زووم..
شاری تاران بەهۆی وشکەساڵی و دابەزینی بەرچاوی ئاستی ئاوی بەنداوەکان و بەکارهێنانی بێسنوور، تووشی قەیرانێکی سەختی کەمئاوی بووەتەوە.
ئەمەش وایکردووە بیرۆکەی گواستنەوەی پایتەخت بێتە ئاراوە، بەڵام رەزا حاجی کەریم سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی تاران، بە توندی دژایەتی ئەم پلانە دەکات.
حاجی کەریم لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی خوب دەڵێت، وشکەساڵی دیاردەیەکی لەناکاو نییە، بەڵکو سیستماتیکە و دەرئەنجامی بەڕێوەبردنی نادروستە، بۆیە گواستنەوەی پایتەخت خراپترین رێگەچارەیە و تێچووەکەی نزیکەی 200 ملیار دۆلارە و ژێرخان و دانیشتووانی تارانیش پشتگوێ دەخات.
هەروەها ناوبراو لە جیاتی گواستنەوەی پایتەخت، پێشنیازی کەمکردنەوەی بەفیڕۆچوونی ئاو و بەڕێوەبردنی باشتر و کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئاو بۆ کشتوکاڵ و دروستکردنی بازاڕێکی راستەقینە بۆ ئاو بە هاندانی کەرتی تایبەت دەکات.