زووم، ئاژانسەکان:
لە چەند کاتژمێرى رابردوودا رووداوەکانى پیرۆ گۆڕانکاریی خێرا و سەرنجڕاکێشیان بەخۆوەبینى، پیدرۆ کاستیلۆى سەرۆک هەوڵیدا پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە تاوەکو دەنگدان لەسەر دوورخستنەوەى لە پۆستەکەى شکست پێبهێنێت، بەڵام کارەکە بە دوورخستنەوە و دەستگیرکردنى خۆى لەلایەن پۆلیسەوە کۆتاییهات، جێگرەکەشى وەکو سەرۆکى کاتى وڵات، سوێندى یاسایی خوارد.
بەوشێوەیەش دینا پۆلوارتى دەبێتە یەکەم ژن کە سەرۆکایەتى لەم وڵاتەدا بگرێتە دەست، کە دەکەوێتە ئەمریکاى باشوورەوە و بە دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەرى مس دادەنرێت لە جیهاندا.
پۆلوارتى لە یەکەم لێدوانیدا بەڵێنیدا حکومەتێکى نیشتمانى پێکبهێنێت، هەروەها داواى هێوربوونەوە و ئارامى سیاسى کرد، بۆ تێپەڕاندنى ئەو قەیرانەى بەرۆکى وڵاتەکەى گرتووە.
دوێنێ چوارشەممە، کاستیۆلۆى تەمەن 53 ساڵ، کە مانگى تەمووزى ساڵى رابردوو دەسەڵاتى گرتەدەست، هەوڵیدا کودەتا بەسەر دەسەڵاتى یاساداناندا بکات، گوتارێکى پێشکەشى گەلى پیرۆ کرد و هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمانى راگەیاند (پەرلەمان ئامادەکاریی دەکرد بۆ ئەنجامدانى سێیەم دانیشتن و دەنگدان لەسەر دوورخستنەوەى) کاستیلۆ راشیگەیاند لەمەودوا لە رێگەى مەرسومەکانى سەرۆکایەتییەوە حکوم دەکات و حکومەتێکى کاتى پێکدەهێنێت، داواى هەڵبژاردنى پەرلەمانیشى کرد بۆ پەسەندکردنى دەستوورێکى تازە.
بەڵام پەرلەمانى پیرۆ کە ئۆپۆزسیۆنى راستڕەو تێیدا باڵادەستە، مەرسومەکانى سەرۆکە چەپەکەیان رەتکردەوە و لەڕێى دانیشتنى پەرلەمانەوە کە راستەوخۆ پەخشدەکرا، وەڵامێکى توندیان دایەوە، لە ئەنجامدا 101 پەرلەمانتار بە بەڵێ دەنگیان بۆ دوورخستنەوەى سەرۆک لە پۆستەکەى دا و 6 پەرلەمانتار بە نەخێر و 10 پەرلەمانتاریش دەنگیان نەدا.
پەرلەمان لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت: “لەپێناو پاراستنى دیموکراسى و دەستوورەکەمان، پەرلەمان لە بەرژەوەندى دوورخستنەوەى سەرۆک پیدرۆ کاستیلۆ دەنگى دا” لەهەمانکاتدا دینا پۆلوارتى جێگرى سەرۆکى، وەکو سەرۆکى کاتى وڵات هەڵبژارد.
سەرۆک لەلاى پۆلیس
لەلایەن خۆیەوە، پۆلیسى پیرۆ دەستگیرکردنى سەرۆکى لەکارلابراوى راگەیاند، هاوکات ئاژانسی هەواڵی ئەسیۆشەیتد پرێس بڵاویکردەوە لە ئێستادا کاستیلۆ لە یەکێک لە بنکەکانى پۆلیسە و بارودۆخى هێشتا ناڕوونە.
