زووم..
سەرچاوەیەک لە هۆبەی خانەنشینی وەزارەتی پێشمەرگە بەزوومی گوت، تەواوکردنی مامەڵەی خانەنشینانی ساڵی 2025 راگیراوە، چونکە وەزارەتی پێشمەرگە نایەوێت خانەنشینی سەربازی بەگوێرەی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو بێت کە فەرمانبەرانی شارستانی لە رێگەیەوە خانەنشین دەکرێت، بەڵکو وەزارەت دەیەوێت بە گوێرەی رێنماییە کۆنەکان بێت، چونکە ئەگەر وانەبێت خانەنشینانی سەربازی زیانی زۆر دەکەن و مووچەکانیان کەمدەبێت.
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، هەموو ئەو ئەفسەر و پێشمەرگانەی پێش ساڵی 2025 خانەنشینبوون مامەڵەکانیان بەگوێرەی رێنماییە کۆنەکان بۆ کراوە، بەڵام بەرپرسانی وەزارەت ئاگاداریان کردوون مامەڵەی خانەنشینای ساڵی 2025 رابگیرێت، تاوەکو ئەوکاتەی بابەتەکە یەکلایی دەکرێتەوە، چونکە لە ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت، کە ئایا هاوشێوەی ساڵی پێشووتر مامەڵەیان بۆ بکرێت یان بەگوێرەی رێنماییە تازەکان، بەڵام قسەی وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەیە کە وەزارەتەکە یاسایی خانەنشینی یەکگرتووی عێراق نەیگرێتەوە و هاوشێوەی خانەنشینانی شارستانی مامەڵەیان بۆ نەکرێت.
سەبارەت بە خەرجکردنی پاداشتی خانەنشینی هێزەکانی پێشمەرگەش، دەڵێن خانەنشینانی 2020 تاوەکو 2025 هیچ پاداشتێکی خانەنشینییان وەرنەگرتووە و داوایانکرد بەدواچوونیان بۆ بکەن.
ئەو بەرپرسەی هۆبەی خانەنشینی وەزارەتی پێشمەرگە گوتیشی، مامەڵەی هەموو ئەو خانەنشینانەیان ناردووەتە سەرۆکایەتی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران، کە لەم ساڵانە خانەنشینبوون و بڕیاردراوە بە چەند قۆناغێک پاداشتەکەیان پێبدرێت و کارەکان تەواوکراون تەنها خەرجکردنی پارەکە ماوە. ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوانەی ساڵێک زووتر خانەنشینکرابن زووتر پاداشتەکە وەردەگرن، واتە ئەوانەی ساڵی 2020 خانەنشینکرابن پێش ئەوانە پاداشتەکە وەردەگرن کە ساڵی 2021 خانەشینکراون