زووم…
وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، قەدەغەی سەر هاوردەی تەماتەی هەڵگرت، گوتەبێژی عەلوەی سلێمانیش رایگەیاند، لەدوای بڕیارەکەوە نرخی تەماتە لە عەلوەکان بەڕێژەی لەسەدا پەنجا دابەزیوە.
هیوا عەلی گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە زوومی گوت، پابەندی بڕیاری حکومەتی عێراق دەبن بۆ لابردنی قەدەغەی سەر هاوردەی تەماتە و داوایان لە بازرگانەکان کردووە دەتوانن لە دەرەوە تەماتە هاوردەی هەرێم بکەن.
هاوکات بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، دوێنێ بۆ هەڵگرتنی قەدەغە لەسەر بەرهەمی تەماتەی هاوردەکراو لە دەرەوە، نوسراوێکی ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی و بەڕێوەبەرایەتی گومرگ کردووە و دەڵێت، دوای بەدواداچوونیان لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان بۆیان دەرکەوتووە بەرهەمی تەماتە لە بازاڕەکاندا کەمبووەتەوە، بۆیە بڕیاریانداوە بەهەڵگرتنی باج و قەدەغە لەسەر هاوردەی تەماتە لە دەرەوە و رێکاری پێویست لەو بارەیەوە بگرنەبەر.