رۆژنامە فارسییەكان
جەهانی سەنعەت
ئاماژە سەرەتاییەكانی رێككەوتنی ئێران و ئەمریكا دەركەوتوون
گفتوگۆی ناڕاستەوخۆی نێوان ئێران و ئەمریكا بە میوانداری عومان لە مەسقەتی پایتەختی ئەو وڵاتە بەڕێوەچوو.
شاندی ئێران بە سەرۆكایەتی عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران و شاندی ئەمریكاش بە سەرۆكایەتی ستیڤ ویتكۆف نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشداربوون.
بۆ رێگرتن لە هەر هەڵەیەك لە گواستنەوەی پەیامەكان، بڕیاردرا گفتوگۆكان بەشێوەی نووسراو ئەنجامبدرێن و عراقچی رایگەیاند، بە جدی بەشداربوون و مەبەستیان گەیشتنە بە رێككەوتنێكی دادپەروەرانە.
سەرچاوەیەكیش لە شاندی ئێران رایگەیاند، رەوتی گفتوگۆكان بە گشتی باشبووە و تێیدا هەڵوێستی هەردوولا لەسەر پڕۆگرامی ئەتۆمی ئاشتیانەی ئێران و لابردنی گەمارۆ نایاساییەكان لەڕێی وەزیری دەرەوەی عومانەوە ئاڵوگۆڕكراوە و بڕیارە گفتوگۆكان هەفتەی داهاتوو بەردەوامبن بۆ بەرەوپێشچوونی زیاتر.
ئاسیا
گفتوگۆكانی عومان دەتوانێت ببێتە وەرچەرخان لە مێژووی ئابووریی ئێراندا
ئەكبەر كۆمیجانی جێگری پێشووی سەرۆكی بانكی ناوەندیی ئێران رایگەیاند، كۆبوونەوەكانی عومان لەنێوان ئێران و ئەمریكا رۆژێكی گرنگە بۆ مێژووی ئابووریی ئێران و دەتوانێت دەستپێكی وەرچەرخان بێت و دەبینن هەر ئێستاش بەهای تمەن بەرامبەر دراوە بیانییەكان بەرزبووەتەوە.
ئەكبەر كۆمیجانی لە كۆڕێكدا گوتی: ئەم كۆبوونەوەیە دەتوانێت رێگا خۆش بكات بۆ راستكردنەوەی سیاسەتەكانی دارایی و دراو.
هەروەها كۆمیجانی جەختیكردەوە، پێشمەرجی سەركەوتنی بانكی ناوەندیی لە جێبەجێكردنی سیاسەتەكانی دراو، هەماهەنگییە لەگەڵ سیاسەتەكانی دیكەی ئابووری و هیوای خواست كە ئەم گفتوگۆیانە و كۆبوونەوەكانی دواتر رێگا بۆ كەمكردنەوەی هەڵاوسان خۆشبكەن.

مەردوم سالاری
كەمئاوی دۆخێكی نالەباری بۆ پارێزگای سنە دروستكردووە
پارێزگای سنە بە سروشتە شاخاوییەكەیەوە، رووبەڕووی قەیرانی وشكەساڵی و كەمبوونەوەی بارانبارین بووەتەوە و ئەمەش نیگەرانی لەسەر دابینكردنی ئاوی خواردنەوە، كشتوكاڵ و ژینگە دروستكردووە.
بەڕێوەبەری كۆمپانیای ئاوی پارێزگاكە رایگەیاند، رێژەی بارانبارین لە سەرەتای وەرزی بارانبارینەوە تائێستا بەراورد بە تێكڕای درێژخایەن 18% كەمیكردووە.
هەرچەندە زیاتر لەنیوەی بەنداوەكانی پارێزگاكە پڕن، بەڵام زۆرێك لە سەرچاوەكان دەگوازرێنەوە بۆ پارێزگاكانی ناوەندی ئێران وەك یەزد و ئەسفەهان.
