زووم..
ئەزهەر فازڵ، بەڕێوەبەرى کۆمپانیاى دابینکردن و خزمەتگوزارییەکانى غاز لە وەزارەتى نەوتى عێراق دەڵێت، زیاتر لە 74 هەزار و 500 ئۆتۆمبێل لە عێراق بە غاز کاردەکەن.
ئەزهەر فازڵ بە رۆژنامەى سەباحی نیمچەفەرمی عێراقی گوتوە، 26 کارگەى تایبەت بە غاز هەیە و لەو ژمارەیە هەشتیان لە بەغدادی پایتەختن و ئەوانى دیکە بەسەر پارێزگاکانی دیکەى عێراق دابەشبوون.
راشیگەیاند، خواست لەسەر ئۆتۆمبێلى غاز لەم ساڵانەى دواییدا زیادیکردووە، ئەوەش بە هۆکاری لایەنە ئابورییەکەى و تا رادەیەکیش دۆستى ژینگەیە بەراوورد بە ئۆتۆمبێلی بەنزین.
ئەزهەر فازڵ دەڵێت، تاکو ئێستا 130 وێستگەى پڕکردنەوەى غازى ئۆتۆمبێل دامەزاوە و بڕیاریشە تا کۆتایی ئەمساڵیش 30 وێستگەى دیکەش بکرێنەوە.
رۆژانە نزیکەى یەک ملیۆن پێ سێجا غازیان بۆ دابیندەکرێت، ئەوەش کاریگەریی لەسەر کەمکردنەوەى بەکارهێنانى بەنزین دروستکردووە، وایکردوە هاووڵاتیان بە گەرمی روو لە گۆڕینى ئۆتۆمبێلەکانیان لە بەنزینەوە بۆ غاز بکەن و لەلایەن حکومەتیشەوە بەردەوام بە نرخی پشتیوانیکراو غازیان بۆ دابیندەکرێت.