زووم..
نوێنەری پیرانشار و سەردەشت لە پەرلەمانی ئێران، رەخنەی توندی گرت سەبارەت بە داخستنی کارگەی ترێ لە سەردەشت و گواستنەوەی ئامێرەکانی بۆ پارێزگایەکی دیکە.
کەماڵ حوسێنپوور، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی ئەبرار دەڵێت، ئەم کارگەیە بۆ پشتیوانی لە باخداران و بووژاندنەوەی ئابووریی ناوچەکە دروستکرا، بەڵام تەنها دوو ساڵ دوای دەستبەکاربوون بە بیانووی کەمداهاتی داخرا و ئامێرەکانی بە شەو بۆ شارێکی دیکە گواسترانەوە، کە ئێستا هەمان کارگە لەوێ کاردەکات و قازانجیشی هەیە.
حوسێنپوور پرسیاری کرد چۆن کارگەیەک کە بۆ سەردەشت قازانجی نەبوو، ئێستا لە شوێنێکی دیکە قازانجی هەیە؟
جەختیشی کردەوە، کە بەهۆی نەبوونی ئەم کارگەیەوە، باخدارانی سەردەشت ناچارن بەرهەمەکانیان بە نرخی کەم بە بازرگانان بفرۆشن و ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی “بێبەشبوون، بێکاری و کۆچکردن” لە ناوچەکەدا.
نوێنەری پیرانشار و سەردەشت لە پەرلەمانی ئێران داوای کرد ئەگەر حکومەت نایەوێت یان ناتوانێت کارگەکە بکاتەوە، ئەوا بەگوێرەی رێوشوێنە یاساییەکان کارگەکە رادەستی خەڵکی سەردەشت بکاتەوە.