نزیكەی 92%ـی ئاوی پارێزگای سنە لە كەرتی كشتوكاڵدا بەكاردێت و پێویستە پلانی گونجاو بۆ بەرەنگاربوونەوەی وشكەساڵی دابنرێت، وەك گۆڕینی شێوازی چاندن، بەكارهێنانی رێگای نوێی ئاودێری و بەڕێوەبردنی بەكارهێنانی ئاو لە وەرزی گەرمادا.
روزگار
لە ئێران رێژەی نوێی بەكارهێنانی ئاو بۆ هەر كەسێك 130 لیترە
بەڕێوەبەری گشتیی نووسینگەی بەڕێوەبردنی بەكارهێنانی كۆمپانیای ئاو و ئاوەڕۆی ئێران رایگەیاند: رێژەی نوێی بەكارهێنانی ئاو دیاریكراوە و بەتێكڕا 130 لیترە بۆ هەر كەسێك لە شەو و رۆژێكدا، ئەمە لەكاتێكدایە كە رێژەی ساڵی رابردوو 150 لیتر بوو.
بەگوێرەی ئامارەكانی ساڵی رابردوو، 52 ٪ـی یەكەكانی نیشتەجێبوون كەمتر لە رێژەی دیاریكراو و ٤٨٪ـیش زیاتر لە رێژەكە ئاویان بەكارهێناوە.
لەئێستادا تێكڕای بەكارهێنانی ئاو بۆ هەر ئێرانییەك 195 لیترە لە شەو و رۆژێكدا كە زۆر زیاترە لە رێژە نوێیە دیاریكراوەكە كە 130 لیترە.
رۆژنامە عەرەبییەكان
شەرقلئەوسەت
لە یەمەن منداڵ و مێردمنداڵان دەبرێنە كەمپی راهێنانی حوسییەكان
سەرچاوەیەكی ناوخۆیی یەمەن بە رۆژنامەی سەرقلئەوسەتی راگەیاندووە، ماوەی چەند رۆژێكە تەنها لە پارێزگای زومار هەشت منداڵ و مێردمنداڵ كە تەمەنیان لەنێوان 10 بۆ 20 ساڵیدایە دیارنەماون و كەسوكاریان دڵنیان دەستی حوسییەكانی تێدایە.
چالاكوانانی مەدەنی پارێزگاكەش باس لەوەدەكەن، ماوەیەكە دیاردەی لەخشتەبردن و دیارنەمان و راكردنی منداڵان لە خێزانەكان لەلایەن حوسییەكانەوە سەریهەڵداوەتەوە.
باسیان لەوەشكردووە، ئەو كەسانە دەبرێنە كەمپە سەربازییەكان و لەوێ مێشكیان دەشۆرنەوە و بیروباوەڕی توندڕەویی خۆیانیان فێردەكەن و رایاندەهێنن لەسەر توندوتیژیی لەژێر ناو و دروشمی ئاینیی و سیاسییدا و یەكێك لەوانەش پشتیوانی فەڵەستینە.
رۆژنامەكە لەزاری كەسوكاری منداڵە دیارنەماوەكانەوە دەڵێ، ماڵی واهەیە پێنج منداڵیان دیارنەماوە، هەیانە لە سێ ساڵییەوە دزراوە، هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە خەڵك خۆیستانە چەك بۆ حوسییەكان هەڵناگرێت، ئەوانیش ناچاربوون پەنا بۆ ئەو كارە نایاسایی و نامرۆییانە بەرن.
سەباح
سبەینێ لە زانكۆی بابل كۆنگرەیەك بۆ رووبەڕووبوونەوەی توندڕەویی بەڕێوەدەچێت
دكتۆر ئەمین ئەلیاسری سەرۆكی زانكۆی بابل بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاندووە، هەموو ئامادەكارییەكان بۆ كۆنگرەی تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی توندڕەوی تەواوبوون كە بڕیارە سبەینێ بە دروشمی (گفتوگۆ بەرەو ئاشتییەكی بەردەوام) بەڕێوەبچێت.
راشیگەیاند، كۆنگرەكە پێشنیاز و سەرنجەكانی دەدات بە بڕیاربەدەستانی عێراق بۆ ئەوەی رێگریی بكرێت لە دیاردەكە.
