زووم..
لوقمان ئەحمی ئەندامی کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنگرەی نیشتمانیی کوردی لە رۆژاڤا بە ئاژانسی هاوار نیوزی گوتووە، کارەکانی بەستنی کۆنگرەی کوردی بە بەشداری تەواوی پارتەکانی رۆژاڤای کوردستان بەردەوامە و بەمزووانە کۆنگرەکە دەبەسترێت و رەشنووسێکی هاوبەش بۆ یەکڕیزی کورد رادەگەیەنرێت.
دەشڵێت، ئەنەکەسە نایەوێت بەشداری ئەو کۆنگرەیە بکات، بەڵکو دەیەوێت بەجیا لەگەڵ پەیەدە رەشنوسێکی یەکگرتوویان هەبێت، ئەوان جارێکی دیکە بانگهێشتنامەیان بۆ ئەنەکەسە ناردووە تا بەشداری کۆنگرەکە بکات، بەڵام تائێستا ئەنەکەسە وەڵامی کۆمیتەکەیانی نەداوەتەوە.
چەند رۆژێک پێش ئێستا بەدران چیا کورد راوێژکاری ئیدارەی خۆسەر بە زوومی راگەیاند، بۆ کۆنگرەی نیشتمانیی کوردی لە رۆژاڤا، گفتوگۆکان بەردەوامن و بڕیارە پێش 15ـی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت و تەواوی پارتەکان، بە ئەنەکەسەشەوە، بەشداری تێدا بکەن.