زووم، ژینەر ستار:
محەمەد سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، نەیتوانی ئەو ئامانجەی بەدی بهێنێت، کە لەسەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەکەیەوە خەونی پێوەدەبینی و دەیویست وەکو یەکەم دەستکەوتی خۆی شانازیی پێوەبکات.
سودانی: “پەلە بکرێت لە ناردنی پرۆژەیاسای بودجەی 2023”
سودانی، لە ساتی وەرگرتنی متمانەی پەرلەمانەوە، لە کۆبوونەوە و دیدارە جیاوازەکانیدا، زۆرینەی جار رستەیەکی دووبارەدەکردەوە و دەیگوت “پەلە بکرێت لە ناردنی پرۆژەیاسای بودجەی 2023″، بەڵام پێناچێت ئەمە رووبدات و پرۆژەیاساکە “بەپەلە” تەواوبکرێت، ئێستا پرسیارەکە گۆڕاوە بۆ ئەوەی: کەی تەواودەکرێت؟
لە 40 رۆژی رابردوودا حکومەت نەیتوانی پرۆژەکە بگەیەنێتە دەست پەرلەمان
سەرباری کۆبوونەوە بەردەوامەکانی حکومەت و راسپاردنی لیژنە و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، بەڵام لە 40 رۆژی رابردوودا حکومەت نەیتوانی پرۆژەکە بگەیەنێتە دەست پەرلەمان، پەرلەمانیش سبەی پێنجشەممە دەچێتە پشووەوە، بۆیە بواری ئەوە نەماوە لە کاتی یاساییدا کارەکە ئەنجامبدرێت، بۆیە ئێستا دوو ئەگەر لە ئارادایە: یان ئەوەتا کاتی زیادکراودا پەسەنددەکرێت واتە لە کاتی پشووی پەرلەماندا، یاخود یارییەکە کۆتایی دێت و ئیدی پەسەندکردنەکە دەکەوێتە ساڵی داهاتووەوە.
پەرلەمانی عێراق لە پەیڕەوە ناوخۆییەکەیدا، رۆژی 15ی تشرینی یەکەمی دیاریکردووە بۆ ئەوەی پرۆژەی بودجەی بەدەست بگات، تاوەکو دەرفەتی گونجاوی لەبەردەمدا بێت گفتوگۆی لەسەر بکات و بەر لە ساڵی تازە پەسەندی بکات، بۆیە ئێستا تاوانەکە لە ملی ئەو نییە، کە عێراق بەبێ پرۆژەیاسای بودجە بچێتە ساڵی تازەوە.
د. نەرمین مەعروف: “تازە درەنگە، پەسەندکردنی پرۆژەیاساکە دەکەوێتە ساڵی داهاتوو”
د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکیدا بۆ زووم، پێشبینیدەکات لەم چەند رۆژەی داهاتوودا پرۆژەیاساکە لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە رەوانەی پەرلەمان بکرێت، بەڵام دەشڵێت “تازە درەنگە، پەسەندکردنی پرۆژەیاساکە دەکەوێتە ساڵی داهاتوو”.
“بە هەموو ئەگەرێک پرۆژەیاساکە لەمساڵدا پەسەندناکرێت”.
پەرلەمانی عێراق مانگی رابردوو لەپێناو پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجەدا پشووەکەی خۆی دواخست و وەرزی یاسادانانی درێژکردەوە، بەڵام پێناچێت جارێکی دیکە درێژی بکەنەوە، بۆیە وەکو د. نەرمین عوسمان، پەرلەمانتارەکەی یەکێتی، دەڵێت “بە هەموو ئەگەرێک پرۆژەیاساکە لەمساڵدا پەسەندناکرێت”.
سروە عەبدولواحید پەرلەمانتاری عێراق لەسەر فراکسیۆنی نەوەی نوێ، بۆچونێکی دیکەی هەیە
هاوکات سروە عەبدولواحید پەرلەمانتاری عێراق لەسەر فراکسیۆنی نەوەی نوێ، بۆچونێکی دیکەی هەیە و بە دووری نازانێت لە ماوەی پشووی پەرلەماندا و بەر هاتنی ساڵی تازە پرۆژەیاساکە پەسەندبکرێت، ئەو دەڵێت “ئەگەر حکومەت بودجە رەوانە بکات، سەرۆکی پەرلەمان دەسەڵاتی هەیە دانیشتنی نائاسایی رابگەیەنێت و تیایدا بودجەی 2023 پەسەند بکرێت.
گەورەترین بودجە دەبێت لە مێژووی وڵاتەکەدا، پێشبینیدەکرێت بگاتە 150 بۆ 200 تریلیۆن دینار.
سەرچاوەکان کۆکن لەسەر ئەوەی بودجەی ئەمساڵی حکومەتی عێراق، گەورەترین بودجە دەبێت لە مێژووی وڵاتەکەدا، پێشبینیدەکرێت بگاتە 150 بۆ 200 تریلیۆن دینار.
بەگوێرەی زانیارییەکانی زووم، یەکێک لەو هۆکارانەی ئامادەکردنی پرۆژەیاساکەی دواخستووە، داواکارییە زۆرەکانی پارێزگا و وەزارەتەکانی عێراق بوون، کە هەریەکەیان بە جیا داوای پشکی خۆیان کردووە، ئەمە وایکردووە لیژنە تایبەتمەندەکان دوابکەون و نەتوانن هەموو داواکارییەکان لە رەشنووسەکەدا جێ بکەنەوە.
هێشتنەوەی پۆستی دوو وەزارەت بە بەتاڵی هۆکار بوو بۆ دواکەوتنی پرۆژەیاساکە.
سروە عبدولواحید، پەرلەمانتاری عێراق لەسەر فراکسیۆنی نەوەی نوێ، دوو هۆکاری دیکە بۆ دواکەوتنی پرۆژەیاسای بودجە زیاددەکات و بە زووم دەڵێت، تەواونەبوونی کابینەکەی سودانی واتە هێشتنەوەی پۆستی دوو وەزارەت بە بەتاڵی هۆکار بوو بۆ دواکەوتنی پرۆژەیاساکە.
هۆکارەکەی دیکەش پەیوەندیی بە قەبارەی بودجەکەوە هەیە، وەکوچۆن پێشبینیدەکرێت گەورەترین بێت لە مێژووی عێراقدا.