هەروەها كۆنگرەكە جەختدەكاتەوە لەسەر رۆڵی گەنجان لە كۆمەڵگەدا و چۆنیەتی هاندانیان بۆ پەرەپێدانی ئاشتی و پێكەوەژیان و بیركردنەوەی میانڕەویانە و چۆنیەتی بەكارهێنانی تەكنۆلۆژیا لەو بوارەدا.
ئاماژەی بەوەشكرد، كۆنگرەكە شرۆڤەی پێشكەوتنەكان دەكات لەگەڵ كاریگەرییان لەسەر توندڕەویی، گوتیشی دیاردەكە پێویستی بە تۆڕێكی فراوانی گشتگیر هەیە بۆ ئەوەی هەمووان پێكەوە لەدژی توندڕەویی بوەستنەوە.
زەمان
بۆ وەرگرتنی كچان و ژنانی ئێزدی لە زانكۆكان مەرجی تەمەن لابرا
ئیڤان فایەق وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، حكومەت رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر تایبەتمەندی بۆ ژنانی ئێزدی رزگاربووی دەستی داعش بۆ وەرگرتنیان لە زانكۆ و پەیمانگاكان و خوێندنی باڵا و رێنمایی تەمەنیان بۆ لابراوە لەگەڵ پێدانی 10 نمرە بۆ سەر كۆی نمرەكانیان.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو هەنگاوە لەپێناو پاراستنی دادپەروەریی و قەرەبووكردنەوەی ئەو ستەمە گەورەیەیە كە بەرامبەریان كراوە، راشیگەیاندووە ئەم هەنگاوە یەكێكە لە هۆكارەكانی كەمكردنەوەی زەبری دەروونی لەسەریان و تێكەڵكردنەوەیان بە كۆمەڵگە.
دەستور
لەچەند رۆژی دهاتوودا وەزیری نەوتی ئێران سەردانی عێراق دەكات
موحسین پاك نەژاد وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاند، لەچەند رۆژی داهاتوودا لەسەر داوای فەرمی زیاد عەلی فازڵ وەزیری كارەبای عێراق سەردانی ئەو وڵاتە دەكات و پێكەوە باس لە پەیوەندیی و هاوكاریی هەردوولا دەكەن و پلان بۆ داهاتووی پەیوەندییەكانیان دادەنێن.
راشیگەیاند، پەیوەندییەكانی هەردوو وڵات لە بواری وزەدا بەردەوامە و پڕۆژەكانیان رانەوەستاوە.
هەروەها وەزیری نەوتی ئێران ئاماژەی بەوەشكردووە، پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات لە بوارەكانی نەوت و غاز و پترۆكیمیاویی و كارەبادا بەردەوامییان هەیە، جەختیشیكردووەتەوە، ئێران هەموو ئامادەییەكی تێدایە هاوكاریی بەردەوامی وڵاتە دراوسێكانی بكات بەتایبەتی عێراق كە لەچەندین لاوە پێكەوە گرێدراون.
رۆژنامە توركییەكان
ئەڤرەنسەل
لە رۆژێكدا لە توركیا و باكووری كوردستان چوار ژن كوژران
دیاردەی ژن كوشتن لە رۆژەڤی توركیا دانابڕێت و لە دوا قوربانیدا لە رۆژێكدا لە چوار پارێزگای توركیا و باكووری كوردستان چوار ژن بەدەستی پیاوان كوژران و دوو ژنی دیكەش بە چەقۆ برینداركران.
دووان لەو ژنانەی كراونەتە ئامانج لەلایەن پیاوانەوە لە ئیستەنبوڵ بوون و یەكێكی دیكەش لە مەلەتی باكووری كوردستان و ژنێكی دیكەش لە پارێزگای قۆنیە بووە.
یەنی شەفەق
مێتا 600 هەزار نامەی پەیامی كۆمەڵایەتییەكان لە توركیا سانسۆر كردووە
كۆمپانیای مێتا لەسەرتاسەری جیهان، 39 ملیۆن پەیامی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی وەك وەتسئاپ، ئینستاگرام، فەیسبووك سانسۆر كردووە لەوانەش شەش سەد هەزار نامەیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی توركیا بووە.
