کۆشکی سپی دەڵێت، ئەمریکا نایەوێت ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە باکوری رۆژئاوای سوریا (رۆژئاڤا) ببینێ، تەنانەت ئەگەر بیەوێت بەرگرى لە خۆشی بکات.
جۆن کێربی، گوتەبێژی ئاسایشی نەتەوەیی، شەوى رابردوو، 7ى کانوونى یەکەمى 2022 لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، لە چەند هەفتەی رابردوودا تورکیا تۆپباران و هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر باکوری سوریا زیاترکردووە و رایگەیاندووە، خۆی ئامادەدەکات بۆ ئەگەری هێرشی زەمینی بۆ سەر “چەکدارە” کوردەکانی سوریا، کە بە “تیرۆریست” ناویان دەهێنێت، ئەمە لەکاتێکدایە ئەو هێزانە بەشێکی زۆری هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) پێکدەهێنن و لەلایەن ئەمریکاوە پشتیوانی دەکرێن.
نامانەوێت ببینین ئۆپەراسیۆنی سەربازی هاوڵاتیانی مەدەنی زیاتر لەوەی ئێستا هەیە، بخاتە مەترسییەوە یان زیانبگەیەنێت بە سەرباز و کارمەندەکانمان لە سوریا
ئەو گوتى، نامانەوێت ببینین ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە باکوری رۆژئاوای سوریا ئەنجامبدرێت و هاوڵاتیانی مەدەنی زیاتر لەوەی ئێستا هەیە، بخاتە مەترسییەوە یان زیانبگەیەنێت بە سەرباز و کارمەندەکانمان لە سوریا یاخود ئەرکەکانمان دژی داعش بوەستێنێت.
هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) رۆژی هەینی رایگەیاند، بەهۆى بۆردومانی تورکیا بۆ سەر رۆژئا ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی دژەتیرۆری لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دیکەدا راگرتووە، بەڵام دوێنێ مەزڵوم عەبدى فەرماندەى گشتى هەسەدە دەستپێکردنەوەى تەواوەتى دەورییەکانى هەسەدە و ئەمریکاى راگەیاند.
جۆن کێربی، ئاماژەی بەوەشدا، ئەمریکا دان بەوەدا دەنێت، کە تورکیا مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات، بەتایبەتی لە دژی تیرۆر “ئێمە دان بەو مەترسییە دەنێین، کە گەلی تورکیا لەژێریدایە، بەڵام باوەڕمان بەوە نییە، کە ئەم بیرۆکەی ئۆپراسیۆنی سەربازییە لە باکوری رۆژئاوای سوریا رێگەیەکى باش بێت، کە تورکیا دەیەوێت پەناى بۆ ببات.