زووم..
رۆژنامە تورکییەکان
میللییەت
جەهەپە: پشتمان بە گەل بەستووە نەوەک بە ئەمریکا
ئۆزگور ئۆزال سەرۆکی گشتیی جەهەپە، لە کۆبونەوەیەکی جەماوەریدا لە شاری سامسۆن گوتی، گەلەکەمان خاوەندارێتی لە ئیرادە خۆی دەکات و خوازیارە بە زووترین کات هەڵبژاردنی پێشوەختە لەم وڵاتە ئەنجامبدرێت.
راشیگەیاند، جەهەپە پارتێکی نیشتیمانییە و پشتی بە گەلەکەی دەبەستێت نەوەک بە ئەمریکا.
حوڕییەت
ئیتر کەس ناتوانێت بەبێ پرس کاری نۆژەنکردنەوەى ماڵەکەى بکات
لە تورکیا خەریکە چەند رێنماییەک دەردەچێت بۆ ئەو کەسانەى کە ماڵ نۆژەندەکەنەوە.
بەگوێرەى رێنمایی نوێ، پێویستە ئەو کەسەی کاری نۆژەنکردنەوە دەکات پێشتر دراوسێکانی ئاگاداربکاتەوە، بەرپرسی ئەپارتمانەکەش رێگەى بدات.
هاوکات داواشکراوە، کاتی کارکردن بۆ نۆژەنکردنەوەى ماڵ و خانوو دیاریی بکرێت.
سەباح
رەنگە باخچەلی سەردانی ئامەد بکات
دەولەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە لە لەلایەن رۆژنامەنوسێکەوە بانگهێشت کراوە بۆ ئەوەی سەردانی ئامەدی باکووری کوردستان بکات.
باخچەلی رایگەیاندووە، بە خۆشحاڵییەوە دەمەوێت سەردانی ئامەد بکەم.
باخچەلی گوتویەتی، لەم مانگە یاخود مانگی ئایاردا رەنگە سەردانەکەى ئەنجامبدات.
کۆرکوسوز
هەژاری بەرۆکی خەڵکی ئەنقەرەی گرتووە
بەگوێرەى ئامارێک، لە کۆی حەوت کەس لە دانیشتوانی ئەنقەرە، یەکیان بەهۆی هەژارییەوە هاوکاری لە شارەوانییەکان وەردەگرێت.
بەگوێرەى ئامارەکە، ساڵی پار 833هەزار و 32 کەس هاوکارییان لە گەورەشارەوانی ئەنقەرە وەرگرتووە.
هاوکاری نان و گۆشت و شیر بە نزیکەى نۆ سەد ماڵ گەیەنراوە.
شارەوانی هاوکاری پێدانی غازی ماڵانی بە 679هەزار ماڵی هەژار و کەمدەرامەت گەیاندووە.
رۆژنامە فارسیەکان
ئەترەک
نرخی مۆبایل لە ئێران دابەزی
محەمەد یونسی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی دەنگ و رەنگ رایگەیاند، کە بازاڕی مۆبایل لە ئێران، وەک یەکێک لە بازاڕە ستراتیژییەکان کە پەیوەستە بە گۆڕانکارییەکانی نرخی دراو، یەکەم نیشانە ئەرێنییەکانی لە هەواڵی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا وەرگرتووە.
لە چەند رۆژی رابردوودا، بەهۆی دابەزینی نرخی دۆلارەوە، بازاڕی مۆبایل شایەتی دابەزینی نرخی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان بووە.
بەڵام یونسی هۆشداریی دا، کە ئەزموونی ئابووری وڵات نیشانی داوە گۆڕانکارییە سەرەتاییەکان زۆرجار کاتین.
سەقامگیری لە بازاڕی مۆبایلدا پێویستی بە جێگیربوونی دەستکەوتە دیپلۆماسییەکان و چارەسەری بنەڕەتی کێشەکانی سیاسەتی دەرەوە هەیە. بۆیە بەردەوامی دابەزینی نرخەکان یان جێگیربوونیان، بەندە بە ئەنجامی کۆتایی دانوستانەکان.