بەگوێرەی هەواڵەكە، تەواوی ئەو پەیامانەی كە سانسۆر خراوەتە سەریان ئەو پەیام و نامانە بوون كە بۆ پشتیوانی غەزە بوون. هەروەها مێتا لە ماوەی 30 چركەدا ئەو پەیامانە دەسڕێتەوە بە پاساوی پشتیوانی لە تیرۆر.
حوڕییەت
لە ئەڵمانیا قەیرانی شاورمەی توركیی سەریهەڵداوە
ساڵی رابردوو فیدراسیۆنی دۆنەر لە ئیستەنبوڵ بۆ براندكردنی شاورمەی توركیی و كەرەستەكانی ئامادەكردنی شاورمە داواكاری بۆ خاوەندارێتی پێشكەش بە كۆمسیۆنی ئەوروپا كرد، لە ئەگەری وەڵامی ئەرێنی كۆمسیۆنی یەكێتی ئەوروپا بۆ داواكارییەكەی توركیا، قەیرانی شاورمە لە ئەڵمانیا دروستدەبێت بەوەی چیتر رێگە نادرێت گیراوەی خۆشكردنی دۆنەری توركی لە ئەڵمانیا بەكاربهێنرێت، بەمەش قەیرانی شاورمە لە شەست هەزار دووكانی شاورمە لە ئەڵمانیا دروستدەكات.
قەرار
دەم پارتی داوای یاسای لێبوردەیی بۆ ئۆجالان دەكات
لەپاش سەردانەكەی شاندی ئیمراڵی بۆ لای سەرۆككۆمار، بڕیارە شاندەكە سەردانی وەزیری دادی توركیا بكەن بە ئامانجی هەمواركردنەوەی یاسایەكی تایبەت بە رەوشی زیندانی عەبدوڵا ئۆجالان سەرۆكی پەكەكە كە بە مافی ئومێد ناسراوە.
مافی ئومێد لەلایەن دادگای مافەكانی مرۆڤی ئەوروپاوە بۆ توركیا پێشنیازكراوە كە تایبەت بەو زیندانیانەی تەمەنیان بەساڵاچووە بۆ ئەوەی رەوشی زیندانیان باشتربكرێت یاخود بگوازرێنەوە بۆ ناو زیندانی ماڵ.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان

دەیلی تەلەگراف
هێرشێکی تیرۆریستی لە زیندانێکی مانچستەر روویدا
هاشم عوبەیدی بە رشتنی زەیتی گەرم و پاشانیش بە چەقۆ، پەلاماری سێ پاسەوانی زیندانەکەی داوە.
پۆلیسی بنەبڕکردنی تیرۆر لە مانچستەر دەستیکردووە بە لێکۆڵینەوە لە رووداوێک، کە تیرۆریستێک لەنێو زیندانێکی مانچستەردا پەلاماری سێ پاسەوانی داوە.
رۆژی شەممە لە زیندانی فرانکلاندی شاری دوورهام، زیندانییەک بە ناوی هاشم عوبەیدی پەلاماری سێ پاسەوانی داوە، دووانیان بە خراپی برینداربوون. ئەم هێرشەی ئەنجامدراوە، بووە بە پاڵنەرێک بۆئەوەی پرس لەسەر رەوشی ئەمنیی زیندانەکانی بەریتانیا دروستببێت.
عوبەیدی کەسێکە تۆمەتی ئەنجامدانی تەقینەوەکەی ئەرینای مانچستەری بەسەردا ساغبووەتەوە، کە تێیدا 22 کەس کوژران. بۆیە سزای زیندانیکردنی هەمیشەیی بەسەردا دراوە.
یەکێک لە ئەفسەرەکان برینەکەی مەترسیدارە، لەبەرئەوەی مل و دەموچاوی بە خراپی پێکراون، لەڕێگای فڕۆکەوە گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی زانکۆیی جەیمس کوک لە میدڵزبڕە، بۆئەوەی لەوێ نەشتەرگەریی خێرای بۆ بکرێت.