ئاژانسى رۆیتەرز دەڵێت، پۆلیسى پیرۆ وێنەیەکى کاستیلۆى لە تویتەر بڵاوکردووەتەوە کە دەردەکەوێت لە بنکەیەکى پۆلیس دانیشتووە، پاشئەوەى پەرلەمان بە پەسەندکردنى دوورخستنەوەى دەنگى دا، پۆلیس دەڵێت ئەو ئەرکى خۆى جێبەجێکردووە و لەهەمانکاتدا کاستیلۆى وەکو “سەرۆکى پێشوو” وەسفکردووە، بەڵام پشتڕاستى نەکردووەتەوە کە ناوبراویان دەستگیرکردووە یاخود نا.
سەرۆکوەزیران تەنها دوو هەفتەیە دەستبەکاربووە
لەلایەکى دیکەوە، تەلەڤزیۆنى فەرمى رایگەیاند، بێستى شاڤێزى سەرۆکوەزیران کە تەنها دوو هەفتەیە لە پۆستەکەیدا دەستبەکاربووە، راستەوخۆ پاش بڕیارەکەى پەرلەمان، ئەویش دەستیلەکارکێشاوەتەوە، لەکاتێکدا لایەنگرانى سەرۆکى لەکارخراو بەخێرایی لە بەردەم پەرلەمان دەستیان بە خۆپیشاندان کرد.
هەفتەى رابردوو، پەرلەمان بانگێشتى کاستیلۆى کرد بۆ وەڵامدانەوەى تۆمەتەکانى “کەموکوڕى ئەخلاقى” پەیوەندیدار بە حکومڕانى، لە مانگى تشرینى یەکەمیشدا نوسینگەى داواکارى گشتى سکاڵایەکى دەستوورى لە دژى کاستیلۆ پێشکەشکرد و ئاماژەى بەوەدابوو کە ناوبراو سەرۆکایەتى “رێکخراوێکى تاوانکاریی” دەکات بۆ قازانجکردن لە گرێبەستەکانى دەوڵەت و دروستکردنى بەربەست لە بەردەم لێکۆڵینەوەکاندا.
لە بەرامبەردا کاستیلۆ ئەو تۆمەتانەى بە “بوختان” وەسفکرد و رایگەیاند، لەلایەن ئەو کەسانەوە بۆى هەڵبەستراوە، کە دەیانەوێت سودى لێوەربگرن و دەست بەسەر دەسەڵاتدا بگرن کە گەل، لە هەڵبژاردنەکاندا لێى سەندوونەتەوە.
سەرۆکە چەپەکە کە پێشتر مامۆستاى قوتابخانەیەکى سەرەتایی بووە، لەوکاتەوەى لە تەمووزى 2021ەوە دەسەڵاتى گرتووەتە دەست، دووجارى دیکە لە هەوڵى دوورخستنەوە لە پۆستەکەى رزگاریی بووە.
بەڵام پاشئەوەى رایگەیاند کە پەرلەمان هەڵدەوەشێنێتەوە، زۆرێک لە هاوپەیمانەکانى وازیان لێهێنا و ژمارەیەک لە وەزیرەکانى حکومەتەکەشى دەستیان لەکارکێشایەوە، لەکاتێکدا باڵیۆزى ئەمریکا لە پیرۆ رەخنەى لە هەوڵەکانى کاستیلۆ گرت و گوتى واشنتن “بە تەواوى هەر کارێکى نادەستوورى سەرۆک کاستیلۆ رەتدەکاتەوە بۆ رێگریی لە پەرلەمان کە ئەرک و کارەکانى خۆى جێبەجێ بکات”.
پیرۆ ساڵانێکە لەنێو ئاڵۆزیی و قەیرانى سیاسیی دایە و پێشتریش روبەڕبونەوەى گەورە لە نێوان سەرۆک و پەرلەماندا روویداوە، سەرۆک مارتن ڤیزکار پەرلەمانى هەڵوەشاندەوە بەڵام دواتر لە ساڵى 2020 راپێچى لێپێچینەوە کرا، سێ دەیە لەمەوبەریش، ئەلبێرتۆ فوجیمۆری سەرۆکى پێشوو کە ئێستا بە تۆمەتى گەندەڵیی و پێشێلکردنى مافەکانى مرۆڤ لە زینداندایە، هەوڵى هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمانى دابوو.