جیهان سەنعەت
زۆرترین رێژەی خۆکوشتن لە ئێران لەنێو ژنانی ماڵەوە بووە
زیادبوونی رێژەی خۆکوشتن لە ئێران، بەتایبەتی لەنێو ژناندا، نیشانەی بارودۆخێکی قەیراناوییە.
ژنانی ماڵەوە، پزیشکان، کرێکاران، قوتابیان و خوێندکاران لە ریزی پێشەوەی ئاماری خۆکوشتندان.
محەمەد بەتحایی، یاریدەدەری وەزیری ناوخۆ، رایگەیاندووە کە ژنان زیاتر رووبەرووی مەترسین و هۆکارەکانی وەک ئالوودەبوون، فشاری ئابووری، بێکاری، نایەکسانی رەگەزی، رێگرییە کۆمەڵایەتییەکان و نائومێدی لە داهاتوو، لە پشت ئەم دیاردەیەوەن.
کاروکارگەر
کڕین و فرۆشتنی زەوییە دارستانییەکان قەدەغەیە
بەرپرسی پاراستن و کاروباری زەوییەکان لە رێکخراوی سەرچاوە سروشتییەکان دەڵێ، کە هەر جۆرە کڕین و فرۆشتنێکی زەوییە دارستانی و نیشتمانی قەدەغە و نایاساییە.
حوسێن میر رەجەبی هۆشداریی دا لەبارەی ریکلامی کەسانی بەرژەوەندیخواز بۆ فرۆشتنی ئەم زەویانە و رایگەیاند، خەڵک دەبێت وریا بن نەکەونە داوی ئەم ریکلامانەوە.
ئەبرار
دەستڕاگەیشتن بە هەندێک پشکنینی پزیشکی لە ئێران سنووردار کراوە
تاقیگە پزیشکییەکانی ئێران رووبەرووی کێشەی زۆر بوونەتەوە، کە بووەتە هۆی سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە هەندێک پشکنینی گرنگ.
دکتۆر شەهرۆز هیمەتی، سەرۆکی کۆمەڵەی زانستە تاقیگەییەکان، دەڵێ، کە قەیرانی دراو، نەبوونی سیاسەتی پاڵپشتیکار و کەمیی پێداویستییە تایبەتمەند و پسپۆڕییەکان کە زۆربەیان هاوردەن، تاقیگەکانی ناچار کردووە هەندێک پشکنین رابگرن و ئەمەش زیان بە تەندروستیی خەڵک دەگەیەنێت.
بۆ نموونە، کیتی دەستنیشانکردنی زەخت و شێرپەنجە کەم بوونەتەوە و نزیکەی سی بۆ چوار هەزار ئامێر بێکار ماونەتەوە.
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
لەبارەى ئەتۆمەوە ئەمریکا و سعودیە نزیکبوونەتەوە لە رێککەوتن
کریس رایت وەزیری وزەى ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەى لەگەڵ سعودیە نزیکبووەتەوە بۆ واژۆکردنى رێککەوتنێک بۆ ئەوەى لە بوارى ئەتۆمدا هاوکاریی بکات، بەمەرجێک بۆ مەبەستى مەدەنى بێت.
لەکاتێکدا لەمانگی ئایاری داهاتوودا ترەمپ سەردانى سعودیە و ئیمارات و قەتەر دەکات، بەگوتەی وەزیری وزە، وردەکاریی رێککەوتنەکە دەکەوێتە ئەو کاتەى کە واژۆدەکرێت.
رایت راشیگەیاندووە سعودیە یەکێک دەبێت لەو وڵاتانەى رێگە پێدراوە لە ئەمریکا وەبەرهێنانى گەورە بکات، هەردوو وەزیری وزەش جەختیانکردووەتەوە پەیوەندییەکانى نێوان ئەمریکا و سعودیە رۆڵی سەرەکى دەگێڕێت لە دابینکردنى ئاسایشى هەردوو وڵات لە ناوەوە و دەرەوەیان.
سەباح
لە عێراق نزیکەى 75 هەزار ئۆتۆمبێل بە غاز کاردەکەن
ئەزهەر فازڵ عەبدولحسێن بەڕێوەبەرى کۆمپانیاى دابینکردن و خزمەتگوزارییەکانى غاز، لە وەزارەتى نەوتى عێراق رایگەیاند 74 هەزارو 500 ئۆتۆمبێل لە عێراقدا هەیە و 26 کارگەى تایبەت هەیە و هەشتیان لە بەغداد و ئەوانى تریان لە پارێزگاکانى ترن.
