زووم..
دوای زیاتر لە هەفتەیەک لە دابەشکردنی مووچەی مانگی سێ، تائێستا مووچەی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە دابەشنەکراوە، کە ژمارەیان نزیکەی 38 هەزار مامۆستایە و مووچەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆیە.
عەلی رەوف، نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست بە زوومی گوت، هەرچەندە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە بەڵێنیان پێدراوە ئەم هەفتەیە موچەی مانگی سێیان پێ دەدرێت، بەڵام متمانەیان بە حکومەتی هەرێمی کوردستان نیە و دیار نییە کەی مووچەکەیان پێدەدرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، پیشتر بەڵێنیان پێدرابوو پێش جەژن مووچەی مامۆستایانی گرێبەست دابەشبکرێت، بەڵام بەپاساوی نەبوونی نەختینە، حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندی بەڵێنەکەی نەبوو.
مانگى ئابى ساڵی رابردوو حکومەتى هەرێمى کوردستان بە بڕیارێک نزیکەی 38 هەزار وانەبێژی وەزارەتی پەروەردەی کردە گرێبەست، مووچەی ئەو مامۆستا گرێبەستانەش لەسەر داهاتی ناوخۆیە و بڕیاربوو مانگانە لەگەڵ مامۆستایانی میلاک مووچەیان پێبدرێت، بەڵام تائێستا هیچ مانگێک لەگەڵ مامۆستایانی میلاک مووچەیان وەرنەگرتووە.