشتریش بە تۆمەتەکانی بەشداری لە گردبوونەوە دژی ئاسایشی ناوخۆ و پڕوپاگەندە دژی حکومەت و بێڕێزی بە خامنەیی سزای زیاتر لە پێنج ساڵ زیندانی درابوو.