راشیگەیاند، خواست لەسەر ئۆتۆمبێلى غاز لەم ساڵانەى دواییدا زیادیکردووە لەبەر لایەنە ئابورییەکەى و تا رادەیەکیش دۆستى ژینگەیە لەچاو بەنزیندا.
ئەزهەر رایگەیاند، تا ئێستا 130 وێستگەى پڕکردنەوەى غازى ئۆتۆمبێل دامەزاوە و بڕیاریشە تا کۆتایی ئەمساڵیش 30 وێستگەى دیکەى بکرێنەوە.
گوتیشى رۆژانە نزیکەى یەک ملیۆن پێ سێجا غازیان یان بۆ دابیندەکرێت، ئەوەش کاریگەریی لەسەر کەمکردنەوەى بەکارهێنانى بەنزین دروستکردووە، گوتیشى هاوڵاتییان بەگەرمی روویان لە گۆڕینى ئۆتۆمبێلەکانیان کردووە لەبەنزینەوە بۆ غاز و لە لایەن حکومەتیشەوە بەردەوام بە نرخی پشتیوانیکراوە دابیندەکرێت.
عەرەب
تەلبڕەکانى تونس کارەبا و هێڵەکان پەیوەندیان بڕیوە
تەلى کارەبا -یان کێبڵ- بڕین لە دواى ساڵی 2011 ـەوە لە تونس بووەتە دیاردە، ئەوەش بووەتە هۆی کێشە بۆ کارەبا و ئامێرەکانى پەیوەندیکردن.
یەکەکانى پاراستن و چاودێریکردنى تەل و کێبڵە کارەباییەکانى رۆژئاواى ئەو وڵاتە رایانگەیاندووە، دوو برایان دەستگیرکردووە کە 600 مەتر تەلى کارەبایان پێبووە و بەنیازبوون لەبازاڕی رەشدا بیفرۆشن.
باسیان لەوەشکردووە ئۆتۆمبێلێکیشیان دەستگیرکردووە کە 500 کیلۆ تەلی پێبووە و ویستوویەتى بیگوازێتەوە.
بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە باندى دزینى تەل و کێبڵی کارەبا لە تونس زیادیانکردووە و سەدان باند و کەسیان لەسەر سنوورە وشکانى و ئاوییەکانى وڵاتەکەیان دەستگیرکردووە کە بەڕێژەى زۆر ویستویانە بیبەنە دەرەوەى وڵاتەکەیان لەبەر ئەوەى پارەیەکى زۆر دەکات.
دەستور
سەدر داوای خۆپیشاندان و پۆشینی کفن لە لایەنگرانی دەکات
نوسینگەى سەدر بانگەوازێکى گشتى بڵاوکردووەتەوە بۆ لیژنەکانى نوێژى هەینى لە سەرانسەرى عێراقدا و رایانگەیاندووە لە هەرپارێزگایەکدا یەک نوێژى هەینى بکەن جگە لە بەغداد کە لە هەردوو بەری کەرخ و رەسافە نوێژ بکرێت.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە هەمووتان کفنى سپی لەبەر بکەن و ئاڵاى عێراق و فەلەستین بەرزبکەنەوە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
تایمز
داوادەکرێت رێگە نەدرێت چین کەرتی پیشەسازیی بەریتانیا وێران بکات
داواکرا پیشەسازیی کەرتی پۆڵای بەریتانی بخرێتەوە سەرپپێی خۆی، ئەنجومەنی وەیزرانیش ناچاربکرێت کۆمپانیا چینییەکان لە کارکردن لە ژێرخانی ئەو پیشەسازییەدا بکاتەدەرەوە.
ناکرێت سەرمایەیەکی پیشەسازیی گەورەی بەریتانیا لەناو چینەوە ئیدارەبدرێت. حکومەت ترسی ئەوەی هەیە سیاسەتێک لەناو کەرتی پۆڵای بەریتانیدا کاربکات، کە بە مەبەستەوە بەرهەمی پۆڵای ناوخۆی بەریتانی گران بکرێت، بۆئەوەی ئەو وڵاتە ناچاربێت پۆڵا لە چینەوە بکڕێت، کە بە نرخێکی هەرزان دەیخاتە بەردەستی.
