32
بەهۆى رەفتارێکەوە لە یارییەکەى بەرامبەر زەورا، پیتەر گۆرگیسى یاریزانى دهۆک بۆ یارییەک راگیرا.
لیژنەى رێکارى و سزادان لە یەکێتى تۆپى پێى عێراق رایگەیاند، پیتەر گۆرگیسى یاریزانى یانەى دهۆکى بە راگیران بۆ یەک یارى و بە پێبژاردنى دوو ملیۆن دینار سزاداوە.
لیژنەى ناوبراو روونیکردووەتەوە، دواى سەیرکردنەوەى ڤیدیۆى یارییەکەى دهۆک و زەورا لە خولى ئەستێرەکانى عێراق، پیتەر گۆرگیس بە هەردوو دەستى ئاماژە بە ژماردنى پارە دەکات بەرەو رووى هاندەرانى زەورا، کە ئەمەش سەرپێچى رێساکانە و وروژاندنى هاندەرانى بەرامبەرە.
لیژنەکە ئاماژەى بەوەشکردووە، بڕیارەکە بە کۆدەنگی دەرچووە و جێگەی تانەدانە، واتە یانەى دهۆک دەتوانێت پەڵپ لە بڕیارەکە بدات.
بەم بڕیارە، پیتەر گۆرگیس بەشدارى یارى داهاتووى یانەکەى لە خولى ئەستێرەکانى عێراق ناکات.