زووم..
مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات هەسەدە دەڵێت، ئەوان بەڕێوەبردنێکی نێوخۆییان دەوێت، ئەوەش خاڵی گفتوگۆکانیانە لەگەڵ دیمەشق، دەشڵێت، بەمزووانە پارتە سیاسییەکانی رۆژاڤا کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانی دەبەستن.
مەزڵوم عەبدی لە یەکەم چاوپێکەوتنیدا لەدوای واژۆکرنی رێککەوتنە مێژووییەکەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆکی راگوزەری سوریا لەگەڵ ماڵپەڕی مۆنیتەر باسی لەوەکرد، هەندێک لە پارتە کوردییەکان سوورن لەسەر فیدراڵی، بۆ ئەم مەبەستە کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانی دەبەستن لەپێناو دۆزینەوەی تێڕوانینی سیاسیی هاوبەش لەنێوانیاندا، دواتر شاندێکی هاوبەش پێکدەهێنن بۆ نوێنەرایەتی ناوچەکە لە دانوستان و گفتوگۆکان لەگەڵ دیمەشق.
لەبارەی کشانەوەی شەڕڤانانی یەپەگە لە گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسود لە حەلەب گوتی، ئەمە هەنگاوێکی گرنگە، سەرەتا لەبەر هۆکاری ئەمنی، بەتایبەت کە پێشتر ئاڵۆزی زۆر لەنێوان هێزەکانیاندا هەبوو، بەتایبەتی لەگەڵ سوپای نیشتمانی سوریا، گەڕەکی شێخ مەقسود بەتەواوەتی گەمارۆدرابوو، بەهۆی ئەم رێککەوتنە کاتییەوە هەتا ئەوکاتەی رێککەوتنی تەواوەتی لەگەڵ دیمەشق دەکرێت، گرژی و ئاڵۆزی لەناوچەکەدا نابێت.
لەبارەی رێککەوتنی بەنداوی تشرینیش ئاماژەی بەوەکرد، لەگەڵ دیمەشق رێککەوتوون ئیدارەی بەنداوەکە و کادرەکانی وەکو خۆیان بمێننەوە، بەڵام لەڕووی سەربازییەوە هێزەکانیان لەوێ دەکشێنەوە و ئەو شوێنانەی پێشتر هەسەدەی لێبووە، رادەستی دیمەشق دەکرێنەوە.