گاردیەن
هێرشی روسیا بۆسەر ئۆکراین دەیان کەسی کوشت
لە خراپترین هێرشی مووشەکیی ئەمساڵدا بۆ سەر خەڵکانی مەدەنیی ئۆکراینی. رۆژی یەکشەممە سوپای روسیا دوو موشەکی قورسی گرتووەتە شاری سوومی.
لە شوێنێکدا لە خەڵکیان داوە کە کەسانێکی بڕواداری ئاینی بەرەو کڵێسایەک رۆشتوون پەرستنی رۆژی یەکشەممە ئەنجامبدەن. لە ئەنجامدا 34 کەس کوژراون و سەد کەسی دیکەش بریندار بوون.
بەیانیی دوێنێ، دوو موشەکی بالیستیی قورس لە شوێنێکی نیشتەجێبوونی قەرەباڵغدا لە خەڵکی داوە، یەکیان بەر پاسێکی نەفەرگواستنەوە کەوتووە، بەپێشچاوی خەڵکەوە چەندان لاشە لە سەرنشینانی پاسەکە بەجێماوە، کە دووانیشیان منداڵن. موشەکەکەی دیکەش قەرەباڵەغییەکی خەڵکی کردوە بە ئامانج، کە بۆ بۆنەیەکی ئاینی کۆبوبونەوە.
هائارێتز
ئەگەری دوو رێککەوتن لەگەڵ ئێران و حەماسدا نزیکە
لەوەدەچێت لە ئێستادا نیوەی قورسایی کێشەکانی هەموو جیهان کەوتبنە سەر شانی یەک تاکەکەس، کە ئەویش ستێڤ ویتکۆفی نێردەی سەرۆک دۆناڵد ترەمپە بۆ کاروباری ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
چونکە ئەوە هەر ویتکۆفە هەوڵەکانی خۆیی خستۆتە گەڕ، دەیەوێت لەگەڵ ئێراندا لەسەر کێشەی چەکی ئەتۆمی رێکەوتن بکات و لەگەڵ حەماسیشدا دانوستاندن لەسەر گرفتی قورسی بارمتەکانی ناو غەزە بکات.
ویتکۆڤ پارێزەرێك و رێبەرێکی بواری کەرتی کڕینی خانوبەرە بوو، کەچی لە پڕێکدا گۆڕا و بوو بە دیپلۆماتکارێکی باڵا. کەوتوەتە کارکردن لەسەر کێشە قورسەکانی جیهانی ئەمڕۆی وەک شەڕی ئۆکراین و ئەتۆمیی ئێران و بارمتەکانی غەزە، کەچی سەرۆکەکەی بۆخۆی لە ئەمریکا دانیشتووە ە سەرقاڵی وێرانکردنی ئابوریی جیهانە.
گەڵف نیوز
سوریا و ئیمارات پەیوەندییەکانی نێوانیان پەرەپێدەدەن
دوێنێ شێخ محەمەد بن زاید ئالنەهیانی سەرۆکی ئیمارات پێشوازیی لە ئەحمەد ئەشەرعی سەرۆکی راگوزەری سوریا کرد و پێکەوە دیدار و گفتوگۆیەکیان ئەنجامدا.
قسەوباسەکان لەسەر پتەوکردنی پەیوندییە دوو لایەنییەکانی نێوانی هەردوو وڵاتەکە بوون، هەروەها ئاماژەیان بە پێویستیی هاریکاریکردنی نێوانی ئەو دوو وڵاتەکردووە، بە شێوەیەک کە کاری نێوانیان لە بەرژەوەندیی خەڵکی هەردوو وڵاتەکەدا بێت. دیدارەکە لە کۆشکی قەسرئەلشەتی بەڕێووەچووە لە ئیمارەتی ئەبووخەبی، سەرۆکی ئیمارات هیوای خواستووە سەرۆکی سوریا لە کارەکانیدا سەرکەوتووبێت.