گاردیەن
داوا لە پەرلەمانی بەریتانیا دەکرێت پیشەسازی پۆڵا لە قەیران دەربازبکات
سێر کێیە ستامەر لە هەوڵدایە دەسەڵاتی حکومەتەکەی بەسەر کایەی پیشەسازیی پۆڵای بەریتانیدا بسەپێنێت، بۆئەوەی هەوڵبدات لە دەستی خاوەنە چینییەکەی بیهێنێتە دەرەوە و بیکات بە سەرمایەیەکی نیشتمانی.
بۆ ئەم مەبەستە ئەمڕۆ پەرلەمان کۆدەبێتەوە، ستامەریش بەشداری کۆبوونەوەکە دەبێت، بڕیارە لەو گفتوگۆیەدا بڕیاربدرێت جۆناسان رینۆڵزی وەزیری پیشەسازی رابسپێردرێت، خۆی ئیدارەی کۆمپانیای پۆڵا بگرێتەدەست.
هەرهێندەی کڕینەوەی کۆمپانیاکە کرا بە یاسایی، راستەوخۆ وەزیری پیشەسازی داوا لە کۆمپانیاکە دەکات کەرەستەی خاوی پێویست بکڕن، بۆئەوەی دوو فڕنی گەورەی تواندنەوەی لەکارکەوتوو بخەنەوەکار، تێچووی کڕینەکەی لە پارەی باجی کۆکراوە دەدرێت. خاوەنی ئێستای کۆمپانیاکە دەڵێت لە ئێستادا رەوشی کاری کارگەکەی خراپە، بۆ هەر رۆژێک نزیکی 700 هەزار پاوەند زیانی بەردەکەوێت.
وۆڵ ستریت جۆرنەڵ
ئابووریی جیهان چەند گۆڕانکاریییەکی بەپەلە بەخۆوەدەبینێت
چەندین وڵاتی جیهان لەپێناو پاراستنی ئابوورییەکانیان هەنگاوی گەورە دەنێن، هەموو دەیانەوێت ئامادەکاری بکەن بۆ قەیرانێک کە بەهۆی ئاڵۆزبوونی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوانی ئەمریکا و چینەوە دروستببێت.
بانکە ناوەندییەکانی هیندستان، نیوزیلەندە و فلیپین لەم هەفتەیەدا رێژەی سوودەکانیان دابەزاند، وا چاوەڕواندەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا چەند وڵاتێکی دیکەش هەمان هەنگاو بنێن.
کۆریای باشوور پاکێجێکی چەند ملیار دۆلاری ئامادەکردووە، بۆئەوەی وەک بودجەی فریاگوزاری بۆ رەوشی نائاسایی سوودی لێببینێت، رەنگە لە کایەی پیشەسازیی ئۆتۆمبێلدا پێویستی بەو بودجەیە هەبێت.
عەرەب نیوز
گفتوگۆکانی عومان لەنێوان ئێران و ئەمریکا بەرهەمداربوون
رۆژی شەممە ئێران و ئەمریکا لە عومان گفتوگۆیەکی بەرهەمداریان ئەنجامدا، هەردوولا هاوڕابوون لە هەفتەی ئایندەدا گفتوگۆکانیان درێژەپێبدەن. تاران دەڵێت ئامانج لە گفتوگۆکان ئەنجامدانی پێداچوونەوەبوو بە بەرنامە ئەتۆمییەکانی.
لە پاش گفتوگۆکانەوە عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران بە تەلەفیزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەی گووت: بە بۆچوونی من زۆر نزیکین لەوەی بنەمایەک بۆ گفتوگۆکانی داهاتووش دابنێین، بۆئەوەی لە هەفتەی ئایندەدا لەسەر بناغەی ئەو گفتوگۆیانە گەڕێکی دیکەی دانوستاندن دەستپێبکەینەوە، لەوێوە ئیدی گفتوگۆکردنی راستەقینەی نێوانمان دەستپێدەکات.