زووم..
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەیەکی تایبەتی لەبارەی بڕیارەکانی دۆناڵد ترەمپ دەربارەی سەپاندنی باجی گومرگی کرد، چەند هەنگاوێکی بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی ئەو بڕیارانە لەسەر بازرگانیی عێراق گەڵاڵەکردووە.
بەگوێرەی راگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، سودانی لە کۆبوونەوەکەدا گوتویەتی، دیاریکردنی ئەو رێژە بەرزەی باج بەسەر عێراق، لەسەر بنەمای جیاوازیی تەرازووی بازرگانیی عێراق و ئەمریکایە، نەک باجەکانی عێراق لەسەر کاڵای ئەمریکی.
هەروەها سودانی چوار رێگەچارەی بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی باجەکان لەسەر بازاڕەکانی عێراق باسکردووە، کە خۆیان لە مامەڵەی راستەوخۆ لەگەڵ سەرمایەدارانی ئەمریکا دەبینێتەوە، چونکە ئەمریکا لە رێی وڵاتانی دیکەوە بازرگانی لەگەڵ عێراق دەکات.
هەروەها داوایکردووە ئاسانکاری بۆ بازرگانانی ئەمریکا بکرێت، ئاژانسە بازرگانییە عێراقییەکان چالاک بکرێن.
هەریەک لە وەزارەتەکانی دەرەوە و دارایی و بازرگانیی و لایەنە پەیوەندیدارەکان لەگەڵ هاوتا ئەمریکییەکانیان دانوستان بکەن بۆ پەرەدان بە پەیوەندییە بازرگانییەکانیان.
دۆناڵد ترەمپ رۆژی چوارشەممەی رابردوو باجی گومرگی بەسەر ئەو وڵاتانەدا سەپاند کە مامەڵەی بازرگانیان لەگەڵ ئەمریکا هەیە و عێراق رێژەیەکی گەورەی بەرکەوتووە کە 39%ـیە، ئەمەش لەبەرئەوەی عێراق 78% باجی لەسەر کالای ئەمریکی داناوە. بەگوێرەی رێکارە نوییەکانی ترەمۆ، هەر وڵاتێک بەرێژەی نیوەی ئەو باجەی بەسەردا دەسەپێنرێت کە سەپاندوویەتی بەسەر کاڵای ئەمریکیدا.
هەنگاوەکەی ترەمپ ناڕەزایی گەورەی لەسەر ئاستی جیهان لێکەوتووەتەوە و بازاڕی جیهانی شڵەقاندووە، تەنها لە ماوەیەکی کەمیشدا کۆمپانیا گەورەکانی ئەمریکا پێنج ترلیۆن دۆلار لە بەهاکانیان لەدەستداوە.
ترەمپ دەڵێت، سەپاندنی باج لە ماوەی درێژخایەندا قازانج بە کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەگەیەنێت و باسی لەوە کردووە ئەم هەنگاوەی بۆ بوژانەوەی ئابووری وڵاتەکەیەتی تاوەکو هەوڵبدرێت زیاتر پشت بە بەرهەمی ناوخۆیی ببەسترێت.